هان کانگ، شایستەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی 2024

12:42 - 2024-10-17
ئەدەب و هونەر
1446 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکردنی: کەژاڵ ئەحمەد

 رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی 10ی ئوکتۆبەری 2024 ئەکادیمیای نۆبڵ لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی ساڵی 2024ی راگەیاند و خانمە نووسەری کۆریای باشوور، هان کانگی تەمەن 53 ساڵی وەک براوەی خەڵاتەکە ناساند، لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ لە بەیاننامەیەکدا وتبووی: هان کانگ کە شیعر و رۆمانەکانی بە زمانی کۆریی دەنووسێت، خەڵاتی نۆبڵی لە پای پەخشانە شیعرە چڕو پڕەکانی پێ بەخشرا کە رووبەڕووی زەبرە مێژووییەکان دەبێتەوە و پەردە لەسەر پوکانەوەی ژیانی مرۆڤایەتی لادەبات. سکرتێری هەمیشەیی ئەکادیمیای سوید، ماتس مالم وتی: لە مانگی دوانزەدا مەراسیمی وەرگرتنی خەڵاتەکە بەڕێوەدەچێت. هەروەها سەرۆکی لیژنەی نۆبڵ، ئەندرس ئولسۆن بە میدیاکارانی راگەیاند: هان کانگ نووسەری خەڵکی کۆریای باشوور 27 ی نۆڤەمبەری ساڵی 1970 لە گوانگجۆ لە کۆریای باشوور لە دایکبووە. خاوەنی توانایەکی ناوازەیە لە پەیوەندیی نێوان جەستە و رۆح، زیندووەکان و مردووەکان لە رێی شێوازە شیعریی و ئەزموونگەرییەکەیەوە.

 

 

هەڵبژاردنی هان کانگ ناوێکی تری زیادکرد بۆ لیستی ناوی ئەو ژنانەی خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە کە بەداخەوە تا ئێستا 18 ژن بەرانبەر بە 121 پیاون

هان کانگ داهێنەرە لە بواری پەخشانی هاوچەرخدا و ساڵی 2007 سەرکەوتنێکی جیهانیی لە رێی رۆمانی (رووەکیی) یەوە بەدەستهێناوە، رۆمانەکە لە سێ بەش پێکدێت کە تێیدا ژنە پاڵەوانی رۆمانەکە سزای توند دەدرێت بەهۆی رەتکردنەوەی گۆشتخواردنەوە و دەورووبەرەکەی لێی دووردەکەونەوە.
هان کانگ کاروانی ئەدەبیی خۆی لە سەرەتای نەوەدەکانەوە بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمە شیعرییەکانی دەستی پێکردووە و بە دوایدا رۆمانی (لەنگەری سوور)ی لە 1994دا بڵاوکردۆتەوە، بەڵام ناوبانگە جیهانییەکەی دواتر بەهۆی رۆمانی (رووەکیی)یەوە لە ساڵی 2007 دا بەدەستهێناوە، هەر بەهۆی ئەم رۆمانەشەوە دەبێتە براوەی خەڵاتی پۆکەری نێودەوڵەتیی لە ساڵی 2016 دا، ئەم خەڵاتە کردی بە ناوێکی دیاری بواری ئەدەبی جیهانیی. هان کانگ لە بەرهەمەکانیدا جەخت لەسەر بابەتە کاریگەرەکان دەکاتەوە، وەک جەستە، توندوتیژیی، زەبری دەروونیی، بۆ نموونە لە رۆمانی (رووەکیی)دا کە باس لە ژنێک دەکات بڕیار دەدات واز لە گۆشتخواردن بهێنێت و ببێت بە رووەکخۆر (رووەکیی)، هان کانگ گۆڕانکاریی جەستەیی و بوعدی دەروونیی بەکاردەهێنێت بۆ تیشک خستنە سەر ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە سەربەخۆیی خودیی و بەرەنگاربوونەوەی زەبروزەنگی کۆمەڵگەوە. هەروەها لە رۆمانی (کردارە مرۆییەکان)دا کە 2014 بڵاوکراوەتەوە، بیرۆکەی رۆمانەکە لە قەتلوعامی گوانگجۆوە سەرچاوەی گرتووە کە لە ساڵی 1980دا روویداوە، ئەم رۆمانە بەیەکێک لە کارە بەهێزەکانی دادەنرێت لەبەرئەوەی باسی شوێندەستی توندوتیژیی سیاسیی دەکات لەسەر تاک و کۆمەڵ، لە رێگەی نمایشکردنی رووداوە راستەقینە و پڕ لە ئازارەکانەوە. بێجگە لە خەڵاتی نۆبڵ و پۆکەر هان کانگ خەڵاتی دیکەیشی بەدەستهێناوە، لەوانە: خەڵاتی برێکس میدیسی فەڕەنسی بۆ رۆمانی ( ماڵئاوا) لە ساڵی 2021دا کە وەک چۆن یەکەم نووسەری کۆریای باشوورە خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، یەکەم نووسەری ئەو وڵاتەشە کە ئەو خەڵاتەی پێ بەخشراوە. کارەکانی ئەم نووسەرە بەرجەستەکردنی کارلێکی نێوان تاک و کۆیە لە ئەزموونی مرۆڤایەتیدا، لە توانایدایە پەخشان و شیعر لەگەڵ قووڵییەکی فەلسەفیی ئاوێتە بکات و ئەمەیش کردوویەتی بە دەنگێکی ناوازەی ئەدەبی هاوچەرخ. وێڕای ئەو خەڵاتانە ناوی هان کانگ لە لیستی رەشدایە لەگەڵ نزیکەی دەهەزار رووناکبیری وڵاتەکەی کە هەموویان تۆمەتبار کراون بە دژایەتیی کردنی سەرۆکی قۆناغێکی دیارییکراوی کۆریای باشوور کە لە ساڵانی 2013-2017 حوکمی کردووە و ئەو ژمارە زۆرە لە نووسەر و هونەرمەندی لە هەموو سودمەندبوونێک بێ بەش کردووە و چاودێرییش کراون.
هەڵبژاردنی هان کانگ ناوێکی تری زیادکرد بۆ لیستی ناوی ئەو ژنانەی خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرتووە کە بەداخەوە تا ئێستا 18 ژن بەرانبەر بە 121 پیاو خەڵاتەکەیان وەرگرتووە. یەکەم ژن کە خەڵاتەکەی وەرگرتووە نووسەری سویدیی سەلما لاگرلۆف بووە لەساڵی1909 لەکاتێکدا کە خەڵاتی نۆبڵ خۆی لە ساڵی 1901 ەوە دامەزراوە.
بە بۆچوونی من ئەو خاڵە باشانەی لە هەڵبژاردنی هان کانگدا هەن، بێجگە لە ناساندن ستایش کردنی توانا ئەدەبییەکەی، سێ خاڵن کە ئەمانەن: براوەی نۆبڵی ئەدەبیات لە 2024دا ژنە، خەڵکی ئاسیایە، یەکەم نووسەری کۆریای باشوورە ئەو خەڵاتە وەربگرێت، ئەم تایبەتمەندییانە ئومێدی ئەوە بە میللەتێکی وەک کورد دەبەخشن، لەوانە لە ئایندەدا نووسەرێکی کورد ببێتە براوەی نۆبڵ بە نوێنەرایەتیی هەموو کورد وەک چۆن نەجیب مەحفوز تاکە نووسەرێکی عەرەبە خەڵاتی نۆبڵی وەرگرتووە. خەڵاتەکە بێجگە لە بەها مەعنەوییە گەورەکەی بەهایەکی ماددیشی هەیە کە 11ملیۆن کرۆنی سویدییە واتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکی.
لە دیدارێکدا کە لەگەڵ باوکی هان کانگ کراوە کە بۆ خۆیشی نووسەرە، دەڵێت: «کچەکەم بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵەوە ئاهەنگ ناگێڕێت، بە هۆی ئەو شەڕ و ئاشووبانەی ئەمڕۆ لە جیهاندا هەن»
رۆژنامەی گاردیان بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی پۆکەرەوە ساڵی 2017 دیدارێکی خێرا و ساکاری لەگەڵ هان کانگدا کردووە، بەباشی دەزانم بۆ زیاتر ناسینی ئەم نووسەرە هەندێ لە پرسیار و وەڵامەکانی ئەو دیدارە وەربگێڕم لە عەرەبییەوە بۆ کوردیی کە ناونیشانی دیدارەکە رستەیەکی هان کانگ خۆیەتی کە دەڵێت: «ئەگەر تەندروستیم 100 % باشبووایە نەمدەتوانی ببم بە نووسەر»
ئەم رۆماننووسەی کۆریای باشوور باسی مردنی خوشکەکەی دەکات، باسی ئەوەش دەکات چۆن نەخۆشیی شەقیقە یامەتییداوە بۆئەوەی ئازارەکانی بکات بە نووسین. نوێترین رۆمانی ناوی (کتێبی سپی) یە کە باسی خەم و لەدەستدان دەکات. پەیامنێری گاردیان لە هان کانگ دەپرسێت: کتێبە نوێیەکەت باس لە چیرۆکی خوشکەکەت دەکات کە دوای دوو سەعات دوای لەدایکبوونت مردووە، چی وای لێکردیت حەزبکەیت یان هەستبکەیت دەتوانیت لەسەر ئەم بابەتە بنووسیت. لە وەڵامدا هان کانگ دەڵێت: پلانی ئەوەم دانەنابوو سەبارەت بە خوشکەکەم بنووسم، لەگەڵ دایک و باوکێکدا ژیاوم کە نەیاندەتوانیی لەیادی بکەن، ئەوکاتەی رۆمانی (کردارە مرۆییەکان)م دەنووسیی، رستەیەک هەبوو لە گفتوگۆیەکدا ئەمەبوو «مەمرە...تکایە مەمرە» بەشێوەیەکی سەیر لەلام ئاسایی بوو تەنانەت لەناو ناخما چەسپیبوە، لەناکاو بۆم دەرکەوت ئەو دەربڕینەم لە دایکمەوە وەرگرتووە کە ئەو وشانەی چەندینجار دووبارە کردۆتەوە و بە خوشکەکەمی وتووە مەمرە.
پەیامنێرەکەی گاردیان: نووسیوتە لەدایکبوون و گەورەبوونت لە جیاتی مردنی خوشکەکەت بووە، ئەمە چۆن کاری تێ کردیت لە گەورەبوونتدا؟
هان کانگ: مەسەلەکە بەتەنیا پەیوەست نەبوو بە لەدەستدانەوە، بەڵکو پەیوەستبوو بە ئاستی نرخ و بەهامانەوە، دایکم و باوکم بە من و براکەمیان دەوت، ئێوە بە شێوازێکی بەنرخ لەدایکبوون و ماوەیەکی زۆر چاوەڕوانمان کردوون، لەگەڵ ئەم قسانەیشدا خەمێک هەبوو ئاوێتەبوو بە پرسەگێڕان و هەستکردن بەوەی ژیان بەنرخە.
پەیامنێری گاردیان: بە هۆی ئازاری شەقیقەوە (سەرئێشەی توند) زۆرت ناڵاندووە، لەوکاتەوەی کچێکی گەنج بوویت، کاریگەریی ئەمە چی بوو لەسەرت؟
هان کانگ: ئازاری شەقیقە هەمیشە بە بیرم دەهێنێتەوە کە مرۆڤم، کە ئازارەکەم بۆدێت دەبێت دەستهەڵبگرم لە نووسین و خوێندنەوە و هەموو کارەکانم، وادەکات هەردەم خاکیی بم، بیرم دەخاتەوە رۆژێ لە رۆژان لاواز دەبم و نامێنم، خۆ لەوانەیە ئەگەر تەندروستییەکی باشم هەبووایە بە رێژەی 100 % نەمتوانییایە ببم بە نووسەر.
لە درێژەی دیدارەکەی گاردیاندا کە هەندێ لە پرسیار و وەڵامەکان زۆر قووڵ نین لەبەرئەوە بە وەرگێڕانی دوا پرسیار کۆتایی پێ دەهێنم، پەیامنێری گاردیان لە دوا پرسیاردا دەڵێت: رۆمانەکەت کە ناوی «رووەکیی»یە و خەڵاتی پۆکەری نێودەوڵەتیت لەپای ئەو رۆمانە وەرگرتووە، کاریگەریی خەڵاتەکە لەسەر رێچکەی کارەکانت چییە؟
هان کانگ: بەهۆی خەڵاتەکەوە بە زۆرێک لە خوێنەرەکانم و بە جەماوەرێکی فراوان گەیشتم، بەڵام دوای چەند مانگێک ویستم ژیانی تایبەتیم بەدەستبهێنمەوە، لەبەرئەوەی گرنگیی پێدانی زۆر بۆ هەمیشە باش نابێت بۆ نووسەر. مەحاڵە گرنگیی بە گرنگیی پێدانی خەڵک بدەیت و بتوانیت بەردەوامبیت لە نووسین.
بەڕاستی ئەم بۆچوونەی کۆتایی ئەم خانمە زۆر جوان و تایبەتە، بۆچوونيکە شایستەیی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتی پێ رەوا دەبینێت. لێرە بەدواوە دەمەوێت هەندێ پەیڤی کاریگەری، وتارێکی دینا عمروی پەیامنێری کۆریا نێت بۆ خوێنەری کــــــــــورد بگوازمەوە کـــــــــە خانمێکی میسرییە، سەبارەت بە هان کانگ دەڵێت: بەوپێیەی خوێنەرێکی عاشقی رۆشنبیریی کۆریم، هەردەم ویستوومە ئەدەبی کۆریی بخوێنمەوە، سەرەتایش ئەوەی بەبیرمداهات ئەوەبوو بۆ باشترین نووسەری کۆریا بگەڕێم، خۆشبەختانە هان کانگم دۆزییەوە کە باشترین نووسەری کۆریای باشوورە.ئەم نووسەرە باوکیشی رۆماننووسە و براکەشی هەر نووسەرە، خۆی نووسینی داهێنەرانەی خوێندووە لە پەیمانگەی هونەریی و حەزیشی لە وتنی گۆرانیی فۆلکلۆرییە، لە یوتیووب ڤیدیۆی گۆرانییەکی فۆلکلۆریی هەیە بە دەنگی ئەم خانمە نووسەرە.
پێم وایە هێندە بەسە بۆ ناساندنی نووسەرێکی کۆریای باشوور کە بەرلەوەی خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێ یەک دوو رۆمانی کرابوون بە کوردیی بەڵام زۆرمان لەبارەی خۆی و بەرهەمەکانییەوە نەدەزانی و لە ئەو باوەڕەشدا نەبووین خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت.

سەرچاوەکان:
 Chat GPT، بــــــي بــــي ســــي، رۆژنامەی گــــاردیان، الـــروایــــــــة نــت، كــــوريـــــــا نــت، دەزگــــای چــــاپ و پــــــــەخشی سەردەم.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان