بێهۆشكاری بەشە گرنگەکەی ناوەندی تەندروستی

10:37 - 2024-10-16
ڕاپۆرت
388 جار خوێندراوەتەوە

‎‎راپۆرتی/ ئەرشەد تەحسین 

 

بێهۆشكاری بەشێكی گرنگی ناوەندی تەندروستییە و لەم بوارەدا خزمەتێكی بەرچاوی بە مرۆڤایەتی كردووە، بێهۆشكاری، بریتییە لە نەهێشتن و كەمكردنەوەی ئێش و ئازار لەڕێی نەهێشتنی هۆشەوە بە رێگەیەكی زانستیی رێكوپێك.
‎بەشێوەیەكی گشتی پڕۆسەی بێهۆشكردن كاتێك دەکرێت نەخۆش پێویستی بە وەرگرتنی پشوویەكی جەستەیی و دەروونی بێت، وەك لە یەكەی چاودێری ورد دا دەكرێت، یان کەسێک پێویستی بە نەشتەرگەری بێت وەك ئەوەی لە یەكەی نەشتەرگەریدا دەکرێت، هەر لەبەر گرنگی ئەم بەشە لە جیهاندا 16/10 بە رۆژی جیهانیی بێهۆشكاران دانراوە و ساڵانە بە چەندین چالاكی یادی دەكرێتەوە.

مێژووی بێهۆشکاری
ئەگەرچی كاری بێهۆشكاری لە جیهاندا مێژوویەكی كۆنی هەیە و بە كۆمەڵێك قۆناغی جۆراوجۆردا تێپەڕیوە تا گەیشتووە بەم شێوەیەی ئێستا هەیە، مێژووی بێهۆشكاری لە شاری سلێمانی بۆ ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، كارمەندێكی بێهۆشكاری بەناوی (مەحمود ناسراو بە خولەڕەش) ئەم كارەی کردووە و لە ساڵانی حەفتاكانیشدا كارمەندێكی دیکە بە ناوی (محەمەد مەجید)، دواتر و لە ساڵانی هەشتاكاندا چەندین پزیشکی بێهۆشكار لە سلێمانی خزمەتیان كردووە كە سەرباری كارەكەی خۆیان لەڕێی خول و راهێنانەوە چەندین كارمەندی تریان فێری كارەکە كردووە و توانیویانە لەم رووەوە خزمەت بكەن.
سەرباری ئەوەی كاری بێهۆشكاریی لە سەرەتادا سادە و ساكار بووە، بە تایبەت لە شاری سلێمانی كەسانی ئەكادیمی و دەرچووی بەشەكە كەمبوون، بەڵام پاش ئەوەی ساڵی 1998 لە پەیمانگای تەكنیكی سلێمانی بەشی بێهۆشكاری كراوەتەوە، بەشێوەیەكی ئەکادیمی ئەم زانستە خوێندرا، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر كارمەندی بێهۆشكاریی بە بڕوانامەی دبلۆم بەشەکەیان تەواو كرد و لە ناوەندە تەندروستییەكاندا جێگە دەستیان دیاربوو، تا كار گەیشتە ئەوەی ساڵی 2021 لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشی تەكنیكی بێهۆشكاری بكرێتەوە و دەرچووانی ببنە هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریۆس، هەروەها لە كەرتی تایبەتیشدا ئەم بەشە فەرامۆش نەكراوە و ساڵی 2023 لە پەیمانگای كوردستان و زانكۆی جیهان ئەم بەشە كراوەتەوە، ئەمانە تێكڕا رۆڵێكی گرنگ و بەرچاویان هەیە بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان بەشێوەیەكی زانستی و ئەكادیمی.

پێویستیی کارمەندی بێهۆشکاری
‎كەمال عەبدولڕەحمان لێپرسراوی هۆبەی بێهۆشكاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی دەڵێت: لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا و لە 16 نەخۆشخانە و سەنتەر و ناوەندی تەندروستی خزمەتگوزاری بێهۆشكاریی پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت، ئەمەش لەڕێی 99 تەختی بەشی نەشتەرگەرییەوە.
وتیشی، 34 تەختی یەكەی چاودێری وردیش كاری بێهۆشكاری تێدا دەکرێت و رۆڵێكی بەرچاویان هەیە لە گێڕانەوەی تەندروستییەکی باش بۆ هاووڵاتیان، كۆی ئەم پڕۆسانە لەلایەن 76 پزیشكی پسپۆڕی بێهۆشكاری و 34 پزیشكی نیشتەجێی دێرین و 258 كارمەندی بێهۆشكارییەوە دەکرێن.
‎لێپرسراوی هۆبەی بێهۆشكاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی وتی: 852 دەرچووی دانەمەزراویان لە بواری بێهۆشكاریدا هەیە، کە ئێستا بێكارن و بواری خزمەتكردنیان بۆ نەڕەخساوە، هەروەها 116 كارمەندیان بەشێوەی خۆبەخش لە ناوەندە جیاوازەكاندا سەرقاڵی خزمەتكردنن، لە هەمانكاتیشدا 86 كارمەندیان هەیە بەشێوەی گرێبەست كاردەكەن.
ئەوەشی خستەڕوو، ساڵانە بەهۆی خانەنشین بوونی كارمەندان و دروستبوونی بۆشایی لە ناوەندە تەندروستییەكاندا، پێویستیان بە ژمارەیەكی زۆر زیاتر لە كارمەندانی بێهۆشكاری هەیە، هەربۆیە داوای لە حكومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد لەپێناو زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان ئاوڕێكی جدی لە دامەزراندنی دەرچووە دانەمەزراوەكان بدەنەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان