رووداوە هەنووکەییەکان

لە سەکۆی میدیا جیهانی و ئیقلیمییەکانەوە

10:00 - 2024-10-27
جیهان
55 جار خوێندراوەتەوە

ئایا ترەمپ فاشیستە؟
رۆژانی رابردوو «کامالا هاریس» کاندیدی دیموکراتەکان «دۆناڵد ترەمپ» ی وەک  فاشیستێک ناوزەندکرد، پێشتریش «جۆن کێلی» سەرۆکی پێشووی ئەرکانی ئەمریکا، بە» نیویۆرک تایمز»ی  راگەیاندبوو کە ترەمپ «دەکەوێتە ژێر پێناسەی فاشیستەوە، ئەم بابەتە لە میدیاکاندا زۆری لەسەر باسدەکرێت.
 رۆژنامەی «تاگس شپیگل» ی ئەڵمانیش پێیوایەکە ترەمپ تەنها هەر کاندیدێک نییە، بەڵکو پێشتر چوار ساڵ حوکمڕانیی وڵاتەکەی کردووە، کەم ئەمریکایی هەیە دان بەوەدا بنێت کە سەرۆکی وڵاتەکەیان لەو کاتەدا فاشیست بووە.
 کۆمارییەکان دەبێت لەبیریان بێت کە ئەوە ترەمپ بوو ئەندامانی ناتۆی هاندا بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری، ئەوە ئەو بوو بەرامبەر چین وەستایەوە و رەخنەی لە پشتبەستنی ئەڵمانیا بە وزەی روسیا گرت، کە ئەوکات فاشیست نەبووە، ئێستا بۆ وادەڵین؟

نەتەوە یەکگرتووەکان لە لووتکەی برێکس 
لە چەند رۆژی رابردوودا، لووتکەی برێکس BRICS لە روسیا بە ئامادەبوونی ژمارەیەک سەرۆکی ولاتان بەستراو باسیان لە کێشە هەنووکەییەکانی جیهان کرد، لەو بارەیەوە  رۆژنامەی تایمزی بەریتانی رایگەیاندووە: کاتێک لە ساڵی رابردوودا کۆبوونەوەی وڵاتانی بریکس لە ئەفریقا بەسترا، پوتین لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداریکرد، بەڵام ئێستا سەرپەرشتیی دەکات، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەفریقای باشوور وەک لایەنێک کە ئیمزاکەر و پەیڕەوکاری بڕیارەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانە، دەبوو پوتین وەک تۆمەتباری جەنگ دەستگیربکات، بۆیە ئێستا گۆتێرێس کە سەرۆکایەتیی رێکخراوێک دەکات 193 وڵات تیایدا ئەندامە، ئەوە شەرعییەتێکی گەورەیە بۆ پوتین و روسیا.    


برێکس سەرکەوتنی پۆیینی نیشاندا
رۆژنامەی «نیهۆن کیزای شیمبۆن»ی ژاپۆنیش لەوبارەیەوە 
نووسیوێتی: «کۆبوونەوەکە بە پلەی یەکەم سەرکەوتنێکی  گەورەی بە ڤلادیمێر پوتین بەخشی لە سیاسەتی دەرەوەدا بەتایبەتیش کە سکرتێری گشتیی UN و سەرۆکی تورکیای ئەندامی ناتۆ تێیدا بەشداربوون و بەم جۆرە خانەخوێ توانیی نیشانی بدات کە بریکس سەرپەرشتی چەندین وڵاتی هاوبەش دەکات و دەتوانێت هاوسەنگیی هێز دروست بکاتەوە.

سوپای کۆریای باکوور بۆ چووەتە روسیا؟
لەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناردنی هەزاران سەرباز لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ روسیا و مەشقپێکردنیان لەو وڵاتە، میدیاکان مەترسییان لە فراوانبوونەوەی رووبەری بەرەکانی جەنگ هەیە.
لەو رووەشەوە رۆژنامەی ستانداردی نەمسایی دەڵێت: بڕیاروایە بەم زووانە سەربازانی کۆریای باکوور شانبەشانی روسەکان شەڕ بکەن، لە رووی یاسای نێودەوڵەتییەوە، ئەمە دەبێتە هۆی شەرعییەتدان بە بۆردومانکردنی کۆریای باکوور، ئەگەر کیێڤ داوا لە هاوبەشەکانی بکات و ئەوانیش رازی بن، چونکە ناردنی هێز، پیۆنگ یانگ دەکاتە لایەنێکی جەنگەکە.
بەگوێرەی میدیاکان، «کیم و پوتین گرنگیی بە یاسا نێودەوڵەتییەکان نادەن». ئەوان وا گریمانە دەکەن کە خۆرئاوا ئەمەی بەسەردا تێپەڕدەبێت، هەر لە سەرەتای لەشکرکێشییەکەوە بەردەوام هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی کردووە و هەموو شوێنێکی بۆردومان کردووە، ئێستاش نەک تەنها ئۆکرانیا، بەڵکو داهاتووی هەموو ئەوروپا لە مەترسیدایە.
بەمردنی نەیارەکەی ئەردۆغان چی دەگۆرێت؟
هەفتەی رابردوو فەتحوڵڵا گویلەن بانگخوازی ئیسلامیی تورک و دامەزارێنەری بزووتنەوەی خزمەت لە ئەمریکا کۆچی دوایی کرد.
 پرسیار دەکرێت کە ئاخۆ دوای مردنی ئەو بانگخوازە چی رودەدات؟ 
رۆژنامەی ئیلێفتهیرۆس تیپۆس کە لە ئەسینای پایتەختی یۆنان دەردەچێت، پێیوایە کە لەمەودوا ئەنقەرە دەتوانێت کاریگەرییەکانی لەسەر سوننەکان زیاتر بکات، چونکە دروشمەکانی گویلەن لە ئەوروپا، ئەمریکا، ئاسیا و ئەفریقا بانگەشەی ئیسلامێکی میانڕەو و جیهانگیرییان دەکرد کە رەوەندی تورکیا و ئامادەبووانی بەرفراوانی سوننەی دابەشکرد و پلانەکانی ئەردۆغانی بۆ خەلافەتێکی نوێ لە دەرەوەی سنوورەکانی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بە توندی سنووردار دەکرد، بە نەمانی ئەو کەسایەتییە، بەڕێوەبەرایەتیی ئەوقافی تورکیا دەتوانێت بە ئازادی بەرنامەی خۆی بۆ فراوانکردنی هەژموونی ئایین و هەژمونی خۆی پیادە بکات. 

جۆرجیا دەچێتە پاڵ ئەوروپا یان روسیا؟
دوێنێ هەڵبژاردنی گشتی لە جۆرجیا بەڕێوەچوو. هێشتا دیارنییە کە ئاخۆ پارتی خەونی جۆرجیا لە دەسەڵاتدا دەمینێتەوە یان پارتە بەرهەڵستکارەکان دەیبەنەوە؟ ئێستا دیمەنی گشتیی وڵاتەکە و پارتە سیاسییەکان دابەشبوون لەنێوان خۆرئاوا و یەکێتیی ئەوروپا لەلایەک و روسیا لەلایەکی دیکەوە.
چوار قەوارەی سەرەکی رکابەریی پارتی دەسەڵاتدار دەکەن و ئەگەر سەرکەوتن بەدەست بهێنن، ئەوا بەختی وڵاتەکەیان بۆ ئەندامبوون لەناو یەکێتیی ئەوروپادا دەکرێتەوە.
 رۆژنامەی «فاینانشاڵ تایمز»ی بەریتانی گومان لە بەڕێوەچوونی بێگەردانەی هەڵبژاردنەکە دەکات، بەتایبەتیش بەشێوەی ئەلەکترۆنی و دیجیتاڵی بەڕێوەدەچێت و پێیوایە «بیدزینا ئیڤانشڤێلی»  هەروا بەئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات نابێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان