تەلئەبیب هۆشداری بە بەیروت دەدات

10:18 - 2022-07-06
جیهان
739 جار خوێندراوەتەوە

ئا: یانی سابیر

بەپێی لێدوانی وتەبێژی رەسمیی حكومەتی ئیسرائیل: یائیر لابید سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی هۆشداری داوەتە حكومەتی لوبنان ‌و رایگەیاندووە، كە ئەگەر نەتوانن سنوورێك بۆ پەلامارە بەردەوامەكانی حزبوڵڵا دابنێن بۆ سەر سەكۆی غازی تایبەت بە وڵاتەكەی لە دەریای ناوەڕاست، ئەوا ناچارن خۆیان ئەو هەنگاوە بنێن ‌و كێشەكە چارەسەر بكەن.
روونیشیكردۆتەوە: پێش بەڕێكەوتنی بۆ پاریس ‌و كۆبوونەوە لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەداوە، لە كۆبوونەوەكەدا ئەو رووداوانە تاوتوێ دەكەن، كە بەم دواییانە لە نزیك كەناراوەكانی لوبنان روویانداوە، لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژیكردنە سەر سەكۆی غازی سروشتیی ئیسرائیل لە دەریادا. وتیشی: تەلئەبیب ئەو جۆرە دەستدرێژییانە بۆ سەر سەروەریی وڵاتەكەی قبووڵ ناكات ‌و هەر كەس ‌و لایەنێكیش ئەوە بكات، ئەوا سەركێشی بە ژیانی خۆیەوە دەكات.
پێش چەند رۆژێك، حكومەتی ئیسرائیل رایگەیاندبوو: سێ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان خستۆتەخوارەوە، كە حزبوڵڵای لوبنانی بۆ چاودێریكردنی كێڵگەی غازی كاریش رەوانەی كردبوون. هەروەك حكومەتی كاربەڕێكەری لوبنان لای خۆیەوە ئیدانەی ئەو كردەوەیەی حزبوڵڵای كرد ‌و رایگەیاند، ئەو رەفتارە جێگەی قبووڵ نییە.
كێڵگەی غازی كاریش كە دەكەوێتە سنووری ئاوی نێوان لوبنان ‌و ئیسرائیل، بۆتە مایەی ناكۆكی ئەو دوو وڵاتە ‌و حكومەتی بەیروت-یش دەیەوێت بە نێوەندگیریی واشنتۆن، رێكەوتنی دیاریكردنی سنووری ئاوی لەگەڵ ئیسرائیل بكات.  

 سەرچاوە: ئاژانسەكان 

بابەتە پەیوەندیدارەکان