هەموو چەرخەکان، ئەهلی دڵ غەمگین دەکەن

ئەحمەد هەیاس، دەنگێکی کوردانەی غەمگین

11:28 - 2025-07-03
ئەدەب و هونەر
17 جار خوێندراوەتەوە

داستان بەرزان



دەنگێکی کوردی یان کوردانە؟
(ئەحمەد هەیاس) یەکێکە لە هونەرمەندە گۆرانیبێژەکانی ناوچەی گەرمیان، خاوەنی دەنگێکی رەسەن و خاوێنی کوردییە، بەگشتی وەک دەنگێکی بێ کاریگەری شێوازی چرین، دەربڕینی نەتەوەکانی دیکە دەردەکەوێت، ئەو زیاتر لە رێگای وتنی مەقام و بەستە بە شێوازی گەرمیانی ناسراوە و لەو بوارەشدا رۆڵێکی گرنگی گێڕاوە، سەرباری ئەوەی زۆرینەی گۆرانییەکانی بە شێوەزاری سۆرانین، بەڵام کەشی گۆرانی و گۆکردنی دەربڕی هەستێکی تایبەتە کە دەکرێت وەک هەستێکی گەرمیانییانە ئاماژەی بۆ بکەین.
رەنگە باشترین ناساندن بۆ دەنگی ئەم هونەرمەندە بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی ئاشنای گۆرانییەکانی نین ئەوە بێت، کاتێک بدەن بە گوێگرتن لە بەرهەمەکانی، بەدیاریکراویش ئەو کەسانەی دەیانەوێت گوێبیستی دەنگێک بن کە بە زمان کوردی و هەستێکی کوردانە گۆرانی بچڕێت، مەبەست لە چڕینی کوردانە ئەوەیە، شێوازی وتنەکە و سەرجەم پێکهێنەرەکانی تری گۆرانییەکە هەم کوردی و هەم کوردانەن، چونکە ئەوەی بەشێک لە گۆرانیبێژەکان لە ئێستا دەیکەن رێژەیەکی زۆریان دەچنە خانەی وتنی گۆرانی بە کوردی، لەوە بترازێت تەواوی رەگەزەکانی دیکەی وەک (ئاواز، موزیک، گۆکردن و دەربڕینەکان...) هیچ کوردی نین و هەتاکو گوێت لە وشەکانیان نەبێت نازانیت ئەم ئاواز و موزیکە چ پەیوەندییەکی بە موزیک و گۆرانی کوردییەوە هەیە؟
 هەڵبەت هونەرمەند ئازادە لە هەڵبژاردنی شێوازی گۆرانی گوتن، بەڵام ئەوەی لەو نێوانەدا پێویستی بە یەکلاییکردنەوە هەیە ئەوەیە کە دەبێت هونەرمەند هۆشیارییەکی فراوانی لەسەر موزیک و گۆرانی کوردی و جیهانی هەبێت و هەر بەرهەمێک پێشکەشی دەکات ئاگایی هونەریی تەواوی لە پشتەوە بێت، نەک تەنیا ئامانجی سەرنجڕاکێشانی گوێگرانی بێت لە پێناو دروستکردنی قەرەباڵغی لە دەوری کارەکانی.
چڕینی گۆرانی بە زمانی هەر نەتەوەیەکی دنیا تەنیا بریتی نییە لە وتنی وشەکان بەو زمانە، بەڵکو پێویستە کۆی پێکهاتەی گۆرانییەکە سەر بەو نەتەوەیە بێت، سەبارەت بە هونەری گۆرانی کوردی ئەوەی ئێستا هونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان (مەحمود برازت) لە گۆرانییەکانیدا دەیکات، نموونەیەکی بەرزی گۆرانی کوردیین، بە سەرجەم بەشەکانییەوە و سەرکەوتووانە توانیوویەتی هونەرێکی هەم هاوچەرخ و سەردەمیانە هەمیش رەسەنانەی کوردی پێشکەش بکات.
 لە کارەکانی هونەرمەند (ئەحمەد هەیاس)یشدا ئەوەی مایەی بایەخە گۆرانییەکانی بە دەنگێکی پڕ لە سۆز و دەربڕینی ناوچەی گەرمیانن، ئەگەرچی موزیکی چەند گۆرانییەکی بە جۆرێک لە جۆرەکان زۆر سەربە دنیای موزیکی کوردی نییە، بەڵام هەر کات گوێ لە گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە یاخود (حەسەن هەیاس)ی برای دەگریت، ئەگەر هەندێک بە وردی گوێگری گۆرانی کوردی ناوچەی خانەقین بیت، ئەوا بۆت دەردەکەوێت دەنگی هەردووکیان دەکرێت وەک نموونەی دوو دەنگی تەواو کوردی وەربگیرێن. کە کوردانە و بەبێ خەوشی کاریگەریی زۆری گۆرانی و موزیکی وڵاتانی دیکە ماونەتەوە.
دەنگێک لە گۆرانیی کوردییەوە
ئەوەی لە دەنگی هونەرمەند (ئەحمەد هەیاس)دا کاریگەرە و هەر زوو لە دڵ و گیان دەنیشێت ئەو غەمگینییەیە کە رەنگە تەنیا مرۆڤی کورد بەو جۆرە بتوانێت بە شێوازی تایبەت بە خۆی غەمگینییەکانی لە گۆرانیدا بەیان بکات و لە ئاکامدا بەو رادەیە بە دڵ و گیان و لە خۆیدا نوقمی بکات، بە جۆرێک هەر کات گوێ لە دەنگی ئەمجۆرە لە هونەرمەندی کورد دەگرم، بیرم دەڕوات بۆ ئەو نادادیی و ستەمە زۆرانەی لە مێژوودا لە هەمبەریدا کراوە، بەوانەشەوە کە کورد خۆی لە هەندێک شوێندا بەرامبەر بە خۆی کردوونی. 
ئێمە گەلێکین لە زۆربەی کایەکانی ژیاندا شوێن دەستی تایبەت بە خۆمان نییە، بگرە لەسەر هەندێک ئاست بە هەر هۆکارێک بێت دەکرێت بڵێین: مردووین، بەڵام لە هونەری گۆرانییدا بەشێکی گرنگ لە (زمان و کەلتور و مێژوو)مان هەڵگیراوە و هێشتا زیندووین، هەر ئەوەیە وادەکات لێرەوە دڵی دنیام بە دەنگی گۆرانبێژێکی رەسەن لە هەر کام لە ناوچە و پارچەکانی وڵات خۆشبێت، چونکە دەزانم بوونمان کە وابەستەیە بە زمانەکەمانەوە، لەتەک بەشێک لە (کەلتور و مێژوومان) لە هەناوی گۆرانی و گێڕانەوە رەسەنە زارەکییەکاندا پارێزراوە.
 یادەوەریی لەگەڵ شوێن و سۆز بۆ رابردووییەکی بەئازار و هەستێکی تژیی لە سۆزێکی پەتی لە زۆرینەی تێکستی گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندەدا ئامادەیی بەرچاویان هەیە، کە دواجار دەنگە بە سروشت غەمگینەکەی (ئەحمەد هەیاس) کاریگەرترو قووڵتر بەرجەستەی سەرلەبەری بارودۆخانە دەکات، بە جۆرێک کاتێک کە گوێت لە گۆرانییەکانی ئەم هونەرمەندە دەبێت، تووشی سەرسوڕماندەبیت! 
ئاخر یەکجار قەشەنگە، لەم سەردەمی هەیەجانی لایڤ موزیک و میدیای پڕ لە سەرگەرمیی و تۆڕی کۆمەڵاتی سەر رێژ لە گۆرانی و موزیکی ئاست نزم، پارێزگاری لە تایبەتمەندیی هونەرەکەت بکەیت و دەرفەت نەدەی خەوشی رۆژگارێکی پڕ لە خەوش بەرهەمەکانت لەکەدار بکات! دەستبە غەمگیینییە کوردییە گەرمیانییەکەتەوە بگریت و وەک گیان بیکەیت بە بەری ئاوازی دڵنیشی گۆرانییەکانتدا.
      ئاوازێک لە گەرمیانەوە 
لە ناو ئەو گۆرانییانەی کە هونەرمەند (ئەحمەد هەیاس)چڕیونی، زۆرینەیان لە رووی ئاوازەوە دەچنە خانەی (گۆرانی خاو)ەوە و رێژەی بەرچاوی تێکستەکانیان سەر بە جیهانی رۆمانتیکین و سۆزدارانە و بە زمانێکی سادە و هەندێکجار بە شێوازی ناوچەی گەرمیان گوزارشت لە هەستی مرۆڤ دەکەن، لەبەرامبەر دۆخە جۆراوجۆرەکانی وەک (ئەڤین، دڵشکان، ناکامی، دووری، تەنیایی، جێهێشتن...) 
ئەوەی مایەی سەرنجە گۆرانییەکی ئەم هونەرمەندە هەیە بە ناوی (کیژێ خۆشمدەوێی)، کە گۆرانییەکی شادە و رەزمێکی خێرای هەیە، کەچی چونکە سروشتی دەنگی ئەم هونەرمەندە وەک باسمان کرد، غەمگینییەکی خۆڕسکی تێدایە کاتێک گوێی لێدەگریت بە ئاسانی دیارە رەزم و کەشی ئاواز و موزیک کاریگەرییەکیان لەسەر دەنگی غەمگینی ئەم هونەرمەندە نەکردووە، بەڵکو دواجار گۆرانییەکە لە فۆرمێکی شاد دا غەمگین دەرکەوێتەوە. دەکرێت بڵێین: ئەم گۆرانییە غەمگینانە شادە! 
ئەوەش رەنگە پارادۆکسێکی جوان بێت لەو گۆرانییەدا.
 گۆرانیی بۆ ئەهلی دڵ
ناونیشانی ئەم نووسینە لە دێڕە شیعرێکی (ئەحمەد موختار جاف)ەوە هاتووە کە دەڵێت: (عادەتی ئەم چەرخە وایە ئەهلی دڵ غەمگین ئەکا...)، بەڵام لێرەدا دەستکاریی کراوە بەو مانایەی مرۆڤانی ئەهلی دڵ لە هەر سەردەمێکدا بن هەر غەمگینن و هیچ چەرخێک ئەهلی دڵی لە غەمگینی بێبەش نەکردووە، ئەوەتا هونەرمەندانێکی وەک (ئەحمەد هەیاس) و هاوشێوەکانی کە سترانی غەمگین بۆ دڵ دەچڕن، لەم چەرخەدا کە بە زەحمەت کەسێکی ئەهلی دڵ دەبینییەوە و خەڵکی بەگشتی بە شوێن بابەتە ماددیی و ئارەزووە کاتییەکانیانەوەن، کەچی ئەو لە دڵەوە غەمگینە، لە دڵەوە غەمگینیی دەکاتە ئاواز و لە دڵەوە دەیچڕێت، لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین: بەهای هونەریی ئەم تایپە هونەرمەندە، تەنیا لای ئەو کەسانەیە کە ئەهلی دڵن.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان