بەغداد لە پیسترین شارەکانی جیهانە

12:31 - 2024-10-27
ژینگە
218 جار خوێندراوەتەوە

ئا: کۆمار مەسعود

بەغداد لە پلەی 13ـی پیسترین شارەکانی دنیادایە، سەنتەری ستراتیژی مافەکانی مرۆڤیش هۆشداری دەدات و دەڵێت: دەبێت لە ماوەی 10 ساڵدا 15 ملیار درەخت بچێنرێت.
چاندنی درەخت
فازڵ غەراوی، سەرۆکی سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوای لە حکومەتی عیراق کرد، دەستپێشخەریی دروستکردنی شاری چاندن بە درەخت لەبری شارەکانی چیمەنتۆ دەستپێبکات.
ئاشکراشی کرد ئێستا بەغدا لە پلەی 13ی پیسترین شارەکانی دنیادایە و بەدەست گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بەرزبوونەوەی رێژەی گەرمبوونی جیهان و تێکچوونی بارودۆخی ئاو و ژینگەوە دەناڵێنێت.

خۆڵبارین لە زیادبووندایە
وتیشی، خۆڵبارین و تۆز لە عیراق لە زیادبوونەدایە و 37 جۆری کانزای تێدایە کە کاریگەری راستەوخۆ و مەترسیداریان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە، جگە لە 147 جۆری جیاوازی بەکتریا یارمەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکان دەدەن، خراپیی کوالێتی هەوا و بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی هەناسەدان لە زۆرێک لە پارێزگاکانی عیراق بەردەوام لە زیادبووندایە، داواش لە حکومەتی عیراق دەکات، دەستپێشخەرییەک دەستپێبکات بۆ دروستکردنی شاری رووەکیی لەبری شار بە چیمەنتۆ، بەشێوەیەک بتوانرێت لەماوەی 10 ساڵدا 15 ملیار نەمام بچێنن و سەرجەم پارێزگاکان بگرێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان