ئیمان ئامێدی بۆ کوردستانی نوێ :

بەردەوامبوونی بارودۆخی ئەمنیی بادینان زیانی زیاتر بە هەرێم دەگەیەنێت

12:50 - 2024-10-28
کوردستان
99 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

 

لەبەرامبەر بەردەوامبوونی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی سنووری پارێزگای دهۆك و بادینان، ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات هەڵوێستێكی روونیان لەبەرامبەر پێشێلكارییەكانی سەر وڵات هەبێت، كە بەردەوامبوونی ئەو بارودۆخە ئەمنییە زیانی زیاتر بە ئاسایشی هەرێمی كوردستان و سەروەریی عیراق دەگەیەنێت.
ئیمان ئامێدی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: زیاتر لە پێنج مانگە سنووری بادینان لەلایەن هێزەكانی سوپای توركیاوە بەبەردەوامی و بەچڕی بۆردومان دەكرێت، كە بەهۆیەوە %75ی گوندەكانی ئەو سنوورە چۆڵكراون و خەڵكەكەی لە ترس و دڵەڕاوكێی زۆردا دەژین و ژیانیان و سەروماڵیان لە مەترسیدایە، وتیشی: هێرشەكانی سوپای توركیا، كە تا دوێنێش لە سنووری قەزای ئامێدی و ناحیەی دێرلۆك بەردەوام بووە، زیانی زیاتر بە ئاسایشی هەرێمی كوردستان و سەقامگیریی ناوچەكە دەگەیەنێت.
ئەوەشی ئاشكراكرد كە  لە ئەنجامی ئەو پێشێلكاریانەی بەرامبەر سەروەریی عیراق دەكرێت، تا ئێستا وەكو پێویست حكومەتی فیدراڵ و لایەنە سیاسییەكان هەڵوێستێكی روونیان نەبووە و نەیانتوانیوە فشار دروست بكەن بۆ كۆتاییهێنان بەو بارودۆخەی لە سنووری پارێزگای دهۆك و بادینان بەگشتی هەیە.

#بادینان

بابەتە پەیوەندیدارەکان