وتەبێژى کۆمیسیۆن: دواى 24 سەعات ئەنجامى بەرایی رادەگەیەنین

04:03 - 2024-10-20
کوردستان
367 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، دواى 24 سەعات ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردن رادەگەیەنن کە ناتوانرێت تانەى لێ بدرێت.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق رایگەیاند، لەگەڵ تەواوبوونی دەنگدان، ئامێرەکانی دەنگدان سەعات 6:00 دادەخرێن و ئەنجامەکان دەگەنە سیستمە ئەلکترۆنییەکانی نووسینگەی نیشتمانیی و پاشان پڕۆسەی ژماردنی دەنگەکان بەدەست دەستپێدەکات تاوەکو ئەنجامەکان هاوتابکرێن و لەماوەی 24 سەعاتدا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامە بەراییەکان رادەگەیەنێت کە ناتوانرێت تانەى لێ بدرێت.
وتیشی، ئەم ئەنجامانە ئەنجامی دەنگدانی تایبەت و دەنگدانی گشتییە کە لە 24 سەعاتدا رایدەگەیەنین، ئەم دەرئەنجامانە بەرایین و تانەی لێ نادرێت،  لەدوای راگەیاندنی ئەم ئەنجامانە چەند بابەتێکی دیکەی تەکنیکی و هونەری هەن تاوەکو بگەین بە ئەنجامە کۆتاییەکان، لەوانە پێداچوونەوە بە تانەکان، میکانیزمی هەژمارکردنی دەنگەکان، چونکە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عیراق، ژمارە 1ی ساڵی 1992 بەگوێرەی دەقێکی بیرکاریی نووسراوە کە دابەشکاریی هەڵبژاردن و دابەشکاریی کورسییەکانی تێدایە، بۆیە دەبێت سەرجەم ئەم بابەتانە کۆتایی بێت، ئینجا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئەنجامی کۆتایی رادەگەینێت، کە دەکرێت تانە لەم ئەنجامانە بگیرێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە دەستەی یاسایی، یاخود نووسینگەکانی هەڵبژاردنی سەر بە ئێمە لە نووسینگەی دەستە و نووسینگەی نیشتمانی، پاشان بە تانەکاندا دەچنەوە و ئەنجومەنەکە ئەنجامەکان پەسەند دەکات.

#هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان