لە كۆتا كەرنەڤاڵی لیستی 129ی یەكێتی لە هەولێری پایتەخت:

سەرۆك بافڵ: نیو سەعاتمان پێبدەن و بڕۆن دەنگ بدەن بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چوار ساڵ خزمەتتان دەكەین

09:34 - 2024-10-15
کوردستان
241 جار خوێندراوەتەوە
لەناو دڵی هەولێری پایتەخت و بە هیممەتی هەولێرییان، كۆتایی بە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەهێنین

 

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر، لە حەوتەمین و كۆتا كەرنەڤاڵی لیستی ١٢٩ -ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی، دوا پەیامی یەكێتی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن پێشكەشكرد.
 یەكێتییەك كە گەڕاوەتەوە سەر رێبازەكەی خۆی
لەسەرەتای پەیامەكەیدا سەرۆك بافڵ رایگەیاند: هەڤاڵان، كورد و كوردستان، ئەمە هەولێرە، ئەوانەی لێرە كۆبونەتەوە،  بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان خۆیان هاتوون، پێویستییان بە ئیعازی  حكومەت  نەبووە،  پێویستییان بە هەڕەشە نەبووە،  چونكە دەزانن شۆڕشێك  لەهەولێر دەستیپێكردووە‌ و بۆ پێشەوە دەیبەین كە ئەژنۆی دوژمنەكانی شكاندووە.
پاشان وتی: هەڤاڵان  ئەوەیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەوەیە ئەو یەكێتییەی خەڵكی كوردستان لێی داواكردووین،  چاوەڕێی یەكێتییەك بوون كە گەڕاوەتەوە سەر رێبازەكەی خۆی، كە رێبازی مام جەلال  دەپارێزێت، رێبازی كاك كۆسرەت و جەبار فەرمان و هەموو قارەمانەكان دەپارێزێت، ئەو یەكێتییەی كە دوژمنەكانی كوردستان هی هەر چوار پارچەکە لێی تۆقیوون.
كۆتایی  بەچی دەهێنین؟
دواتر سەرۆك بافڵ هەر لەمیانی وتارەكەیدا، وتی: پێتان دەڵێین  كۆتایی  بەچی دەهێنین،  كۆتایی  بەم نیزامە دەهێنین كە رۆژ بەرۆژ ئەم كوردستانە پیرۆزە دەبات بۆ لای سیاسەتێكی پۆلیسی، ئەم ناعەدالەتییەی هەیە لەناو ئەم حكومەتە، كە بەچاوی جیاواز سەیری ئەم خەڵكە دەكەن، ئەوەش كۆتایی پێدەهێنین،  كۆتایی بەوە دێنین كە توانای ئەوەتان نییە كەمترین شت بكەن بۆ میللەتەكەمان، ناتوانن  مووچەیان پێبدەن، كۆتایی بەوە دەهێننین، ئەو هەموو زەویەتان خوارد، ئەو هەموو گەندەڵییەتان كرد، ئەرز ماوە لە هەولێر؟!، هەموویان خوارد، ئەرزی كریستیانەكان لە موسڵ نەماوە هەموویان خوارد،  بازرگان و بزنس نەما سەرانەیان لێ نەستێنن هەموویان  دەركرد، وتیان هەولێر دەكەین بە دوبەی، هەموو  بزنسمانەکانی هەولێر شارەكەیان  جێهێشتووە لەبەر سەرانەسەندن و گەندەڵی، چوون بۆ دوبەی، ئەمەیە مەبەستمان كۆتایی بەوە دەهێنین، بەڵێ‌ دووبارەی دەكەمەوە، كۆتایی بەناعەدالەتی و گەندەڵییەكانتان دەهێنین. دواشتم بۆ ئەو برادەرانەی هێشتا تێنەگەیشتوون چی دەڕوخێنین، فێرتان دەكەین  كە ئێوە مرۆڤن، فیرعەون نین، ئەو تاكڕەوییەتان لێرەدا دەوەســتێنین بە لا إِله إِلَّا الله.
قسەیەكی تایبەتم هەیە بۆ ئەوانەی یەكێتیی نین
دواتر لە درێژەی وتارەكەیدا وتیشی:  ئەگەر مۆڵەت بدەن، قسەیەكی تایبەتم هەیە بۆ ئەوانەی یەكێتیی نین، ئەوانەی بێزاربوون لە پڕۆسەی سیاسیی لە كوردستان، بێزیان نایەت دەنگ بدەن بەهیچ لایەك، خەڵك هەیە ئەوەندە بێزار بووە لە پڕۆسەی سیاسیی لە كوردستان، چەندین هەڵبژاردنە  دەنگی نەداوە، ئەگەر راستگۆبین تاڕادەیەك  ناحەقیان نییە، چونكە هەموو شتێك وەك خۆی بووە، حزبێك هەبووە كە بە ساختەكاری و بە بەكارهێنانی كۆتا و بە (زۆمبی)، پێش ئەوەی  هەڵبژاردن بكرێت، ئەنجامەكەی دیاربووە. ئینجا بۆ ئەوانە دەنگ بدەن؟، راستگۆبین  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وەكو پێویست نەبووە بۆیان، ناحەقیان نەبووە دەنگیان پێمان نەداوە،  بەڵام ئەو هەڤاڵانەی كە دەنگ نادەن، دەمەوێ پێتان بڵێم و قسەتان بۆ بكەم،  سەیری یەكێتیی ئەمڕۆ بكەن، بە سێ ساڵ یەكێتیی چی كردووە،  بزانن لە بەغدا چەند بەهێزین، بزانن دووساڵ ‌و نیوە،  هەرچی شەڕێك تووشمان بووە ئێمە براوە بووین، دابینکەری بودجەی گشتی بەغدا ئێمە بووین، راستكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ئێمە بووین، دواتر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هاتەپێشەوە، وایانزانی وەك پێشتر دەبێت،  بەڵام ئێمە زانیمان وەك ئەوكاتانە نابێت،  بۆیە سەركەوتوو بووین ‌و لە هەموو حزبێكی تر زیاتر دەنگمان هێنا ‌و  ناردمانن  لۆ مارێ، دواتر وتیان  قەد پارێزگارێكی كورد  نابینن، بەڵام وەڵڵا كەركوك پارێزگارێكی كوردی  بینی كە هی خۆتانە  و یەكێتییە.
دەنگی ئێوە دەخوات
سەرۆك بافڵ، رووی پەیامەكەی لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان كردو، وتی: دەمەوێ پێتان بڵێم؛ ئەم هەڵبژاردنە وەك ئەوانی تر نییە، دەزانم دەنگتان نەداوە و بێزاربوون، تكاتان لێدەكەم گوێم لێبگرن، ئەمجارە ساختەكاری ناكرێت، بەڵكو دەنگی ئێوە دەخوات، ئەمجارە ئێوە دەتوانن هاوسەنگییەكە راست بكەنەوە، تاقیكراوەكانتان دەوێت یان شتێكی تازە؟، نیو سەعاتمان پێبدەن و بڕۆن دەنگ بدەن بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، چوارساڵ خزمەتتان دەكەین،  دەزانم بێزارن و تاقەتتان چووە، بەڵام متمانەتان بەمن هەبێت، ئەگەر متمانەتان  بەمن نییە متمانەتان بە یەكێتیی هەبێت، چونكە  لە كۆتاییەكەیدا یەك شتین.
 ئەو كەسانەی تاكو ئێستا دەنگیان بە هیچ كەس نەداوە، تكایە گوێم لێبگرن،  پارتی دەنگەكانی مسۆگەرە، بەترس و شەق و هەڕەشە، دەنگی پێدەدەن، هەر ئەوەیە دەنگی پارتی،  لەهەڵبژاردنی پێشوو %35 تا %38 ی خەڵك دەنگیان داوە،  بەڵام ئەمجارە ئەگەر %20 ی تر دەنگ بدات، زیاتر دادەبەزن.
كاكە بڕۆن دەنگ بدەن، ئەگەر سیقەتان بەمن نییە بە حزبێكی تری بدەن، سندوقەكان پڕبكەن  لەدەنگ  با  ئەو فیرعەونانە فێرببن.
وەکو ئەوان ناکەین
پاشان، پەیامەكەی روو لە بارزانییە راستەقینەکان و پارتییە راستەقینەكان كردو، وتی: هەڤاڵانی بارزان، پارتییە راستەقینەكان، یەك بەڵێنتان پێدەدەم، ئەگەر حكومەت لای ئێمە بێت وەكو ئەوان ناكەین، بەڵكو بەیەك چاو سەیرتان دەكەین، من هەڵەكانیان چاك دەكەمەوە، بەرنامەم نییە ئەزیەتتان بدەم، بەڵكو  وەك هەموو هاووڵاتییەكی كوردستان رێزتان لێدەگیرێت، بۆ  شەهیدی ئەملا و ئەولا جیا بێت؟!، ئەرێ ئەوانە هەموویان بۆ ئەم خاكە پیرۆزە شەهید نەبوون؟  پێتانوایە شەهیدەكانی  پارتی  و خێزانەكانیان  ئەم خاك فرۆشتنەیان بە دڵە؟!،  زۆر هەڵەن، بەو خوایە ئێوە چەند پێتان ناخۆشە ئەوان دە ئەوەندە پێیان ناخۆشە.
 وتیشی: هەڤاڵان ئەرێ وەڵڵا لۆمارێ، پارتی كورسی دادەبەزێ، دوای هەڵبژاردن یەك هەورە تریشقە لێیان دەدات لە خەویاندا شتی وایان نەبینیوە.
لەكۆتایی پەیامەكەیدا، سەرۆك بافڵ وتی: ئەمڕۆ من داواكارییەكم هەیە لێتان، من وەك هەولێرییەك قبوڵ بكەن، بافڵ هەولێری دەبێت؟ زۆر سوپاستان دەكەم.

#129

بابەتە پەیوەندیدارەکان