*لە هەولێری پایتەخت هێزی دووەمە و لە هەموو ناوچەکان دەنگەکانی زیادیانکردووە و لە هەندێ ناوچە دەنگەکانی 100 ٪ و زیاتر هەڵکشاون

״یەكـێـتی، لە هەموو سنوورێکدا، دەنگی زۆرتری بەدەستهێناوە و لە زۆربەی ناوچەکاندا، دەنگەكانی 100 % زیادیانكردووە״

11:36 - 2024-10-21
کوردستان
255 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ کوردستانی نوێ


دوێنێ 20/10/2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەر چوار پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە بەڕێوەچوو، کە تێیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە لیستی ژمارە ١٢٩ بەشداریی کرد و بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو لە سەرتاسەری هەرێمدا زیادیانکردووە.
لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین یەكەمی بێ ركابەرە و لە هەولێر دووەمە و لە دهۆكیش دەنگەكانی بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادیانكردووە، هەروەک لە هەموو ناوچەکان دەنگەکانی زیادیانکردووە و لە زۆر ناوچەی هەرێمی كوردستاندا، دەنگەكانی بەڕێژەی  100 %  و بەرەوژوور زیادیانكردووە.
بەراورد لە نێوان 2018 - 2024
لەو رووەوە بەپێی داتاکانی هەڵبژاردنی تایبەت لە رۆژی 18/10/2024 و دوێنێ 20/10/2024، بەگوێرەی داتا و ئامارە ناڕەسمی و سەرەتاییەکان، لە سەرجەم وێستگە و بنکەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەڕووی ژمارەی دەنگ و رێژەی دەنگەکانییەوە بەراورد بە هەڵبژاردنی 2018 و 2021 لە ناوشاری سلێمانی و سەرجەم قەزا و ناحیەکانی ئەو پارێزگایە و پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و قەزای کۆیەی سەربە پارێزگای هەولێر، یەکەمی بێ رکابەرە.
ژمارە و رێژەی دەنگەکان بەرەو ژوورە
لە هەولێری پایتەختیش هێزی دووەمە و لەوبارەیەوە بازنەی هەولێری یەكێتی رایگەیاندووە: بەپێی ئەو پلانانەی كارمان لەسەركرد، دەنگەكانمان لە هەولێر 100 % زیادیانكردووە.
لە سنووری پارێزگای دهۆک و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ لە سەرجەم بنکە و وێستگەکاندا بەڕێژەیەکی زۆر دەنگەکانی زیادیانکردووە.
ئەم ئامار و داتایانەش لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیاریی راگەیەندراو لەلایەن چاودێرانی نێودەوڵەتی و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و پارت و قەوارە سیاسییەکانەوە، لە هیچ شوێنێک کە لەژێر کۆنترۆڵی یەکێتیدایە، هیچ پێشێلکارییەک لە یاسا و رێساکانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکاندا رووی نەداوە کە جێگەی باس و سەرنج بێت و پرۆسەکە بەوپەڕی هێمنی بەڕێوەچووە.
لە رووی بەشداریی خەڵکیشەوە، ئەم هەڵبژاردنە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی رابردوو بۆ پەرلەمانی عیراق و کوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاکان لە 10 ساڵی رابردوودا بە یەکەم هەڵبژاردن دەژمێردرێت لەڕووی هێمنی قۆناغی بانگەشە و رێژەی بەشداریی هاووڵاتیانەوە کە بەگشتی رێژەی (72 %)ی تێپەڕاندووە.
جۆش و خرۆش و گەڕانەوەی ئومێد
ئەم بەشداری و جۆش و خرۆشەی هاووڵاتیانیش لەلایەن چاودێرانی سیاسییەوە وەک بەشێک لە سەرکەوتنی پرۆسەکە هەژمار دەکرێت بەوەی کە هاووڵاتیان ئومێدیان بەوە پەیداکردووە کە دەنگی ئەوان دەتوانێت گۆڕانکاریی لە نەخشەی سیاسی و ئیداریی هەرێمدا بهێنێتە دی.
دیارە ئەو ئومێدەی هاووڵاتیان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە لەماوەی دووساڵی رابردوودا ململانێیەکی توند هەبوو لەنێوان ی.ن.ک و قەوارە سیاسییەکان بەگشتی لەلایەک و پ.د.ک لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بەو بۆشاییە یاساییەی لە هەرێمدا هەبوو بەهۆی پێکهاتەی زۆرینەی ساختەی پەرلەمان و یاسای هەڵبژاردنەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان هێز و لایەنەکانی خستە بەردەم دەرگایەکی داخراو، بەڵام ئەو دۆخە بە پێداگریی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و سەرکردایەتیی ی.ن.ک بۆ گۆڕینی یاساکە و هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسیی بەناوی پێکهاتەکانەوە و پاککردنەوەی لیستی دەنگدەرانەوە بە پەنابردن بۆ یاسا و دەستوور و دادگای فیدراڵی، دواجار هەم دەرگا داخراوەکەی بەردەم پرۆسەی سیاسیی کردەوە و هەم ئومێدیشی گەڕاندەوە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم کە بتوانن لەڕێی دەنگدانەوە رێڕەوی حوکمڕانیی لە هەرێمدا راستبکەنەوە.
زانیاری سەبارەت بە ئەنجامەکان
هەر لەوبارەیەوە، سەركەوت حەسەن لێپرسراوی مەڵبەندی چەمچەماڵ رایگەیاند: دەنگەكانی یەكێتی لە چەمچەماڵ، دوو هێندەی هەڵبژاردنی رابردووە.
سەبارەت بە ئیدارەی گەرمیانیش، سالار مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی گەرمیان رایگەیاند: بەناوی سەرپەرشتیاری بازنەی هەڵبژاردنی گەرمیان، شێخ ئەحمەد حەمەكەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتییەوە، سەركەوتنی یەكێتی لە گەرمیان رادەگەیەنم و وتی: یەكێتی و خەڵكی گەرمیان توانییان لە ماوەیەكی كەمدا پرۆسەیەكی ئاشتەوایی دەستپێبكەنەوە، ئەوەش دەرفەتێكی گەورەمان دەداتێ بۆ هەنگاونان بەرەو سەركەوتنی دیکە لە داهاتوودا، راشیگەیاند: یەكێتی بەراورد بە هەموو لایەنە سیاسییەكان لە گەرمیان توانیوویەتی سەركەوتنێكی بەرچاو بەدەستبهێنێت.
لای خۆشییەوە، لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی دەڵێت: بەپێی ئەنجامە بەراییەكان، دەنگی یەكێتی زۆر زیادیكردووە.
هەر سەبارەت بە ئەنجامە بەراییەکان، عومەری زێڕنگر جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕین بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەکێتی لەم ھەڵبژاردنەدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە، سەرکەوتنەکە بە جۆرێکە لە ساڵی 2021 یەکێتی نزیکەی 21 ھەزار دەنگی ھێنا، بەڵام وتارەکانی سەرۆک بافڵ و رۆڵی ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی و هەڤاڵانی دیکەی سەرپەرشتیار و ئەندامانی بازنە جیاجیاکان لە سنوورەکەدا، ئەنجامەکانی بۆ نزیکەی سێ بەرامبەر زیادکرد.
هەروەها دەڵێت: بەپێی ئەنجامە بەراییەکان یەکێتی لە راپەڕین نزیکەی 65 ھەزار دەنگی بەدەستهێناوە، ئەو دەنگانە هی سیاسەتی دروستی یەکێتییە بەرامبەر بە خەڵکی خۆی بە رابەرایەتیی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئاشتکردنەوەی خەڵکانی زویر بوو.
هەر سەبارەت بە داتاو ئامارە سەرەتاییەکانیش مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی رایگەیاند: لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دەنگەکانی یەکێتی 300 هەزار دەنگی تێپەڕاندووە و لە سنووری پارێزگای هەولێریش 100 هەزار دەنگی تێپەڕاند.
هەروەک مەکتەبی هەڵبژاردن رایگەیاندووە کە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دەنگەکانی یەکێتی 21 هەزار دەنگی تێپەڕاند.

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #129 #بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان