نەجات رۆستی، مامۆستای راگەیاندن لە دیدارێکدا بۆ کوردستانی نوێ :

فۆرمی وەرگرتن لە بەشی راگەیاندن مەرجەکانی قورستر بکرێت

11:24 - 2024-10-21
دیدار
77 جار خوێندراوەتەوە

ئا: لاپەڕەی خوێندنی باڵا

نەجات رۆستی، بەڕێوەبەری رێکخراوی میدیا و مامۆستای بەشی راگەیاندن لە پەیمانگەی تەکنیکیی سلێمانی، لە دیدارێکیدا لەگەڵ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ سەبارەت بە زۆریی بەشەکانی میدیا و راگەیاندن لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان بیروبۆجوونی خۆی دەخاتەڕوو: 

* ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار بەشەکانی میدیا تەواو دەکەن بە رای تۆ کاریگەریی چییە لەسەر بواری رۆژنامەنووسی؟ 
-بەشی میدیا لە کوردستان زۆرە و ساڵانە لەشکرێک لە میدیاکار بەرهەمدێنێت، بەڵام هیچ بەرهەمیشیان نییە، بۆ نموونە لە پەیمانگەی تەکنیکی سلێمانی رەنگە 100 - 150 کەس و زیاتریش بەئێواران و بەیانییانیشەوە ئەو بەشە تەواو بکەن، بەڵام 10 کەس نابینیت بێنە ناو بوارەکەوە و کاربکەن، بەجۆرێکە میدیا و راگەیاندن بوونەتە بەشێک تەنیا بۆ وەرگرتنی بڕوانامەیە و هیچی تر.

 

لەم بەشانەدا زیاتر بە تیۆریی وانە دەخوێنرێت و وانەی پراکتیکیمان کەمە، بۆیە خوێندکارەکانمان کاتێک دەچنە دەزگایەکی راگەیاندنەوە، ئاستی پێویستیان نییە


*پێویستە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەو حاڵەتە چی بکرێت؟
- پێویستە حکومەتی هەرێم یان وەزارەتی خوێندنی باڵا جارێکی تر پلانێک دابڕێژێنەوە، چونکە ئەو هەموو بەشانەدا بەڕاستی زیادەن، بە هەر چوار پارێزگاکە هەریەکەی دوو بۆ سێ بەشی راگەیاندنیان هەیە بە پەیمانگەشەوە وەک زانکۆی سلێمانی و پۆلیتەکنیک بەشی راگەیاندنیان هەیە جگە لە پەیمانگە، هەروەها لە هەولێریش بەهەمانشێوەیە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو هەموو خوێندکارە ئەو بەشانە تەواو دەکەن و بەرهەمیشیان نییە. واتا حکومەت ئەو هەموو خەرجییە لەو بەشانە سەرف دەکات، بەڵام دەبینین زۆربەی بەرهەمی نییە، بۆیە من هیوادارم فۆرمی وەرگرتن لە بەشی راگەیاندن مەرجەکانی قورستر بکرێت وەک جاری جاران هەروا ئاسان نەبێت و تەنیا بۆ وەرگرتنی بڕوانامە بێت.

*بە رای تۆ چی بکرێتە مەرج بۆ وەرگرتن لەو بەشە؟
- بەرای من بەجۆرێک بێت ئەو بەشە جیابکرێتەوە لە بەشەکانی تر، چونکە بەڕاستی بەشی راگەیاندن بەشێکی زۆر تایبەتە، پێویستە نەچێتە وەرگرتنی قبووڵ مەرکەزییەوە، بەڵکو شێوازی وەرگرتن لەو بەشە تایبەتمەندیی بدرێتێ و بکرێتە خواست، لەبەرئەوەی کەسێک خواستی لەسەر ئەو بەشە نەبێت ناشبێتە رۆژنامەنووس.
ئەمساڵیش کە من باس لەبەشەکەی خۆمان بکەم، راستە کۆمەڵێک خەڵکی باش دەرچوون نزیکەی 130 کەس دەبن، بەڵام بەداخەوە (10 - 5) کەسی دەبن بە رۆژنامەنووس. بۆ نموونە هەیە دێت دەڵێت: من تەنیا هاتووم بڕوانامەکە وەربگرم و هیچی تر.

*دیارترین کێشەی خوێندن لە بەشی راگەیاندن کە رێگربێت لەبەردەم خوێندکار، بۆئەوەی ببێتە رۆژنامەنووس چییە؟
- بە داخەوە لەم بەشانەدا لە کوردستان زیاتر بە تیۆری وانە دەخوێنرێت و وانەی پراکتیکیمان کەمە، بۆیە خوێندکارەکانمان کاتێک دەچنە دەزگایەکی راگەیاندنەوە ئاستی پێویستیان بۆ ئەو کارە نییە.
لە کاتێکدا ئەو دوو مانگەی تێیدا لە دەزگایەکی راگەیاندن راهێنان دەکەن، بە هێندەی دوو ساڵەکەی پەیمانگە و چوار ساڵەکەی زانکۆ گرنگە و کاریگەریی هەیە لەسەر خوێندکار، بەداخەوە دەڵێم لەکاتی خوێندندا زیاتر گرنگیی بە تیۆری دەدرێت، ئەمە لە کاتێکدا وەک زانراوە خوێندن بە تیۆریی وەک ئەوە نییە کە بە پراکتیکی فێری دەبیت.    

بابەتە پەیوەندیدارەکان