پەكین ‌و مۆسكۆ رەخنە لە ناتۆ دەگرن

09:21 - 2022-07-05
جیهان
540 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) لە دواكۆبوونەوەیدا رایگەیاند، كە روسیا هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە ‌و چین-یش بۆتە ئاستەنگ لەسەر سەقامگیریی جیهان، هەریەك لە مۆسكۆ ‌و پەكین رەخنەیان لەو راگەیەنراوەی ناتۆ گرت ‌و وەڵامیان دایەوە. 
ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی روسیا رایگەیاندووە: ئەگەر فنلەندا ‌و سوید رێگە بدەن بە چوونە ناوەوەی هێزەكانی ناتۆ ‌و ژێرخانی سەربازیی بۆ ناو خاكی وڵاتەكانیان، ئەوا وڵاتەكەی بە هەمان شێوە وەڵامی دەبێت. وتیشی: پێویستە مۆسكۆ هەمان هەڕەشە بۆ سەر خاكی ئەو وڵاتانە دروست بكات، كە سەرچاوەی هەڕەشەن لە خاكی روسیا.
لای خۆشیەوە، حكومەتی پەكین ناتۆی بەوە تۆمەتبار كردووە، كە هێرش دەكاتە سەر وڵاتان ‌و بەشێوەیەكی خراپ ناویان دەزڕێنێت.
نێردەی دیپلۆماسیی چین لە یەكێتیی ئەوروپا رایگەیاندووە: ناتۆ بانگەشەی ئەوە دەكات كە وڵاتانی دیكە هەڕەشەن لەسەریان، بەڵام ئەو هاوپەیمانییە سەربازییەی ئەوروپا لە سەرتاسەی جیهاندا كێشە دروست دەكات.  
سەرچاوە: ئاژانسەكان

#ناتۆ

بابەتە پەیوەندیدارەکان