لویزا فالینزویلا
و: فەیسەڵ هەمەوەندی
هەر لە سەرەتای وەرزەوە، باوبۆرانێكی سارد هەڵیكرد، چون ئاگادار كردنەوەیەك لە زستانێكی سەخت و سامناك، لورەی باهۆزەكە وەك لورەی رەوێ گورگی برسی... دەڤەرەكەی هەژاند. تۆزو خۆڵێكی خۆڵەمێشی بە ئاسمانەوە ئاوێزانە و دارە رووتەنەكانیش ملكەچیی خۆیان بۆ هەر هورووژمێك دەنواند. دارە دڕكاوییەكان نەبێت، بە تەنێ روو بەرووی باهۆزەكە دەبوونەوە، بە دڕكەكانیانەوە بەرپەرچی ئەو دەسەڵاتە وێرانكەرەیان دەدایەوە، زۆر یا كەم ناچاریی شكستی پێدەهێنان، چونكە باهۆزەكە بە ئەزموونتر بوو لە سەركەوتنەكان، ئازایەتییەكە ئەگەرچی دەگەیشتە تروپك، دارە دڕكاوییەكان بە قەدە خۆڕاگر و رەگە رۆچووەكانی ناو قوڵایی زەوی، وەلێ بەس نەبوون بەرانبەر هێرشە بەردەوامەكانی باهۆزەكە. چونکە كە حاڵ بێ پشت و پەنابوو، كە هێز لە بن هات، هورووژمی دوژمنیش هەر بەردەوامبوو، خۆ بەدەستەوەدان چاکترە لە فەنابوون.
بێ ئەوەی بەفر لەگۆڕا بێت. هەموو رەنگ هەڵبزڕكاو، زەندەقچوو لەوی دی. نوزانەوەكانی پێدەشتەكە و دارە دڕكاوییەكان ئەوەندەی تر سەرماكەی خستبووەگەڕ، كاتێ سەرما بۆ فراوانكردنی دەسەڵاتی خۆی سەركەوتنەكانی بەربڵاوتر دەكرد.
لەنیو كۆلیتێكی تەنراو بە پەرژینێك لە كاكتۆسی وشكهەڵاتوو، باوبۆرانەكە زەبری خۆی دەوەشاند. دەرگا لەسەر پشتەكەی كۆلیتەكە، كە بە نەقشێكی نایاب لەسەری هەڵكۆڵرابوو، رێز و حورمەتێكی پیرۆزی لە ناو خێزانەكەدا هەبوو، دەرگاكە... باهۆزەكەی بۆ بەرپەرچ نەدەدرایەوە و ناچار لەسەر گازەرەی پشت كەوتبوو، بۆ ئەوەی تێكو پێك نەشكێ.
نە گوێسەوانەكان هی ئەوەبوون خۆڕاگریی بكەن، نە ئەو تەنەكە و مەنەكانەی بڕشتێكیان تیانەمابوو ببنە قەڵغان. خێزانەكە... دەوروبەری ئەو ئاگرەیان دابوو كە لە دوا هەناسەیدا بوو. (ئۆرۆسمان)ی باوك، (بێلیساریا)ی دایك، قەتارەی هەر هەشت لە مناڵەكان و داپیرە، لە تینێك دەگەڕان گەرمتر لە گڕی پشكۆ نیمچە كوژاوەكە، هەڵبەت ئەویش گڕكۆی مرۆڤایەتییە.
مناڵی چواردەهەمین مانگ لە نێو سەبەتەی میوەكەدا دەگریا، بێلیساریا سكاڵای ئەوەی دەكرد بەرێوەیە بۆ زایندەبوون، چی بۆ ئەو بكات. دەنگی ئۆریستی كوڕە گەورەكەی بەر گویی کەوت. كە لە قووڵایی بێدەنگییەوە دەرپەڕی، وەك ئەوەی بچێت بەگژ باوبۆرانەكەدا، وتی:
- نابێ بەم حاڵەوە بەردەوام بین... با بچین بۆ تۆكۆمان.
- بەڵێ بۆ تۆكۆمان، بۆ تۆكۆمان (مناڵەكان بەیەك دەنگ هاواریان دەكرد)
- پێیان وتم لە شار دارتەلەكان رووناكی بەسەر شەقامەكانەوە پەخش دەكەن، خانووەكان گەورە و تۆكمەن، هیچ باوبۆرانێك دڕیان پێ ناددات، دەرگاكانیان لە داری ساجن، رێ بە با نادەن بچێتە ژوورەوە.
- دۆن زویلی پێیوتم: كارو كاسبی لەوێ زۆرە. تەنها هێز و بازووت دەوێت بۆ ئەوەی لە كێڵگەكانی شەكردا دامەزرێی. هەروەها پارەوپوولێكی زۆریش دەدەن.
- دۆن زیلوو پیربووە و تاقەتی عەرەبانەكەی نەماوە، ئەو ماوەیەكی زۆر لەو كێڵگەیە بە عەرەبانەكەیەوە كاری كردووە. نایەوێ بڕواتەوە، ئامادەشە عەرەبانەكەی بەرانبەر بە هەردوو بزن و مەڕەكان بگۆڕێتەوە، ئێمە چ كارمان بەو ئاژەڵانە نییە لەوێ.
ئۆرسۆمان بە توندیی بەرپەرچی قسەكانی دایەوە و وتی:
- ئێمە بەم حاڵەوە چۆن بڕۆین؟
بێلیساریا وەك ئەوەی گوێی لە هیچ گرفتێك نەبێ وتی:
- بەهەرحاڵ من هەر سوورم لەسەر رۆیشتن
-ئەی ئەم داپیرە بەساڵا چووە؟
-من دەگوێزمەوە بۆ شار، بۆ كەشوهەوایەكی گەرم، دەمەوێ دوا رۆژەكانی تەمەنم بە ئاسوودەیی بژێم.
ئەو شەوە درەنگانێك نووستن، خەوێكی قووڵ دایپۆشیبوون. بەیانی رۆژی دواتر، جمەیان گەیشتبووە ترۆپك. سەرەتا قسەكان بۆ دۆنزیلوو بوو، كە بێجگە لە هەردوو بزن و مەڕەكە داواكارییەكی تری هەبوو، دەرگاكەی لەبری تەختەی عەرەبانەكە بۆ بەجێبهێڵن. ئەو داواكارییە مەحاڵبوو، چونكە دەستبەردار بوون لەو دەرگایە دەرچوون بوو لە عورف و عادات. پێنج لە وێنای فریشتەكانی لەسەر هەڵكۆڵرابوو، لەسەروویشیانەوە پەرییەك كێشرابوو، وەك ئەوەی راویان بنێت. پەرییەكە بەسامتر بوو لە فریشتەكان، ئەویش هەڵەی ئۆرۆسمان بوو كەوای كێشابوو، ئەو دەمە ئەوەندە شارەزایی لە نەقشی سەر تەختەدا نەبوو. بەهەرحاڵ پیاوچاكان دانیان بە بیرۆكەكەیدا نابوو، بەو نەقشە سەرەتاییەشەوە، كە گوایە كارامە و شتێكی نایابی كێشاوە، لە هۆڵی نوێژکردنەکەدا دانرابوو. ئەو ئێوارەیە بە ئەسپێكەوە تێی قووچاند، دەرگاكەشی برد. ئەو نەیوویست دەرگاكە بۆ خوا بێت، بە مۆڵكی خۆیی و خێزانەكەی دەزانی. ئەمڕۆش عەرەبانەیەكی شەق و شڕ ناچاری ناكات دەستبەرداری ئەو دەرگایە بێت، ئەگەر چی عەرەبانەكە بەهایەكی باشتری هەیە لە سانتیاگۆ دێل ئێسترۆ، بۆ پارە پەیداكردن لە كارگەكانی چەوەندەر.دوا بڕیار ئەوەیە بێ دەرگاكە، سەواكە ئەنجام بدرێت دەنا داواكارییەكە هەڵدەوەشێنرێتەوە.
ئەسپەكە لەژێر بارگرانیی ئەم سەفەرەدا بەزەییەكی بە خۆدا هاتەوە، كە ماوەیەكە ئیسراحەتە و شان وملی بەر قامچی نەدراون و ئێستا هەمووی لە كونی لوتیەوە دەردەكەن.
ئۆرۆسمان و خاووخێزانەكە هەرچییەك لە كۆلیتەكەدا بوو گواستیانەوە ناو عەرەبانەكە، تا دەهات عەرەبانەكە سیخناخ دەكرا، دیمەنەكە چوون داماڵینی شتەكان بوو لە خانوەكە، تەنانەت پووش و پەڵاشی سەربانەكەش باركرا، تەنها دوو كۆڵەگەی قیتەوەبوو مانەوە، وەك خاچێك لەناخی گۆڕی كۆلێتەكە دابەسترابێت، كە هەرگیزا و هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆی. دۆن زیلوو كە لەسەرچیچکان دانیشتبوو، خواردنەوەی فڕ دەكرد، بانگی كردن:
-بە گوێی من بكەن، بچنە شار، لەوێ كار بۆ مرۆڤەكان زۆرە، پارەی چاكیشتان چنگ دەكەوێ، مەچن بۆ كێڵگەكان، بچن بۆ شار(ئەو قسەیە چوون خوداحافیزیەك بوو).
ئۆرۆسمان قامچییەكەی بە حەوادا راوەشاند، عەرەبانەكە كەوتە گەڕ و پێچكەكان خولانەوە. شەو بەسەردا هات و لە رێیەكی دوور بەرۆكی پێگرتن، ناچار باریان لێ خست. ئاوریان كردەوە و نانەكەیان خوارد. هەموو لە ناو عەرەبانەكەدا بەسەر شتەكانەوە نووستن. بەرەبەیان خۆرە رەنگ بزڕكاوەكە راستەوخۆ بەرەو شار رێنمایی كردن. بیرەوەریی نیشتمانێكی داماو لەبەری پشتیانەوە خەریكبوو دەبوو بە سەراب. لەگەڵ خۆرئاوابوون، ئاسمان رەنگێكی نیگەرانکاری خستبووە دڵیانەوە، ئەمە سەرەڕای ئاوێزانبوونی تەمو مژی سەرماكە و گەردی ئەو خۆڵەی باكە دەیگواستەوە. بە سەروسیمایانەوە سەرمابردەڵەیی جەستەیان دیاربوو. كە كەوتنە رێ، چاویان بەو كێڵگانەی ئەمبەر و ئەوبەری رێگەکە كەوت، كە سەوزایی خۆیان خستبوە روو، شار نزیك بووبووەوە. لەپڕ، گوێیان لە گرمەی تەقینەوەیەك بوو، هەموو راچڵەكین، دەنگێكی تر بە دووی ئەویتردا ختورەی خستە دڵیانەوە، دەنگەكان بە دوی یەكدا دەهاتن.
-ئەوە تۆپەكانە "ئۆریستی بەدەنگێكی كاوەخۆوە" پێیان وتم ئەم تۆپانە دەنگی وا گەورەیان هەیە، كە مرۆڤ رادەچڵكێنن.
- شار ئەم دەنگانەی تیایە، هی كارگەكانە "ئەمەی وت تا مناڵەكان نەترسن"
ئەسپەكەی دایە بەرقامچی، تا بكەوێتە غار، ئاوێتەی شەقامەكان بوون، كە بە خانووی گەورە و باخچە و دارستان رازابوونەوە. خەڵكانێك بە كاوەخۆوە بەسەر شۆستەكانەوە بەرەو ناوەندی شار دەڕۆیشتن. عەرەبانەكە لە پشتی كۆمەڵێ سەربازەوە خۆی بینییەوە، ناچار یاپشە یاپشە بە دوویانەوە دەڕۆیشتن.
خانووە بەرزەكان بە ئاڵای كەسك و سپی رازێنرابوونەوە، حەشاماتێكی زۆر ئامادەبوون، وەك ئەوەی هەموو رێككەوتبن بۆ زەماوەند و گۆرانی. ئۆتۆمبیل و مۆتۆرسكیلەكان رێڕەوی عەرەبانەكەیان لەگەڵ خۆیان بەرەو ناوجەرگەی شار دەبرد.ئۆرۆسمان و تەواوی خێزانەكە ترسیان لێ نیشتبوو، سكڵی چاوەكانیان وەك رەوێ باڵندەی تاراو جێیان بە خۆیان نەدەگرت، ترسەكە تا دەهات زیاتر دەبوو، كاتێ چاویان بە زریپۆشەكان كەوت، كە بەرەو روویان دەهات، سەربازێ هاواری لێ كردن:
- بجـــووڵێــــــــــــــنەوە، دەی بجووڵێنەوە، ئێوە چاك دەبینن ئێمە بۆمان نییە بوەستین...دەی ...
تیپی میوزیكژەنە سەربازییەكە بە بازنەیی رەوتی رۆیشتنەكەی بە ئیقاعێكی سەربەرزانەوە دەدایە ناخی سەربازەكان. ئەفسەرێكی پلە بەرز، ئازایانە جڵەوی ئەسپەكەی بەدەستەوە بوو، هاواری دەكرد: جارێ با سەربازەكان ریزەكانیان تێكنەدەن، جارێكیش دەینەڕاند بەسەر خەڵكەكەدا تا رێ بۆ كەژاوە سەربازییەكە چۆڵبكەن.
- نازانن هاتووچۆ لێرە قەدەغەیە...؟!
ئەسپەكە لە بڕشت كەوتبوو، منداڵەكان بەدەم گریانەوە خۆیان لەنێو پووش و پەڵاشەكەدا مەڵاس دابوو. بە بەردەم ئەو سەرنجنووسانەدا تێپەڕین كە یادی سەد و پەنجا ساڵەیان پیرۆز دەنرخاند. رستەكانیان بۆ نەدەخوێندرایەوە، تاك و تەرا وشەكان بەسەر لێویانەوە وەك دەرچوونی پەپوولە وابوو لە قۆزاخەكەیدا. بێلیساریا بە بێدەنگی لە ناخەوە دەگریا، چونكە شوێنەكە لە دۆزەخ دۆزەختربوو، هیوای خواست نوێژ بۆ ماریای پیرۆز بكات تا لەو نەهامەتییە فریایان بكەوێت.
دواجار لە رێڕەوی نێو گۆڕەپانەكە دوور كەوتنەوە، كە بەزۆر دڕیان بە حەشاماتەكە دەدا. بە بەردەم خانوویەكدا تێپەڕین، دوو پەنجەرەی دەیڕوانییە سەر شەقامەكە، میناكانی بە بۆیەیەكی سەوز رەنگ كرابوون، پێدەچوو كاروانسەرا بووبێت.
- تەماشای ئەو دەرگایە بكەن، پێدەچێ وەك دەرگاكەی خۆمان جوان بێت "یەكێ لە منداڵەكان هاواری كرد".
هیچ شتێك سەرنجیانی رانەدەكێشا، تەنانەت ئەو تیشكە پەرتەوازەیەی لە پڕێك ئاسمانی شارەكەی رووناك دەكردەوە. لە ئاسمان شێوازی دوڕدۆنگ، خراپەكاری، سوور و سەوز هەڵدەبێت و دەموچاویان رووناك دەكاتەوە، وەلێ وەك ئەوەی لە گیانی ئازاردراوەكانەوە دەربچێت. عەرەبانەكەش، چوون گیانێكی ماندوو لە نێو هەموو ئەو هەڵڵای رەنگ و دەنگانە تا دەهات رەنگی هەڵدەبزڕكا.
دەنگی تۆپەكان جارێكی تر بێدەنگییەكەی بڕی، هەر ئەوەندەی ئەسپەكە حەشاماتەكەی تێپەڕاند، لە تاو دەنگەكە كەوتە غاردان، ئۆرۆسمان جڵەوەكەی بۆ شلكردەوە نەك بە قەڵبەیەكیاندا بدات، تا ئەو كاتەی لە شار دووركەوتنەوە و نزیك دێكە بوونەوە نەوەستان، وەلێ خاوببوونەوە و بەردەوام بوون لە راكردن.
شەو و رۆژێك زیاتریان پێچوو تا گەیشتنە ئەو خاچەی پاسی دەڤەرەكەی دەكرد، سەرما وەك بیرەوەرییەكی تری نەهامەتییەكان بەرۆكی پێ گرتن، ئاگریان كردبووەوە، بۆ ئەوەی زیاتر دژ بە هورووژمی سەرماكە خۆ رابگرن، ناچار بوون داری تر بهاونە سەر ئاگرەكە. یەكێ لە منداڵەكان بە نوزەنوزەوە وتی:
- با دەرگاكە بسووتێنین!
ئەو پوش و پەڵاشەش نەمابوو بیسووتێنن، تاقێكیش بە دووی دارا بگەڕانایە، بەقەد چا لێنانێكیشیان بۆ كۆ نەدەكرایەوە لەو سەرما و تاریكییەدا، بێلیساریا هاواری كرد:
- بێجگە لەو دەرگایە هیچ شك نابەین، ئەو هاوڕێمانە و ئەگەر بیسوتێنین رەنگە كوێرەوەرییمان بۆ بهێنێت. بێدەنگییەك باڵی بەسەریاندا كێشا، لە پڕ ئۆرۆسمان هاتە قسە و وتی:
- كوێرەوەریی لەوەدایە كە داپیرە لەسەرمادا گیانلەدەست بدات ، نەك سووتانی دەرگایەك.
ئاگرەكە تینێكی گەورەی هەبوو، سەرماكەی رەواندەوە، نەقشی فریشتەكان وەك تووڕەبوونێك لەو سووتانە بەدەر دەكەوت. لەتەك ئەوەشدا لە گڕەكەوە هەستیان بە پرسەیەك دەكرد، وەك ئەوەی كەسێكی خێزانەكەیان لەدەست دابێت.
رۆژی دواتر كە دۆن زیلوو بەوێدا تێپەڕی، گڕی پشكۆكان هیشتا سووربوون. زۆر سەری سوڕمابوو لەوەی کە بینیی، ئۆرۆسمان و ژن و منداڵەكانی و دایكی لە دەوری خاچەكە، نوێژیان دەكرد.
- ئەوە چی دەكەن لێرە؟ "بێ ئەوەی لەسەر ئەسپەكەی بێتە خوارەوە"، پێویستە سەرلەنوێ دەست پێ بكەنەوە.
- بەڵێ، سەرلە نوێ((ئۆرۆسمان وەڵامی دایەوە)) بێ دەرگا پارێزگاریمان دەكات، بۆیە بە باشمان زانی بگەڕێینەوە ، ئەگەر سەرماش بمانكوژێت.
تەماشای ناولەپی دەكرد و وتی:
- سەرما لە شەڕی تۆكۆمان بەسۆزترە.