ورچە بەهرەمەندەکە

01:06 - 2024-10-24
ئەدەب و هونەر
177 جار خوێندراوەتەوە

ئەمین محەمەد


ورچە بچکۆلە قاوەییەکە بەیانیان جانتاکەی دەکردەشانی و بەرەو قوتابخانە بەڕێدەکەوت، ئەو زۆر زیرەک و میهرەبان بوو، لە ناو هاوڕێکانیدا بە ورچە بەهرەمەندەکە ناسرابوو، ئەو زیاتر لە بەهرەیەکی هەبوو، ورچە قاوەییەکە شاعیر بوو، شیعری دەنوسی و بۆهاوڕێکانی دەخوێندەوە، دەنگی زۆر خۆشبوو، جار جار بە گۆرانی بۆی دەوتن، شیعری بۆ هەموو بەهرەکانی خۆی نووسیبوو، کە دەچووە گۆڕەپانی قوتابخانە، ئەم شیعرەی دەخوێندەوە:
بچکۆلەم پاڵەوانم
ئازام، وەرزشەوانم

هاوڕێکانی زۆریان خۆش دەویست و بە بەهرەکانی سەرسام بوون، ورچە بچکۆلەکە وێنەکێشێکی دەست رەنگین بوو، وێنەی چۆلەکە و پشیلە و هاوڕێکانی لەسەردیواری قوتابخانە کێشابوو، وێنەی خۆیشی کێشابوو، شیعریشی بۆ نوسیبوو:
وێنەی خۆمم کێشاوە
لەپێشانگا دامناوە
ورچەکە لە لاسایکردنەوەشدا زۆر  بەهرەمەند بوو، بە شیعر لاسایی دەنگی گیاندارانی دەکردەوە:
چۆلەکەم دەجریوێنم
بەرخۆلەم دەباڕێنم
وەک گورگ دەلورێنم
لەگەڵ کەو دەقاسپێنم.
ورچە قاوەییەکە هەموو بەهرەکانی تێکەڵ بەیەک کردبوو، دەیویست هاوڕێکانی پێ دڵخۆش بکات، پێی دەوتن: ئێمە هەموومان چەندین بەهرەی شاراوەمان تێدایە، گرنگ ئەوەیە بۆی بگەڕێین و یەک یەک بیان دۆزینەوە، دەی با ئێستا بزانم کێ بەهرەی خۆی دەزانێ؟
کەروێشک وتی: من زۆر ئازام لە راکردندا، دەتوانم بەشداریی پێشبڕکێ بکەم و پلەی یەکەم بەدەست بهێنم، زەڕافە وتی: من دەتوانم لە یاریی باسکەدا یەکەم بم، فیل وتی: من دەتوانم بەلوتم فڵچە بگرم و تابلۆ بکێشم، توتی وتی: من دەتوانم بەئاسانیی لاسایی هەموو دەنگێک بکەمەوە، چۆلەکە وتی: منیش دەنگم زۆرخۆشە، بەیانیان بە جریوە جریو هەمووتان بەئاگادێنم، ورچەکە وتی: کەواتە هەموومان خاوەن بەهرەین، گرنگ ئەوەیە بیدۆزینەوە و پەرەی پێبدەین، هەموویان بەدەنگی بەرز وتیان: بەڵێ گشتمان بەهرەمەندین.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان