تیمێكی ئەوروپایی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش دژ بە ئێزدییەكان

10:45 - 2022-07-05
دووتوێ
691 جار خوێندراوەتەوە

ئاوێنەی عیراق
سوید و فەرەنسا، تیمێكی هاوبەش بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی جەنگ پێكدەهێنن كە لەلایەن چەكدارانی رێكخراوی داعشەوە دژ بە ئێزدییەكان ئەنجامدران. 
بەپێی راپۆرتێك كە لەلایەن ماڵپەڕی “Middle east eye”ی ئەمریكی بڵاوكرایەوە»ئاژانسی یەكێتی ئەوروپا بۆ هاوئاهەنگی لە بواری دادپەروەریی لە تاوانەكان كە بە یورۆجست دەناسرێت، سەرپەرشتی رێكخستنی لێكۆڵینەوەكان دەكات كە ئێستا لە هەردوو وڵاتدا بەڕێوەدەچن». 
لە راپۆرتەكەدا هاتووە»ئامانجی سەرەكی تیمی كاری هاوبەش، دیاریكردنی ئەو چەكدارە بیانیانەیە كە بەشدارییان لە تاوانە نێودەوڵەتییە سەرەكییەكاندا كردووە، وەك كۆمەڵكوژی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ كە بە پلەی یەكەم لەدژی تاكەكانی كەمینەی ئێزدی لەكاتی ناكۆكییە چەكدارییەكان لە سوریا و عیراق ئەنجامدران». 
«تیمە نوێیەكە كەمتر پشت بە ئەنجامدانی چاوپێكەوتنە هەمەجۆرەكان دەبەستێت لەگەڵ هەمان ئەو قوربانیانەی گیرۆدەی دەستی رووداوە كارەساتبارەكان بوون لەسەر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئامانجی تیمی كاری نوێ‌ كورتكردنەوەی رێگەكان و هەوڵەكان و ئاسانكارییە لە ئاڵوگۆڕپێكردنی زانیارییەكان و دەستەبەركردنی بەڵگەكان بەشێوەیەكی خێراتر». 
یورۆجست پێیوایە»دامەزراندنی تیمێكی فەرەنسایی و سویدی هاوبەش، بەهایەكی زیاتری هەیە بۆ وڵاتانی تری ئەندام لە یەكێتی ئەوروپا، یان بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت كۆتایی بە حاڵەتی قوتاربوونی ئەو تیرۆریستە بیانیانە بهێنن كە تێوەگلاون لە تاوانە نێودەوڵەتییە سەرەكییەكانی وەك كۆیلایەتی یان توندوتیژی سێكسی دژ بە كۆمەڵگەی ئێزدی». 
لە تشرینی دووەمی رابردوو، دادگایەك لە ئەڵمانیا سزای زیندانی تاهەتایی سەپاند بەسەر پیاوێكی عیراقی، ئەمەش یەكەم ئەندامی رێكخراوی داعش بوو كە بە ئەنجامدانی تاوانی كۆمەڵكوژی دژ بە ئێزدییەكان تۆمەتبار بكرێت. 
لە سەرەتاوە پرۆژەی ناساندی جێنۆسایدی ئێزدییەكان بە فەرمی لەلایەن پەرلەمانی بەلجیكاوە دەستیپێكرد كە  لەڕێی دەستپێشخەرییەكی دكتۆر جۆرج دالامان پەرلەمانتاری بەلجیكی و دۆستی كورد لە پارتی  CDHی بەلجیكی و بە پاڵپشتی پارتی NVAپێشكەش كرابوو.
لە سەرەتای شوباتی 2021، لە پەرلەمانی بەلجیكا و لە لێژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیكا، پرسی قەتڵوعامكردنی ئێزدییەكان تاوتۆێكرا، دواتر پرسەكە لە دانیشتنێكی رەسمیدا لەیەن پەرلەمانی وڵاتەكەوە خرایە دەنگدانەوە. 
نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا لە پەیوەندیاندا لە گەڵ جۆرج دالامان، سوپاسی هەوڵەكانیان كرد و پشتگیری و هاوكاری حكومەتی هەرێمیشیان بۆ مەبەستی سەرخستنی پرۆژەكە راگەیاندبوو. 
دكتۆر دالامان دۆستی نزیكی كوردستانە و لە كاتە تەنگانەكاندا پشتگیری كوردستانی كردووە و چەندان جاریش سەردانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانی كردووە و ئەندامی لێژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پەرلەمانی بەلجیكایە و پێشتر ئەندامی رێكخراوی جیهانی پزیشكانی بێ سنوور بووە.
پەرلەمانی بەلجیكا لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوو، دۆسێی جینۆسایدی ئێزدییەكانی لەلایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە بە رەسمی ناساند.
فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمیش لە 3ی حوزەیرانی 2021 لەزاری دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكومەتی هەرێم لە بەلجیكا بڵاویكردەوە،»لێژنەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی پەرلەمانی فیدراڵی بەلجیكا بە تێكڕای دەنگ پرسی جێنۆسایدی هاووڵاتیانی ئێزدی بە رەسمی ناساند».
دكتۆر جۆرج دالامان، ئەندامی پەڕلەمانی بەلجیكا لە میانی كۆبوونەوەیەكەدا سوپاسی پشتگیری و هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردبوو بۆ سەرخستنی پڕۆژە یاساكە.
لە مانگی 8ی ساڵی 2014دا چەكدارانی رێكخراوی تیرۆرستی داعش هێرشیان كردە سەر ناوچەكانی سەر بە قەزای شنگال و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتی ئێزدیان كوشت و زیندەبەچاڵ كرد، بەشێكی كچەكانیشیان وەك كەنیزە برد بۆ موسڵ، بەڵام یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)ی ڕۆژئاوا بەهانایانەوە هاتن و توانیان ژمارەیەكی زۆری ئێزدییەكان رزگار بكەن و لە چیای شنگال بەرگرییەكی زۆریان كرد و دەروازەیەكیان كردەوە بۆ رزگاركردنیان بەرەو ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان،بەجینۆساید ناساندنی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی بەلجیكا، بە هەنگاوێكی گرنگ لەقەڵەمدابوو.
نێچیرڤان بازرزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان،  لە 16ی تەمموزی 2021 لە ئەكاونتی خۆی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر)  بڵاوكردبۆوە «ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییان وەك جینۆساید لە پەرلەمانی بەلجیكا هەنگاوێكی گرنگە، پێشوازیی لێدەكەم».  
سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیوای خواستبوو ‌پەرلەمانی وڵاتانی د‌یكەش هەنگاوی هاوشێوە هەڵبنێن، تا ببێتە هاندەرێك بۆ قەرەبووكردنەوە و گێڕانەوەی مافی خوشك و برایانی ئێزدی و بەدیهێنانی دادپەروەریی بۆ قوربانیان». 

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان