مامۆستایانی ئایینی و زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن
کەسایەتییە تێکۆشەرەکان
ژنان و گەنجانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە
پێشمەرگە نەبەردەکان و کارمەندان و کارمەندانی دامودەزگاکانی ئاسایش و ناوخۆ،
گوندنشین و باخەوان و جووتیارە زەحمەتکێشەکان.
ئێمە لە بەردەم ئەزموونێکی تازەداین، کە کاریگەری لەسەر ژیان و داهاتووی چوار ساڵی حوکمڕانی وڵاتەکەمان دەبێت.
هەر یەک لە ئێمە، لە ڕێگەی ئەو مافەی بۆ دەنگدان هەمانە، دەتوانین ڕۆڵێکی پێشەنگانە بگێڕین لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵاتەکەمان، بە دەنگەکانمان داهاتووی خۆمان و ڕێڕەوی ژیانی سیاسیی و ئابووریی و یاسایی کۆمەڵگەکەمان دیار بکەین.
دەنگدان پڕۆسەیەکی مەدەنیانەیە بۆ ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە خراپەوە بۆ باش و لە باشەوە بۆ باشتر. ئەوەش خەون و هیوا و ئاوات و داواکاری هەر تاکێکی بەرپرسیارە لە کۆمەڵگەدا.
ئەگەرچی سنووری پارێزگای هەڵەبجە، تەنیا سێ کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ تەرخانکراوە، کە شایستەی زیاتر لەوەیە، بەڵام لە ژمارە گرنگتر ئەوەیە، کێ نوێنەرایەتیی پارێزگاکەمان بکات لە پەرلەماندا.
بۆیە لێرەوە ڕووی داوام دەکەمە هەموو ئەو بەڕێزانەی مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگەکانیان بە فیڕۆ نەدەن. با هەموومان بەشداری لە پڕۆسەکەدا بکەین و ببینە سەرخەرو پشتیوانێکی بەهێزی ئاڵوگۆڕی مەدەنیانەی دەسەڵات لە وڵاتەکەمان.
هەروەها داواکارم لە دەنگدەرانی خۆشەویست، لە هەموو توێژەکان، لە پێناو ئاییندەیەکی باشتر و ڕاستکردنەوەی هەڵە و کەموکوڕییەکان، سەرەڕای گلەیی و ناڕەزاییەکانیان، دەنگ بدەن.
گرنگیشە لەم پڕۆسەیەدا، دەنگەکانمان بۆ کاندیدێک بێت، کە بتوانێت خزمەتی خەڵکی پارێزگاکەمان بکات. تەنیا دەنگدان بەس نیە، بەڵکو دەنگ بە کێ دەدەین بۆ ئەوەی خزمەتی سنوورەکەمان بکات، گرنگە.
کاندیدەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شیاوترینن بۆ ئەوەی متمانەیان پێ بدەین، چونکە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی دەنگ و ویژدانی زیندووی خەڵکی بەشمەینەت و قوربانیدەری سنوورەکەمان بکات.
کچ و کوڕی شەهید و تێکۆشەرە دێرینەکانی ڕێگەی ڕزگاری و ئازادی ئەمڕۆی کوردستان، لە پێشترن بۆ ئەوەی متمانەیان پێ ببەخشین.
بە دڵنیاییەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شەڕی بەدەستهێنانی ماف و خواست و داواکارییە ڕەواکانی خەڵکی هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوو دەکات. هەر بۆیە دەنگدان بە کاندیدەکانی، دەستەبەری نەفەوتانی دەنگەکانمان دەکات.
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیم
دڵسۆزتان
حەمەی حەمەسەعید
15ـی تشرینی یەکەمی 2024