ئا: نەرمین عوسمان محەمەد
لەم رۆژانەدا بازاڕی زێڕ بە رادەیەک بەرزبۆتەوە، کە پێشتر هەرگیز بە خۆیەوە نەدیوە، کۆمپانیای (سپرۆت ئاسێت مانجمێنت) دووپاتی کردۆتەوە، کە نرخی زێڕ چۆتە قۆناغێکی سەرکەوتنی نوێوە، ئەمەش دەرگا لەبەردەم دەستکەوتی زیاتر دەکاتەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا، ئەم بۆچوونەش هاوڕایە لەگەڵ دید و بۆچوونی شرۆڤەکارانی دیکە کە پێشبینی دەکەن نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە تۆمار کردنی چەند ئاستێکی مێژوویی بڵند.
بە پێی راپۆرتێکی تۆڕی میدیایی CNBC پسپۆڕێکی ستراتیجی لە هەمان کۆمپانیادا لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بۆ ئاستێکی پێوانەیی نوێتر لە ئاستی 2700 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، لە یاداشتنامەیەکدا نووسیویەتی: زێڕ چووە ناو قۆناغێکی سەرکەوتنی نوێوە بە پاڵنانی هۆکارەکانی وەکو کڕاوەکانی بانکە ناوەندییەکان و بەرزبوونەوەی قەرزە ئەمریکییەکان و ئەگەری گەیشتنی دۆلار بە لوتکە.
ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکان لە جیهاندا لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە لایەکەوە و لە نێوان ئیسرائیل و نەیارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناویندا لەلایەکی دیکەوە و نەبوونی هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەری دپلۆماسی، هۆکاری سەرەکین بۆ ناجێگیریی بازاڕ
پێشبینیی کۆنگرێسی ئەمریکا
ئێستا مامەڵەی خێرا بە زێڕەوە لە ئاستی 2729 دۆلارە بۆ هەر ئۆنسەیەک، لە کاتێکدا رێکەوتننامە دواخراوەکانی گرێبەستە ئەمریکییەکانی زێڕ گەیشتە ئاستەکانی 2741 دۆلار، هەمان ئەو شارەزایە روونیکردەوە، بەرزبوونەوەی رێژەی قەرزەکانی ئەمریکا بەراورد بە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی بە شێۆەیەکی گشتی بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، ئەویش بەهۆی مەترسییەکان سەبارەت بە زیادبوونی بەردەوامی قەرزەکان و دابەزینی بەهای دراو و بە نەختینەکردنەوەی قەرزەکان.
بە شێوەیەکی رۆتینی بە نەختینەکردنی قەرزەکان کاریگەرییەکی هەڵاوسێنەرانەی هەیە، بە جۆرێک کە دەبێتە مایەی زیادبوونی بڕی خراوەڕووی پارە لە ئابووریدا، کە ئەمەش لەوانەیە ببێتە مایەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمکردنەوەی بەهای دراو.
نووسینگەی کۆنگرێسی ئەمریکا پێشبینی دەکات، رێژەی قەرزی گشتی ئەو وڵاتە بەرزبێتەوە لە بڕی %98وە بەراورد بە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی بۆ ساڵی 2023 بۆ %181 بەراورد بە بەرهەمی گشتی ناوخۆیی لە ساڵی 2053دا، کە ئەمەش بەرزترین ئاستە لە مێژووی وڵاتەکەدا.
ئەگەری چاپکردنی پارە
هەروەها روونیکردەوە لەگەڵ زیادبوونی قەرزەکاندا لەوانەیە حکومەتەکان پەنا بەرنە بەر چاپکردنی پارە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کورتهێنانی پەرەسەندوو لە قەرزی گشتیدا، ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆکاری دابەزینی بەهای دراو، ئەم داخۆرانەش لە متمانەکردن بە دراوی کاغەزی دەبێتە سەرنجڕاکێشانی زیاتری زێڕ وەکو پەنایەک بۆ بەهای باوەڕپێکراو.
بە بۆچوونی ئەو شارەزایە، گوشاری هەڵاوسانە بەردەوامەکان و دۆخە ئابوورییە سەختەکان کە ئابوورییە جیهانییەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن و داهاتووی نادیار وا دەکەن بانکە ناوەندییەکان و وەبەرهێنەرەکان خواستیان بەلای کانزا بەنرخەکاندا بێت.
لەلایەکی دیکەوە بەیاننامەکانی ئەنجومەنی زێڕی جیهانی دەریخست کە بەرزبوونەوەیەکی زۆر هەیە
لە کڕدراوەکانی ئەو بانکە ناوەندییانەی کە خاڵین لە زێر لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2024دا تا
گەیشتە 843 تۆن، ئەمەش واتای زیادبوونی بڕی کڕین بە رێژەی %5 دەگەیەنێت بەراورد بە ژمارەی
پێوانەیی تۆمارکراو لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2023دا.
گوشاری هەڵاوسانە بەردەوامەکان و دۆخە ئابوورییە سەختەکان کە ئابوورییە جیهانییەکان بە دەستییەوە دەناڵێنن و داهاتووی نادیار وا دەکەن بانکە ناوەندییەکان و وەبەرهێنەرەکان خواستیان بەلای کانزا بەنرخەکاندا بێت
کاریگەریی ململانێکان
هاوکات ژمارەیەکی زۆرتر لە شرۆڤەکاران پێشبینی ئەوەیان کرد کە نرخی زێڕ بەردەوام بێت لە بەرز بوونەوەدا تا دەگاتە 3000 دۆلار بۆ ئۆنسەیەک، هەندێکیان پێشبینی دەکەن نرخەکەی تەنیا لە سێ مانگی داهاتوودا 2800 دۆلار تێپەڕێنێت.
شارەزایەکی بواری ستراتیجی کاڵاکان لە (بانک ئۆف ئەمریکا) پێیوایە نرخی زێڕ نزیک دەبێتەوە لە 3000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک و بەردەوامیش دەبێت لە بەرزبوونەوە، بەڵگەشی بۆ ئەم پێشبینییە ئاستی بەرزی قەرزی حکومەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی جیهان و بەرزیی رادەی ناجێگیری جیۆسیاسییە.
هەروەها ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکان لە جیهاندا لە نێوان روسیا و ئۆکرانیا لە لایەکەوە و لە نێوان ئیسرائیل و نەیارەکانی لە رۆژهەڵاتی ناویندا لەلایەکی دیکەوە و هەروەها نەبوونی هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەرە دبلۆماسییەکان بە ئامانجی کەمبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزی هۆکاری سەرەکین بۆ ناجێگیریی بازاڕ و بە شێوەیەکی باویش ئاڵۆزییە جیۆسیاسییەکان پاڵ بە وەبەرهێنەرەکانەوە دەنێن کە روو بکەنە قەواڵە ئاسوودەکانی وەکو زێڕ.
دەرەنجام
تێكڕای ئەو بچوونانە، بە ئاراستەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕن لە بازاڕی جیهانیدا، ئەمەش بەو واتایە دێت، هەر بانكێك پشتیوانەی دارایی بە زێڕ بێت و پێشتر حسابی خۆی كردبێت، لە دۆخێكی وادا كێشەیەكی ئەوتۆی نابێت، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ ئەگەری هەیە كێشە بۆ ئەو وڵاتانە دروست بكات، كە تا ئێستا بانكەكانیان یەدەگی زێڕی نییە و پشتیوانیی داراییەكەی تەنیا دراوی بیانییە بە تایبەتیش دۆلاری ئەمریكی، لە دۆخێكی واشدا ئەو وڵاتە ناچار دەبێت یەدەگی دراوی لە دۆلارەوە بگۆڕێت بۆ دراوێكی جێگرەوەی وەك یۆرۆ، یان هەر دراوێكی بەهێزی جیهانی.