سالار یاسین
تا ئێستا چەند فیلم و دیکۆمێنتاری و لێکۆلینەوەی زۆر لەسەر ژیانی ئەرنێست هێمینگوێی (1961/1899) کراوە، بەڵام فیلمی (in love and war) جیاوازییەکەی لەوەدایە تەنها تەرکیزی کردۆتە سەر پەیوەندیی خۆشەویستیی هێمینگوێی و ئەگنس ڤۆن کورۆسکی (1984/1892).
لەبارەی خۆشەویستییەوە زۆر گوتراوە، بەڵام ئەو بۆچوونەی (خالید تۆفیق)م بەلاوە زۆر جوانە، کە خۆشەویستی بە دەریایەک دەچوێنی کە ئەوەی لە کەنار دەریا وەستاوە، مانای ئەوە نییە لە دەریا تێدەگات، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە دەریا، دەبێ مەلەی تێدا بکەیت
هێمینگوێی نووسەری ناو رووداوە گەورەکانە و هەمیشە حەزی کردووە هەڵوێستی هەبێ بەرامبەر گۆڕانکارییەکان، کەسێکی سەرکێش و موغامر بووە، لە تەمەنی هەرزەکاریدا حەزی بە یاری فووتبۆڵ و بۆکسین کردووە و بەشداریی زۆر یاری کردووە و تەنانەت جارێک مشتەکۆڵەیەکی زۆر توندی بەر سەری دەکەوێت و زیان بە یەکێک لە چاوەکانی دەگەیەنێت، بەڵام سڵی لەو یارییە نەکردۆتەوە و لە تەمەنی گەورەبوونیشدا هەر بەردەوام بووە، لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا خۆبەخشانە بەشداریی کردووە، لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا رووماڵی هەواڵی جەنگی نێوان یۆنان و تورکیای کردووە، لە ساڵی (1936) دا بەشداریی لە جەنگی ناوخۆی ئیسپانیا کردووە، کاتێک شاری مەدرید سێ بەشی بە دەست فرانکۆ و فاشییەکان بوو، ئەو بە بێ دوودڵی ژیانی خۆی خستۆتە مەترسییەوە، هەم رووماڵی هەواڵەکانی شەڕەکەی دەکرد و هەم پشتیوانی لە کۆمارییەکان دەکرد، هەروەها بەشداریی لە جەنگی دووهەمی جیهانیدا کردووە، زۆر حەزی بەراوە ماسی دەکرد لە دەریادا، رۆمانی (the old man the sea) بەرهەمی ئەو ئەزمونانەی بوو (شێرکۆ بێکەس ئەو رۆمانەی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بەناوی پیرە مێرد و زەریا)، هەروەها زۆر حەزی بە راو دەکرد، لەو سەفەرانەیدا بۆ ئەفریقا بەنیازی راوکردن دووجار لە تەیارە بەربۆتەوە و بەڕێکەوت رزگاری بووە، لە جاری دووهەمدا پشت و جومجومەی سەری زیانیان پێگەیشت و تا لە ژیاندا مابوو بە دەست ئەو ئازارانەوە دەیناڵاند.
فیلمی خۆشەویستی لە سەردەمی جەنگدا لە ساڵی (1996)دا بەرهەم هاتووە. (Chris ODnnell) رۆڵی هێمینگوێی بینیووە و (Sandra Bullock) رۆڵی ئەگنسی بینیووە. فیلمەکە چیرۆکی راستەقینەی ژیانی هێمینگوێی و ئەگنس دەگێڕێتەوە، کاتێک لە ساڵی (1918)دا هێمینگوێی بە خۆبەخش لە خاچی سوور لە بەشی فریاگوزاری بەشداریی لە جەنگی یەکەمی جیهانیدا دەکات و رەوانەی بەرەکانی پێشەوەی دەکەن لە ئیتالیا، زۆر بە گەرموگوڕی ئەرکەکانی جێبەجێ دەکات و دەبێتە جێگای سەرنج و رێزی زۆربەی سەربازەکان، بەڵام کاتێک سەربازێکی بریندار رزگار دەکات، قاچێکی زۆر بە خەستی بریندار دەبێ، بۆ ماوەی شەش مانگ لە شاری میلان لە نەخۆشخانە دەمێنێتەوە، ئەگنس پەرستارێکی خۆبەخشە لە خاچی سوور لە ئەمریکاوە هاتووە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە لە میلان، لێرەوە رێکەوت ئەو دووانە کۆ دەکاتەوە و یەکتری دەناسن و پەیوەندییەکی خۆشەویستی بەهێز دروست دەکەن، پاشان بڕیار دەدەن کە گەڕانەوە بۆ ئەمریکا زەماوەند بکەن.
خۆشەویستی هەستێکی جوانە
تا ئێستا لەبارەی خۆشەویستییەوە زۆر گوتراوە، بەڵام ئەو بۆچوونەی (خالید تۆفیق)م بەلاوە زۆر جوانە کە خۆشەویستی بە دەریایەک دەچوێنێ کە ئەوەی لە کەنار دەریا وەستاوە، مانای ئەوە نییە لە دەریا تێدەگات، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لە دەریا دەبێ مەلەی تێدا بکەیت و قاچەکانت بە بەردەکانی بکەوێت و ئاشنای شەپۆل و تووڕەبوون و زریان و تاریکییەکانی بی، ئەو کات لە هەموو روویەکەوە خۆشەویستی قبوڵ دەکەی یان بە تەواوی رەتی دەکەیتەوە. لەبەرئەوە لە تەمەنی گەنجێتیدا لەوانەیە تەنها رووخساری جوانی ژنێک بەرەو خۆشەویستیت ببات، ئەوە خۆشەویستی نییە و تەنها هەستێکی رۆمانسییانەی گەنجانەی جوانە، بە پێچەوانەشەوە هەر راستە، ئەو جۆرە هەستە خۆشەویستییە قوڵبوونەوەی تێدا نییە، سۆز بە تەواوی بەسەریدا زاڵە، لەو بارەیەوە سوقرات بۆچوونی وایە تەنها دوو جۆر خۆشەویستی هەیە، جۆری یەکەمیان خۆی لە جوانی رووخسار و جەستە و سەرجێگەدا دەبینێتەوە، جۆری دووهەم خۆشەویستی عەقڵانی یان خۆشەویستی رۆحی کە نموونەی باڵایە. لێرەدا با بگەڕێمەوە لای فیلمەکە، بە هۆی گەنجێتی ئەو دووانەوە دوور نییە ئەو خۆشەویستییە تەنها هەستێکی رۆمانسییانەی هەرزەکارانە بێ، ئەگەر هێمینگوێی هەستێکی قووڵیشی هەبووبێ، لەوانەیە ئەو هەستە بەو شێوەیە نەبووبێ لە لای ئەگنس (هەر چەندە هەستەکانی مرۆڤ لەگەڵ گەورەبوون و ئەزموونکردندا دەگۆڕێن)، چونکە ماوەی پەیوەندییەکە زۆر کەم بوو، دووهەم بڕیاری جیابوونەوەکە لە لای ئەگنسەوە درابوو، لە فیلمەکەدا ئەگنس دەڵێ: (ئەو دڵشکانە وای لە هێمینگوێی کرد جارێکیتر لەگەل ژیان ئاشت نەبێتەوە).
ژن و خۆشەویستی
لە فیلمەکەدا مەشهەدی رۆمانسی زۆر جوانی تێدایە و هێمینگوێی لە خۆشەویستییەکەیدا زۆر گەرموگوڕترە، بەڵام بیرکردنەوەی ئەگنس وەک هەر ئافرەتێکی تر تەواو جیاوەزە لە پیاوان، چونکە وەک دەگوترێ زۆر جار ژن پیاوی خۆشناوێت، بەڵکو ئەو شتانەی خۆشدەوێ کە پیاوەکە هەیەتی یان بۆی دابین دەکات، ئافرەت هەر بە سروشتی خۆی حەزی بە پارە و هێزە (هەڵبەتە هەموویان نا)، ئەگەر خۆشی پارە و هێزی نەبێ، حەز دەکات خۆشەویستەکەی یان هاوسەرەکەی هەیبێ، ئەوەش وادەکات ئەو ژنە ئەو پیاوەی خۆش بوێ، بەڵام لەوە دەچێ هێمینگوێی بەرچاوی لەو بابەتە روون نەبێ و رۆمانسییەت سەرتاپای خەیاڵ و بیرکردنەوەی داگیرکردبێ، ژن لە خۆشەویستی و هاوسەرگیریدا زیاتر بە دوای جێگیریی و ئارامی و نەوە خستنەوەدا دەگەڕێ، لەبەر ئەوە هەر کاتێک لە نێوان دوو پیاودا، یان سێ پیاودا هەڵبژاردەی هەبێ، هەوڵدەدات باشترینیان هەڵبژێرێ، لەبەرئەوە راستە هێمینگوێی و ئەگنس یەکیان خۆشویستووە و بڕیاری هاوسەرگیریان داوە، بەڵام کاتێک ئەگنس هەڵبژاردەی دەبێ لە نێوان دکتۆرێکی ئۆرۆستۆکراتی ئیتالی و گەنجێکی رۆمانسی وەک هێمینگوێی کە هیچ داهاتوویەکی روونی نییە، بەدڵنیاییەوە دکتۆرەکە هەڵدەبژێرێ و لە نامەیەکدا بۆی دەنووسێ: (ئازیزەکەم! ئەوە ناخۆشترین نامەیە لە ژیانی خۆمدا بۆ کەسێکی دەنووسم، چونکە زۆر دەترسم ئازارێکی زۆرت بدات، بەڵام پێت رادەگەیەنم فرسەتێکم بۆ هاتۆتە پێش، ئەو دکتۆرە بڕیاری داوە نەخۆشخانەیەک بکاتەوە و داوای زەماوەندی لێ کردووم، منیش رازی بووم، جگە لەوە ساڵانێکە لە نێوان من و تۆدا پەیوەندیی هەیە، دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر گەیشتمە ئەو ئەنجامەی کۆتایی بەو پەیوەندییە بهێنین). شایانی باسە ئەگنس هەشت ساڵ لە هێمینگوێی گەورەتر بوو.
پەشیمان بوونەوە
شەرت نییە زەماوەندکردن لەگەڵ پیاوی دەوڵەمەند خۆشبەختت بکات، بەپێچەوانەوە ژیان لەگەڵ هەندێ پیاوی دەوڵەمەند زۆر ناخۆشە، ئەوە جگە لەوەی هەندێکیان لەباری فکرییەوە بەتاڵن، زۆر پوولەکی بە حساب و کتابن، زۆرجار کێشەی خۆشەویستی و کێشە رۆحییەکان بە ماددە چارە دەکەن، لە کاتێکدا ئەو کێشانە بە ماددە چارە ناکرێت.
ئەگنس سەرکەوتوو نەبوو لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ دکتۆرەکەدا، بۆیە گەڕایەوە لای هێمینگوێی، ئەویش بەشێوەیەکی جدیی، بەڵام بە هێمنی پێی وت: (بۆ لەگەڵ ئەو دکتۆرەی کە نازانم ناوی چییە سەرکەوتوو نەبووی، زۆر پیر بوو؟)، ئەگنسیش وتی: (ئەوە هەڵەیەک بوو روویدا، بەڵام ئێستا کەسێکی تر هەیە، ئەو کەسەش جگە لە تۆ کەسی تر نییە، خۆشەویستییەکەش هەر ماوە، لەبەر ئەوە من هاتووم داوای لێبوردنت لێ بکەم). هێمینگوێی بە تووڕەییەوە پێی دەڵێ: (داوای لێبوردن لە چی دەکەیت، ئەوکات جەنگ بوو، لە جەنگیشدا هەموو شتێک روودەدات). ئەگنس پێی دەڵێ: (نەخێر خۆشەویستی لە نێوانماندا هەبووە و ناتوانی حاشای لێ بکەیت)، ئەویش پێی دەڵێ: (ئێستاش بەشێک لە من حەز دەکات وەک ساڵانی رابردوو لە باوەشت بکات، بەڵام من ئێستا گۆڕاوم، گۆڕانەکەشم بەو جۆرە نییە کە تۆ دەتەوێت). ئەگنس تێدەگات، پێش ئەوەی بڕوات پێی دەڵێ: (خۆشم دەوێیت، خۆشم دەوێیت تا ئەو کاتەی لە ژیاندا مابم)، ئەوە دوا دیداریان بوو.
هێمینگوێی لە ژیانی خۆیدا چوارجار هاوسەرگیریی کردووە، بەڵام وەک باسی دەکەن هەرگیز ئەگنسی لەیاد نەکردووە، بۆیە لە رۆمانی (farewll to Arms) لە ساڵی (1929) نووسیوێتی لەوێدا بەدرێژی باسی ئەو پەیوەندییە خۆشەویستییەی دەکات، هەروەها باسی کارەسات و مەرگەساتەکانی جەنگیش دەکات، رۆمانەکە زۆر کاریگەرە، بۆیە لە سەردەمی هیتڵەر و مۆسۆلینی لە ئەلمانیا و ئیتالیا ئەو رۆمانە قەدەغە کرابوو.
هێمینگوێی و خەمۆکی
ئەوەی فرۆید (1939/1856) باسی دەکات، ژیان و ژینگەی منداڵی تا مردن کاریگەریی لەسەر ژیانی مرۆڤ هەیە، رێک لەسەر هێمینگوێی بەدیار دەکەوێت، ژیانی منداڵی لەڕووی دەروونییەوە پڕ لە گیر و گرفت و خەمۆکی بوو، باوکی کلارەنەس هێمینگوێی (1928/1871) دکتۆر بووە، دایکی گرەس هال هێمینگوێی (1956/ 1872) مامۆستای مۆسیقا و گۆرانیبێژی ئۆپێرا و وێنەکێشیش بووە، ئەو دایک و باوکە بەردەوام گرفتیان هەبووە، ئەوەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر منداڵەکان دروستکردوە، زۆرجار باوکی هێمینگوێی بۆ خۆدوورخستنەوە لە شەڕ و ناخۆشی ماڵ، بۆ ماوەیەکی زۆر ماڵی بەجێدەهێشت و نەدەگەڕایەوە، ئەوەش هێمینگوێی زۆر تووڕە دەکرد لە دایکی، ئەو لە تەمەنی دە ساڵیدا رقی لە دایکی هەڵگرت، بەڕادەیەک هاوڕێیەکی دەڵێ: (کەسم نەبینیوە هێندەی هێمینگوێی رقی لە دایکی بێ)، باوکی هێمینگوێی لە ساڵی (1920)دا بەتەواوی تووشی نەخۆشی دەروونی بوو، ساڵی (1928) کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەو کارەساتە تراژیدییە زۆر کاریگەریی لەسەردانا، دایکی بە بەرپرسیاری یەکەمی ئەو رووداوە دەزانی. کۆی ئەو کێشە و گیروگرفتانە بوون بە هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بێت.
لەلایەکی ترەوە جەنگی یەکەمی جیهانی کە تێیدا بیست ملیۆن مرۆڤ مردن یان کوژران، بیست و یەک ملیۆن بریندار بوون، کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر هەموو لایەک بەجێهێشت، هەر لەو سەردەمەدا لە باری فکرییەوە فەیلەسوف و مێژوونووسی ئەڵمانی ئۆسفالد شپنگلێر (1936/1880) لە ساڵی (1918)دا بەشی یەکەمی کتێبێکی زۆر گرینگی نووسی بەناوی (the decline of the west)، دواتر بەشی دووهەمی لە ساڵی (1922)دا بڵاو کردەوە، ئەو کتێبە کاریگەرییەکی فکری زۆری هەبوو بۆ ئەو کات، شایانی باسە ئەو کتێبە بۆ سەر زمانی عەرەبی وەرگێڕدراوە.
لەبواری ئەدەبییەوە ئێلیود (1965/1888) دەقی (the waste land ) بڵاو کردەوە، ڤیرجینیا وولف (1941.1882) رۆمانی (Mrs.Dalloway) بڵاو کردەوە کە باسی گرفتەکانی مرۆڤ دوای جەنگ و رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندیی کۆمەڵایەتییەکانی دەکات. جیمس جۆیس (1941/1882) رۆمانی (Ulysses) بڵاو کردەوە، هەموو ئەو بابەتانە و بابەتی تریش کە شوێنەواری پاشماوەی جەنگیان لەسەر بوو، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر هێمینگوێی هەبوو، کاتێکیش لە ساڵی (1921) کە بووە پەیامنێری رۆژنامەی تۆرینتۆ ستار لە پاریس هەموو ئەو نووسەرانە و زۆریتریشی لە نزیکەوە ناسی و هەندێکیان بوونە هاوڕێی زۆر نزیکی، بەڵام زۆربەی ئەو نووسەرانە ئەو کات ئالودەی خواردنەوە ببوون، بەوهۆیەوە، یان کێشەی تەندروستی، یان کێشەی دەروونییان هەبوو، جیمس جۆیس، سکات فیتسجێرالد (1940/1896) خاوەنی رۆمانی (The Great Gatsby) بەهۆی ئالودەبوون بە خواردنەوە کحولییەکانەوە کێشەی کەمخەویان هەبوو، بەتەواوی باری تەندروستییانی تێکدابوو، ئەزرە پاوند (1972/1885) کێشەی ئالودەبوون بەخواردنەوی هەبوو، دواتر لە دوای جەنگی جیهانی دووهەم نزیکەی دوانزدە ساڵ لە نەخۆشخانەی دەروونی مایەوە، هارت کرێن (1932/1899) شاعیرێکی زۆر گەنج بوو، دوای چەند جار هەوڵدان توانی کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنی.
ئەوانە هەموویان دۆستی نزیکی هێمینگوێی بوون، ئەو لە ناو ئەو ژینگەیەدا ژیا، بۆیە تا دەهات ژیانی لەلا بێ ماناتر دەبوو. بەرەنجام (2/7/1961)دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.