دەرهاویشتەكانی پاشەكشەكردنی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی

10:51 - 2022-07-05
دووتوێ
412 جار خوێندراوەتەوە
پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر لە پەرلەمان و پڕۆسەی سیاسی پاشەكشە دەكەن

ئاوێنەی عیراق

پەشیمان نابنەوە 
هەر لەو چوارچێوەیەدا، موهەنەد خەزعەلی پەرلەمانتاری دەستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەكەیان پەشیمانبوونەوەی نییە، رەتیشیكردەوە «لە پڕۆسەیەكی سیاسی هیوابڕاودا بەشداربن كە هەموان تێیدا بەشدارن». 
خەزعەلی رەتیكردەوە «بەشداریی لە حكومەتێكی تەوافوقی شكستخواردوودا بكەن، بۆیە باشتربوو بەلایانەوە پاشەكشەبكەن و بوار بەوانی تر بدەن بۆ پێكهێنانی حكومەت و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریی، سەدر سوربوو لەسەر پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەی نیشتمانی كە بەرپرسارێتییەكەی لەئەستۆ بگرێت، ئەمەش لەلایەن هاوبەشەكانەوە قبوڵنەكرا». 
هەر بەشێوەیەكی خێرا لەدوای بڕیارەكە، رەوتی سەدر هەموو دامەزراوەكانی سەر بە رەوتەكەی لەم قۆناغەدا داخست، جگە لە هەندێكیان نەبێت، ئەمەش لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی پێكرا كە لەلایەن نوسینگەی تایبەتی موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدرەوە بڵاوكرایەوە. 

بڕیارەكە لەڕووی یاساییەوە 
لای خۆیەوە شارەزایەكی یاسایی، وردەكاریی و رێكارەكانی پەسەندكردنی داواكارییەكانی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدری لە پەرلەمان ئاشكرا كرد و رەتیكردەوە پێویستی بە دەنگدانی پەرلەمان هەبێت. 
سەفا لامی، شارەزای بواری یاسا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، جگە لە ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی، نامەكانی دەستلەكاركێشانەوە پێویستییان بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان نییە، بەو هۆیەی هێشتا ساڵێك بەسەر ئەندامێتیاندا تێپەڕنەبووە. بەپێی پرۆگرامی ناوخۆی پەرلەمانی عیراق، پێشتر نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتاران عەممار جەبر و سەعد عێدانی و لەیس دلێمی، تەنیا لەسەر رەزامەندی سەرۆكی پەرلەمان پەسەندكران، بەبێ‌ ئەوەی بۆ دەنگدان پێشنیاربكرێن.   
جەمال ئەسەدی كە پسپۆڕێكی تری یاساییە پێیوایە، دۆڕاوترین فراكسیۆنەكانی تری پەرلەمان كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران پڕدەكەنەوە، لە دوای دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدری، بەو پێیەی نەخشەی سیاسی لە پەرلەماندا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت. 
هەر لەو رووەوە، عەلی فەتلاوی سەركردە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، خۆشحاڵی خۆی بەرامبەر بە دەسستلەكاركێشانەوەی فراكسیۆنی سەدری دەربڕی و رایگەیاند، چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ سەربەخۆكاندا سەرۆك وەزیرانی داهاتوو هەڵدەبژێرن، بەو پێیەی نوێنەری سیاسی ماڵی شیعەن، ئەم هەنگاوەش بواری كارێكی نوێ‌ بۆ رەوتی سەدر دەڕەخسێنێت كە چاودێری میللییە، بەو واتایەی دەتوانن شەقام بجوڵێنن بۆ چاودێری كار و ئەدای حكومەت. 
دوای تەنیا چەند كاتژمێرێك لە دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی سەدری لە پەرلەمان، چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای كۆبوونەوەیەكی خێرای سەركردەكانی كرد لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بۆ تاوتوێكردنی رەوشی سیاسی و دەرهاویشتەی دەستلەكاركێشانەوەی سەدرییەكان. 

داخستنی دامەزراوەكانی سەر بە رەوتی سەدر
رابەری رەوتی سەدر، بڕیاریدا بە داخستنی سەرجەم بارەگای دامەزراوەكانی رەوتەكەی، لە كۆی بارەگای دامەزراوەكانی تەنیا بارەگای شەش دامەزراوە دەهێڵێتەوە.
دوای ئەوەی ئەندامانی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی حەلبوسی كرد، ئەویش ئیمزای لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر كرد، كە 75 پەڕلەمانتارن، لە بەیاننامەیەكدا كە لەلایەن نوسینگەی موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدرەوە بڵاوكرایەوە،» بە گوێرەی رێنماییەكانی موقتەدا سەدر، بڕیاردرا زۆربەی دام و دەزگاكانی رەوتەكە دابخرێن، جگە لەم شەش دامەزراوە». 

«قوربانیدان لەپێناو نیشتماندا»
لەلایەكی ترەوە، سەركردەیەكی رەوتی سەدر ڕایگەیاند كە موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتیمەیی سەدر لە پڕۆسەی سیاسی پاشەكشەی كرد و خۆی كردە كۆچی قوربانی بۆ عیراق.
ئەحمەد متێری سەرۆكی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند”ئەو وەفادارییە سیاسییەی موقتەدا سەدر نواندی لەڕێی پاشەكشەكردنی لە پڕۆسەی سیاسی و دەستەبەرداربوونی لە كورسی پەرلەمانتارانی بۆ سیاسییەكانی تر، قوربانییە بۆ عیراق، ئەو خۆی كردە مەڕە پیرۆزەكەی ئیسماعیل”.
بە وتەی متێری”سەدر بەم كارەی ژیانی تاهەتایی هەڵبژارد، ئەمەش بێگومان هەڵوێستێكی بوێرانەیە و وانەیەكە لە وانەكانی سەركردە دۆڵسۆزەكان بۆ نیشتمان و گەلەكەیان، و هەڵوێستی حسێن (د.خ) باپیری دێنێتەوە یادمان كاتێك وتی:(خۆم وەك زەلیل نادەم بەدەستەوە و نابمە كۆیلە)، ئەمە هەڵوێستی كەسە مەزنەكانە، كاتێك قوربانی بەخۆیان دەدەن لەپێناو بەرژەوەندی باڵا». 
سەرۆكی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر دەڵێت”ئەم هەڵوێستە سەبارەت بە ئال سەدر نوێ‌ نییە، پێش بیست ساڵ لەمەوبەر محەمەد سەدر ڕایگەیاند كە ئایین لە ئەستۆی ئێوەیە و مەزهەب لە ئەستۆی ئێوەیەدایە موقتەدا سەدریش لەئێستادا بە نەیارەكانی دەڵێت”عیراق لە ئەستۆی ئێوەیە و گەل لە ئەستۆی ئێوەیە و من گرنگ نیم». 
موقتەدا سەدر لە نامەیەكدا كە لە 12ی حوزەیرانی 2022 بۆ حەسەن عەزاری، سەرۆكی فراكسیۆنی سەدری نارد، داوای دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكەی كرد و بەپێویستی زانی هەموویان نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان ڕادەستی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن.
سەرۆكی پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاند، دەست لەكاركێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر پێویستی بە دەنگدان نییە و بۆ پڕكردنەوەی كەلێنەكەش ڕێكاری یاسایی دەگرنەبەر.
محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراق لە كۆنفرانسێكگی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”ڕێكاری یاسایی دەگرنەبەر بۆ پڕكردنەوەی شوێنی پەرلەمانتارە دەست لەكاركێشاوەكانی فراكسیۆنی سەدری”.
بە وتەی حەلبوسی”هەوڵدەدەن بە یاسا پەرلەمانتاری سەربەخۆ بخەنە شوێنی ئەوانەی دەستبەرداری ئەندامێتی پەرلەمان بوون، هەر كەسێك نامەی دەست لەكاركێشانەوەی پەسەندكرا، پێویست بە دەنگدان ناكات و بابەتەكە كۆتایی دێت”.

سەدر رەتیدەكاتەوە بەهۆی گوشاری ئێرانەوە بێت 
موقتەدا سەدر رابەری رەوتی سەدر رەتیكردەوە ئێران گوشاری كردبێتە سەر هیچ لایەنێكی شیعە، داواشی لە فراكسیۆنە سیاسییەكان كرد هەڵوێستی بوێرانەیان هەبێت لە پێناو چاكسازیی و رزگاركردنی عیراق.
بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 22ی حوزەیرانی 2022 لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بڵاوكرایەوە”دەنگۆی ئەوە هەیە كە هۆكاری كشانەوەمان لە پڕۆسەی سیاسی هەڕەشەی ئێران بووە، ئەم دەنگۆیە درۆیە و دوورە لەراستییەوە، ئێران هیچ گوشارێكی نەكردۆتە سەر هەر لایەنێكی شیعە». 
رابەری رەوتی سەدر داوای لە فراكسیۆنە سیاسییەكان كرد هەڵوێستی بوێرانەیان هەبێت لەپێناو چاكسازی و رزگاركردنی وڵات، ئاماژەی بە هەندێك لایەنیش كرد كە بە وتەی ئەو «دەست لەكاروباری دادوەریی وەردەدەن».

#ئاوێنەی عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان