قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، لە درێژەی كۆبوونەوەكانی لە ئیدارەی راپەڕین، لەگەڵ ئەندامانی بازنەی وەرزشی كەمپینی هەڵبژاردنی یەكێتی، لە ئیدارەی راپەڕین كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: هەڵبژاردنی ئەمجارە بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە چارەنووسسازە، چونكە كاتی گۆڕانكاریی ریشەیی لە شێوازی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان هاتووە و تەنها لایەنێكیش كە توانای راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی هەیە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، ئاماژەی بەوەشدا: یەكێتی بۆردێكی تایبەتی بۆ پشتیوانیكردن و پێشخستنی كەرتی وەرزش پێكهێناوە و خۆشی ئەندامی بۆردەكەیە، وتیشی: وەكچۆن لە ماوەی رابردوودا بڕیاریاندا بڕی زیاتر لە سێ ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی یاریگاكان و دابینكردنی پێداویستی بۆ یاریگاكان تەرخان بكەن، لە داهاتووشدا یەكێتی بە هەموو تواناوە بەردەوام دەبێت لە پێشخستنی كەرتی وەرزشی كوردستان.
هەروەها، قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال، لەگەڵ بازنەی هونەرمەندانی كەمپینی بانگەشەی هەڵبژاردنی یەكێتی، لە ئیدارەی راپەڕین كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: یەكێتی بە ئەركی خۆی دەزانێت لە داهاتووشدا پارێزەر و دابینكەری ئازادی بێت بۆ هونەرمەندان و هەموو توێژەكانی دیكەی كۆمەڵگە، روونیشیكردەوە: باوەڕمەندبوون بە ئازادی بۆ یەكێتی تا ئەو ئاستە گرنگە كە نەك لە ئازادی ناترسێت، بەڵكو شانازیی بەوەوە دەكات لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا، خەڵك ئازادن دژایەتی یەكێتی بكەن، شانازیی دەكات كە لەژێر دەسەڵاتی یەكێتیدا هێزی ئۆپۆزسیۆن سەرهەڵدەدات و گەشە دەكات و میدیای ئازاد سەرهەڵدەدات و گەشە دەكات.
لەلایەكی دیكەوە، قوباد تاڵەبانی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك رایگەیاندووە: وەكچۆن سەردەمی ساختەكاری لە هەڵبژاردن بەسەرچوو، زۆری نەماوە و لە دوای ئەم هەڵبژاردنەوە سەردەمی نادادپەروەری و جیاكاری و خۆسەپێنیش بەسەردەچێت، راشیگەیاندووە: لە شارەدێی شكارتەی سەربەرز و سەوزپۆشەوە و بە دەنگی ئێوە و بە سەركردایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی، كۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین و رێڕەوی حوكمڕانی راست دەكەینەوە.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش داوە: خەڵكی ئازارچەشتووی دۆڵی بالیسان لە هەمووان باشتر لە مانای غەدر و نادادپەروەری و جیاكاری تێدەگەن. پشتیوان بە خوا و بە دەنگی ئێوەی ستەملێكراو و بە سەركردایەتیی سەرۆك بافڵ، لە دوای هەڵبژاردن، كۆتایی بە هەر چەشنە غەدر و نادادی و جیاكارییەك دەهێنین.