لە كۆلێجی پزیشكی ڤێتێرنەری زانکۆی سلێمانی خولی نێودەوڵەتی بۆ خوێندکاران دەستەبەر کراوە

״بەرنامەی خوێندنی كۆلێج گونجێنراوە لەگەڵ بازاڕی كاردا״

10:04 - 2024-10-27
دیدار
68 جار خوێندراوەتەوە
کۆلێجی پزیشکی ڤێتێرنەری پڕۆژەی كۆكردنەوە و نەزۆککردنی سەگی بێلانە بەڕێوە دەبات

سازدانی: د.موحیسن ئەحمەد ساڵح*

پ.ی.د.نادیە عەبدولکەریم ساڵح هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا لە بواری (دەرمان و ژەهرەوانی) وەك یەكەم ژن لە پۆستی راگری كۆلێجی پزیشكی ڤێتێرنەریدا لە زانكۆی سلێمانی کار دەکات، لە بوارێكی هاوچەرخ هەروەها سەخت و پڕكۆشش، لە دیدارێکیدا لەگەڵ كوردستانی نوێ‌ تیشك دەخاتە سەر ژیانی ئەكادیمی خۆی و كار و چالاكییەكانی كۆلێجی پزیشكی ڤێتێرنەری لە زانکۆی سلێمانی.

پ.ی.د.نادیە عەبدولکەریم: داوای 30 كورسی خوێندنی باڵامان كردووە بۆ ئەو پزیشکانەی لە دەرەوەی زانكۆی سلێمانیدا كار دەکەن، پشتیوانی ئەوانە دەبین کە داواکاری پێشکەش دەکەن و هەموو ئاسانكارییەكی خوێندنیان بۆ دەكەین

*چۆن بوویت بە پزیشكی ڤێتێرنەری؟
-هەمیشە حەزم لە هاوكاریکردنی ئاژەڵان بووە لە هەموو روویەكەوە، ئەوە وایکرد دوای دەرچوونم لە پۆلی دوانزە پرسیاری کار و چالاکی كۆلێجی پزیشكی ڤێتێرنەری بکەم، بە پیشەیەكی جوانم زانی و فۆڕمی وەرگرتنم پڕكردەوە، پاشان خۆم بۆ خوێندن لەو بەشە ئامادەکرد.
* چۆن گەیشتیتە پلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەر و بوویت بە راگری کۆلێجەکە؟
-كاتێك خوێندكار بووم لە مامۆستاكانمەوە ئەو خولیایەم بۆ دروست بوو ببمە مامۆستای زانكۆ، بۆیە هەوڵ و كۆششێكی زۆرم كرد، لە ئەنجامدا هەر پێنج قۆناغەكەی كۆلێجم بە پلەی (زۆرباش) تەواو كرد، لەبەرئەوەی لە سێ‌ یەكەمەكە بووم وەك یاردەدەری توێژەر (معید) دامەزرام. ئەمە سەرەتای بەدیهێنانی خەونەكانم بوو، دواتر ماستەرم خوێند و نازناوی مامۆستام وەرگرت، پاشان بڕوانامەی دكتۆرام بە دەستهێنا و بە ماوەی كەمتر لە چوار ساڵ نازناوی پڕۆفیسۆری یاردەدەرم بە دەستهێنا، لە ماوەی خوێندنی دكتۆرا سێ‌ توێژینەوەم بڵاوكردەوە، پاشان 18/1/2023 بووم بە راگری كۆلێجی پزیشكی ڤێتێرنەری زانكۆی سلێمانی و یەكەم ژن بووم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان راگرایەتی ئەو كۆلێجە بكەم.


راگری كۆلێجی پزیشكی ڤێتێرنەریلە زانكۆی سلێمانی:هەموو ئەو تەكنیكانەی خوێندكارانی کۆلێج لە بواری نەشتەرگەری پەلەوەر و زاوزێدا‌ فێری بوون، ئاسانكاری زۆری كردووە بۆ دەستخستنی هەلی كار بۆیان

* نوێترین پڕۆژەی كۆلێجی پزیشكی ڤێتێرنەری چییە؟
-وەك كۆلێج ئامادەكار و سەرپەرشتیار و رێكخەر و جێبەجێكاری پڕۆژەی كۆكردنەوەی سەگی بێلانەین لە شاری سلێمانی، تیمەكانمان شەو و رۆژیان خستۆتە سەریەك بۆ كۆكردنەوەی سەگی بێلانە لەناو كۆڵان و كوچەكانی شار و نەشتەرگەری نەزۆككردنیان بۆ دەکەین و لە پەناگەیەكی گونجاودا چاودێرییان دەکەین.
* پلانی زانستیت چییە بۆ كۆلێجی پزیشكی ڤێتێرنەری؟ 
-ئێستا سەردەمی پێشكەوتنە لە هەموو روویەكەوە زانست پێشكەوتووە، بۆیە دەبێت كۆلێجەكەش پێش بكەوێت، وامانكردووە هەنگاو بە هەنگاو بچێتە پێشەوە بە جۆرێك بەرنامەی خوێندنی كۆلێج گونجێنراوە لەگەڵ بازاڕی كاردا، لەم پێناوەشدا چەندین وانەی گرنگمان بۆ خوێندكاران زیادكردووە لە بوارەكانی پەلەوەر، ماسی و جۆرەها بابەتی پەیوەست بە ئاژەڵانەوە، كە خوێندكار بتوانێت لە رێگەیانەوە هەلی كاری دەست بکەوێت، لە رابردوودا زیاتر بایەخ بە زانستە بنچینەییەكان دەدرا و خوێندكار لە قۆناغی چوار بۆ پێنج تەنها لەناو نەخۆشخانەی ڤێتێرنەری فێركاری خولی هاوینەی دەبینی، بەڵام ئێستا خوێندكار لە قۆناغی سێ‌ بۆ چوار هەروەها چوار بۆ پێنج دوو خولی هاوینە دەبینێت و سوودی زۆری هەیە بۆ زیاتر فێربوونی خوێندکاران.
* خولەكانی فێربوونی خوێندکاران چۆن بەڕێوە دەچن؟
 -جگە لە نەخۆشخانەی فێركاری تایبەت بە كۆلێج، خوێندکاران لەناو نەخۆشخانە و كلینیکە تایبەتەكانیش خولەكانیان دڕێژە پێدەدەن، جگە لە شاری سلێمانی لە شارەكانی هەولێر و دهۆكیش ئەم مەشقەمان پیادە كردووە، جیاواز لەوەش لە رێگەی پەیوەندییەكانی كۆلێجەوە خولی نێودەوڵەتی فێركاری بۆ ماوەی مانگێك لە توركیا بۆ خوێندكارانی كۆلێج دەستەبەر كراوە، ئەمەش بەپێی‌ رێكکەوتنێكی زانستی، هەموو ئەو تەكنیكانەی خوێندكارانی کۆلێج لە بواری نەشتەرگەریی پەلەوەر و زاوزێدا‌ فێری بوون، ئاسانكاری زۆری كردووە بۆ دەستخستنی هەلی كار بۆیان.
*پەیامت بۆ پزیشكانی ڤێتێرنەری چییە؟
-پەیامم بۆ هەموو پزیشكێكی ڤێت ئەوەیە بە بەردەوامی  بەدواداچوون بكەن، توێژینەوە بکەن و خوێنەری هەمیشەیی بن، لەبەرئەوەی پزیشكی ڤێتێرنەری زانستێكە رۆژ لە دوای رۆژ لە نوێبوونەوەدایە، ئێستا بابەتی سەگ و پشیلەی ماڵی لە هەرێمی كوردستان گرنگیی خۆی هەیە، كە پێشتر بایەخێكی ئەوتۆی نەبوو، ئەمە بەڵگەی پێشكەوتنی زانستەكەیە، پزیشكی ڤێت نابێت تەنها لە بواری ئاژەڵی كێڵگەدا كار بكات، بەڵكو دەبێت شارەزایی زانستی و پیشەیی لەسەر سەجەم ئاژەڵان هەبێت.
*لە بواری خوێندنی باڵادا، وەك كۆلیج چیتان كردووە بۆ پزیشكانی ڤێتێرنەری؟
-دەخوازم پزیشكانی ڤێت هەمیشە هەوڵی بە دەستهێنانی بڕوانامەی بەرزتر بدەن، لە خولی پێشووی خوێندنی باڵادا ژمارەیەكی بەرچاو كورسی خوێندنمان بۆ ئەو پزیشکانە دەستەبەر كرد كە لە دەرەوەی زانكۆی سلێمانیدا كار دەكەن، بۆ خولی ئەمجارەش داوای 30 كورسی خوێندنی باڵامان كردووە، دەخوازم پزیشكانی ڤێت بە جۆش و خرۆشەوە داواكاری پێشكەش بكەن ئێمە هەموو پشتیوانی و ئاسانكارییەكیان بۆ دەكەین.
* پزیشكی ڤێتێرنەری - ماستەر لە نەخۆشیزانی
*مامۆستای زانكۆ لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی - کۆلێجی تەكنیکی تەندروستی و پزیشكی بەشی پەرستاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان