هەوڵی پێكهێنانی حكومەت و كاندیدەكان بۆ سەرۆكایەتیی كابینەی نوێ‌

10:49 - 2022-07-05
دووتوێ
413 جار خوێندراوەتەوە
چوارچێوەی هاوئاهەنگی كاندیدەكان بۆ سەرۆكایەتی حكومەت دیاریی دەكات

ئاوێنەی عیراق

هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت بەردەوامن، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگاداریش لە لێدوانێكیدا بۆ میدیاكان رایدەگەیەنێت»یەكێك لە هێزە كاریگەرەكان لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، عەلی عەللاوی وەزیری دارایی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی داهاتوو كاندید دەكات، وەك كەسێتییەكی سەربەخۆ كە شارەزاییەكی سیاسی و دارایی گەورەی هەیە لە وڵاتدا». 

كاندیدە سەرەكییەكان
سەرچاوەكە دەڵێت»كاندیدكردنەكە لەگەڵ ئاراستەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا دەگونجێت، بەرەو پێكهێنانی حكومەتی سەربەخۆكان، لە سایەی پەسەندكردنێكی مەبدەئی لەلایەن خودی عەللاوییەوە». 
سەدر لە 12ی حوزەیرانی 2022، داوای لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەردی كرد، نامەی دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان رادەستی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن، سوپاسی هاوبەشەكانیشی كرد لە هاوپەیمانی «رزگاركردنی نیشتمان»، دوای چەند كاتژمێرێكیش لە بڕیارەكەی سەدر، حەلبوسی لە میدیاكاندا دەركەوت كە ئیمزا لەسەر نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی سەدری دەكات. 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، جینین پلاسخارت نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عیراق، لە مانگی رابردوودا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، راپۆرتێكی وردی لەبارەی رەوشی عیراقەوە پێشكەش كرد و رایگەیاندبوو»عیراقییەكان تائێستاش چاوەڕوانی توێژێكی سیاسی دەكەن كە لە بری خۆسەرقاڵكردن بە شەڕی دەسەڵات كە نەریتێكی ماوەبەسەرچووە، قۆڵی لێهەڵبماڵێت بۆ هێنانەدی لیستێكی دووردرێژی ئەو ئامانجانەی تائێستا بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، ئاماژەی بە پڕۆسەی سیاسی ئێستای عیراقیش كردبوو كە چۆتە قۆناغی (براوە و دۆڕاو)ەوە،» سیاسییەكانیش نایانەوێت بگەنە چارەسەر و زاڵكردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان». 
لەلایەكی ترەوە، هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح لەم ماوەیەی دواییدا هەوڵەكانی خستەگەڕ بۆ رازیكردنی موقتەدا سەدر رابەری ڕەوتی سەدر، لەپێناو پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدری لە پەرلەمان، سەرچاوە ئاگادارەكانیش ژمارەیەك ناوی سیاسەتوانانیان ئاشكرا كردبوو كە دەكرێت ببنە كاندید بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو.
پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە 12ی حوزەیرانی 2022 دەستلەكاركێشانەوەی خۆیان لە پەرلەمان پێشكەش كرد، وەك بەدەنگەوەچوونی داواكاریی سەدر، دوای چەندان مانگی لەگەڕخستنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەت، بەو هۆیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی سێیەكی لەگەڕخستنی بەكارهێنا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەكان كە قسەیان بۆ میدیاكانی عیراق كردووە”عامری رەتیكردۆتەوە دەست بە وتوێژ بكرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت، تا وەڵامی كۆتایی لە سەدر وەرنەگرێت، سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدری، یان دانوستان لەسەر وەرگرتنی رەزامەندی سەدر بە حكومەتی داهاتوو، بە تایبەت كە رەوتی سەدر بە بەشێكی گرنگی پڕۆسەی سیاسی دادەنرێت و ناكرێت پشتگوێ‌ بخرێت، لایەنی دووەمیش بۆ ئەوەیە، نەبا جەماوەری رەوتی سەدر بڕژێنە سەر شەقامەكان و بە خۆپیشاندان هەر حكومەتێك لە داهاتوودا بڕوخێنن كە دەستبەكاردەبێت”.
ئەو سەرچاوانە دەڵێن”ژمارەیەك سیاسەتوان هەن وەك كاندید بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی داهاتوو ناوییان باس دەكرێت، لەوانە نوری مالیكی كە هاوپەیمانییەكەی (دەوڵەتی یاسا) پێیوایە دەبێتە گەورەترین فراكسیۆنی شیعە لەحاڵەتی سوربوونی سەدر لەسەر دەستلەكاركێشانەوە، بۆیە سەرۆكەكەیان بە باشترین كاندید دادەنێن بۆ لەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی داهاتووی عیراق، بە هەمان شێوە حەیدەر عەبادی كە لەلایەن سوننە و كوردەوە كەسێكی پەسەندكراوە، ئەسعەد عێدانی پارێزگاری بەسرەش یەكێكی ترە لە كاندیدەكان، لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی كە زیاتر لە جارێك خۆی بۆ پۆستەكە كاندیدكرد و پێدەچێت بیەوێت سەرۆكایەتی حكومەت دەستەبەربكات”.
ئەو سەرچاوانە پێیانوایە”چوارچێوەی هەماهەنگی نایەوێت سەرۆك وەزیرانی داهاتوو یەكێك لە سەركردەكانی بێت، تا شكستی حكومەتی بەسەردا نەشكێتەوە، بەتایبەت كە هەر حكومەتێك بەبێ‌ سەدر، رووبەڕووی چارەنوسێكی نادیار دەبێتەوە، ئەمەش لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بە هەند وەردەگیرێت و حیسابی بۆ دەكرێت». 

پێكهێنانی حكومەت
جەواد بوڵانی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو”لێكتێگەیشتنە سیاسییەكان ئاڵۆز یان ئەستەم نیین، گرنگی سەركەوتنی خۆی لە كارنامەی حكومەت و چاودێریكردنی ئەدای كاری حكومەتەكەدا دەبینێتەوە». 
بە وتەی بوڵانی”ئامانجی سەرەكی لەمڕۆدا، هەڵبژاردنی جۆری سەركردەكانە بۆ دامەزراوە حكومییەكان و لایەنەكانی راپەڕاندن و ناوەڕۆكی كەرتە گرنگەكان». 
سەبارەت بە وادەی پێكهێنانی حكومەتیش، ئەیوب ڕوبەیعی پەرلەمانتاری پێشووی عیراق ڕایگەیاندبوو، پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو زیاتر لە سێ‌ مانگ ناخایەنێت. 
روبەیعی لە لێدوانێكی رۆژمنامەوانیدا لە 22ی حوزەیرانی 2022 رایگەیاندبوو”دیمەنی سیاسی عیراق بە قۆناغێكی زۆر ناسكدا تێدەپەڕێت، چەقبەستنی سیاسی دیارترین خەسڵەتەكانی ماوەی ڕابردوو بوو، بەڵام لەدوای دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان، هێزە سیاسییەكان دەكەونە بەردەم قۆناغێكی تر كە هەلێكە بۆ هەنگاونان بەرەو پێشەوە، بە تایبەت كە وڵات بە چەندان تەنگژەی خنكێنەردا تێدەپەڕێت”.
بە بۆچوونی روبەیعی”پێكهێنانی حكومەتی داهاتوو، ڕەنگە سێ‌ مانگ زیاتر نەخایەنێت، گەر پشت بە سێ‌ ڕێڕەو ببەسترێت كە خۆیان لە تەوافوق و سازشكردن بۆ یەك ودانانی نەخشەڕێگەیە بۆ ئیدارەدانی وڵات دەبینێتەوە، گرنگی پێكهێنانی حكومەتیش خۆی لە چارەسەركردنی تەنگژەكاتدا دەبینێتەوە، نەك حكومەتی پشكداری كە هەڵەكانی ڕابردوو دووبارە بكاتەوە”.
پەرلەمانی عیراق دانیشتنێكی نائاسایی بۆ دەنگدان لەسەر جێگرەوەكانی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر سازكرد كە پێشتر نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردبوو.
هەر لە بارەی پێكهێنانی حكومەت و هەوڵی لایەنەكان چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، ئەوان دەبنە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی و حكومەت پێكدەهێنین و نرخی خەرجی دۆلاریش دادەبەزێنین. 
عالیە نوسەیف پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە 22ی حوزەیرانی 2022 رایگەیاند”هەوڵی پێكهێنانی حكومەت دەدەین، بەو پێیەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بووە گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانی، لەئێستاشەوە كاردەكەین بۆ ئەوەی نرخی خەرجی دۆلار بگێڕینەوە بۆ نرخی پێشووی و كۆتایی بە دژایەتیكردنی هاووڵاتی بهێنین لەرووی دەستەبەركردنی بژێوی ژیانی». 
پێشتر ئەحمەد عەوادی سەركردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاندبوو”لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پێكهێنانی حكومەت بەبێ‌ هیچ ئاستەنگێك رادەگەیەنن»، ئاماژەی بە كۆتایی هاتنی حاڵەتی چەقبەستنی سیاسیش كردبوو لەدوای دانانی جێگرەوەكان بۆ فراكسیۆنی سەدری.
بە وتەی عەوادی”هێزە سیاسییەكان چوونە قۆناغێكی سیاسی نوێوە، دوای تەواوكردنی كەمی ژمارەی پەرلەمانتاران و دەركەوتنی دەستەواژەكانی تەوافوقی سیاسی هەمەلایەنە».

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان