لە دڵەوە سوپاسی بێپایانم ئاڕاستەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری، دەزگای ئاسایشی هەرێم، هێزەکانی ناوخۆ و پۆلیس لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکان، هێزەکانی دژەتیرۆر، کۆماندۆی کوردستان و ئۆپراسیۆن دەکەم بۆ بەشداریی گەرموگوڕتان لە سەرخستنی پڕۆسەی دەنگدان و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی تەندروستتر.
ئەمڕۆ ئێوەی خوشك و برای خۆشەویستم وەكچۆن هەمیشە پارێزەری ئارامی و سەقامگیری بوون، لەم قۆناغە گرنگەی هەرێمەكەشمان پێشەنگبوون لە بەرەوپێشبردنی رەوتی دیموكراسی و شانازیی بە پەرۆشیتانەوە دەكەین.
هەڤاڵانی خۆشەویستم، لە رۆژانی داهاتوودا ئەرك و بەرپرسیارێتیی گەورەتان لەسەرە و پاراستنی ئارامیی پڕۆسەكە لە ئەستۆی ئێوەیە، داواكارم بەهەمان رۆحییەت و پەرۆشیی ئەمڕۆتانەوە ئەو ئەركە گرنگە رابپەڕێنن و دڵنیاشم لەئاست چاوەڕوانییەكانمان دەبن.
دڵنیاتان دەكەم من هەمیشە برا و هاوڕێی دڵسۆزی ئێوە دەبم و داواكاریی برایانەشم ئەوەیە بەڕێگەیەكی شارستانی گوزارشت لە سەركەوتنەكانتان بكەن و وەك هەمیشە نموونەبن بۆ كوردستانەكەمان.
پێكەوە بەرەو ئایندەیەكی گەشتر، بەرەو هەرێمێكی سەقامگیرتر
برا و دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی