ئا: نەرمین عوسمان محەمەد
ئاسیا تۆفیق وەهبی لە ساڵی 1901 دا لە خێزانێکی رووناکبیرەوە هاتۆتە دنیاوە، باوکی بازرگانێکی ناسراو بووە لە شاری سلێمانی کە خێزانەکەی لەمێژە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبوون. دایکـــی خـــانمێکی عەرەب بووە و کچی خانەوادەیەکی خەڵکی بەغدا بووە، لە خوێندنگەی ئەلرەشیدیە ئەلعوسمانیەی کچان خوێندوویەتی و خوێندکارێکی زیرەکیش بووە. لە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتووی خوێندندا، لەبارەی بابەتە رۆشنبیریی و سیاسییەکانی تایبەت بە پێشکەوتنی ژنان، لەگەڵ مامۆستاکانی گفتوگۆی کردووە و ئەمەش بۆتە مایەی سەرسوڕمانی دەوروبەرەکەی.
لە ریزی رێکخراوی راپەڕینی ژناندا بووە
لە سەرەتای تەمەنییەوە لە ریزی رێکخراو و کۆمەڵەکانی ژناندا کاری کردووە، لە ساڵی 1923 دا چۆتە ریزی رێکخراوی راپەڕینی ژنان و بە هەموو تواناکانییەوە هەوڵیداوە لە ریزی ژناندا کار بکات و هۆشیاریان بکاتەوە و بنەماکانی ئازادی لە پێناو بەرەوپێشچوونی دۆخی ژنان بڵاوبکاتەوە، هەروەها لە کۆمەڵەی «بەرەنگاربوونەوەی دەردە کۆمەڵایەتییەکان» دا لەگەڵ کۆمەڵێک لە ژنانی پشتیوانی مەسەلەی ژن لە کۆمەڵدا کاریکردووە. دەستەی بەڕێوەبردنەکەی لە هەر یەک لە ئاسیا تۆفیق وەهبی و ئایشە خوندە و سارە ئەلجەمالی و ئەسما ئەلزەهاوی خوشکی شاعیر جەمیل سدقی ئەلزەهاوی و فەتوح ئەلدبوونی و مەرزیە ئەلباجەجی و چەند کەسێکی دیکە پێکهاتبوون.
ئاسیا کاری لەسەر یەکخستی رێکخراوەکانی ژنان لە ناوخۆدا دەکرد، لە رێگەی هەڵبژاردنی سێ ئەندام لە هەر کۆمەڵەیەک یان رێکخراوێک بۆ نوێنەرایەتیکردن لە یەکێتییەکەدا.
نوێنەرایەتیی عیراقی کردووە
ئاسیا وەهبی نوێنەرایەتی عیراقی کرد لە یەکەمین کۆنگرەی ژنانی خۆرهەڵاتییدا لە دیمەشق ساڵی 1930، کە یەکەمین گردبوونەوەی گشتی ژنانە، ئەو لەو سەردەمەدا خوێندکاری خانەی مامۆستایان بوو لەگەڵ خاتوو جەمیلە ئەلجبوری، هەروەها لە ساڵی 1930 دا بەشداریی لە کردنەوەی کۆمەڵەی زانستی ژنان لە شاری سلێمانییدا کرد.
ئاسیا ئەندامێکی کارا بوو لە دامەزراندنی «کۆمەڵەی پاراستنی منداڵان» دا لە پێناو بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی و چاودێریی منداڵان و مافەکانیان لە ژیانێکی پڕ کەرامەت و زامنکردنی خوێندنی زۆرەملێ، هەروەها داوای مافی بەخشینی منداڵی بە کەسی شیاو لە نێو خێزاندا کرد لە کاتی جیابوونەوەدا.
لە ساڵی 1980 دا کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لەسەر وەسێتی خۆی لە لەندەنەوە بۆ بەغداد گواسترایەوە، لە گۆڕستانی شێخ عەبدولقادری گەیلانی بە خاک سپێردرا. بە کۆچکردنی بزووتنەوەی ژنان یەکێک لە دیارترین هێماکانی لە دەستدا کە بەرگریان لە مافەکانی ژن و ئازادییەکانی دەکرد.
سەرچاوە: شبکة صوتها للمدافعات عن حقوق الانسان