تەها عەبدوڵڵا
د.گەیلان قادر بۆ کوردستانی نوێ :
هەڵوەشانەوەی بڕیارەكانی رژێمی پێشووی بەعس لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانە
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران، رایدەگەیەنێت: بەهۆی ناكۆكیی نێوان پێكهاتەكانی پەرلەمان، دەنگدان لەسەر هەرسێ پرۆژە یاسای لێبوردنی گشتی، گەڕانەوەی زەوییە داگیركراوەكان و یاسای باری كەسێتی، دواخران. تەئكیدیش دەكاتەوە كە «تێپەڕاندنی ئەو پرۆژە یاسایانە پێویستیان بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان هەیە لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران».
د.گەیلان قادر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی وت: ئەگەرچی بڕیاربوو لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگ لەسەر پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییە داگیركراوەكان بدرێت كە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا بڕیاری لەسەر دراوە، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی پێكهاتەی عەرەبی سوننە، جارێكی تر دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە دواخرا، جگە لە پرۆژە یاسای گەڕانەوەی زەوییە داگیركراوەكان، دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكانی لێبووردنی گشتی و هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتیش دواخرا، كە لەلایەن پێكهاتەی شیعە و سوننەوە پێشكەشكراون، وتیشی: بەهۆی ناكۆكیی نێوان پێكهاتەكانەوە، بەدوور دەزانرێت ئەنجومەنی نوێنەران بتوانێت ئەو سێ پرۆژە یاسایە و پرۆژە هاوشێوەكان تێبپەڕێنێت، بۆ یەكلاكردنەوەیان پێویستە رێككەوتنی سیاسی لەنێوان پێكهاتەكاندا لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بكرێت و دواتر بهێنرێتە نوێنەران بۆ دەنگدان لەسەریان.
ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی، ئاماژەی بەوەش كرد كە داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكانی كورد و بەشێك لە توركمانەكان، زوڵمێكە لە خەڵكی ناوچە كوردستانییەكان كراوە، ناكرێت بە چەند پرۆژە یاسایەكی ترەوە گرێ بدرێت، لەبەر ئەوەی هەڵوەشانەوەی بڕیارەكانی رژێمی پێشووی بەعس لە بەرژەوەندیی هەموو پێكهاتەكانە، نەك تەنیا كورد و توركمان.
بەدریە حسێن بۆ کوردستانی نوێ :
دەبوو بەزوویی كێشەی زەویی جووتیاران یەكلابكرێتەوە، كە ساڵانە گرفتی گەورەی لەسەر دروست دەبێت
هەر لەوبارەیەوە، بەدریە حسێن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: مانەوەی رەوشی ئێستای ناوچە دابڕێنراوەكان، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە زەوییە كشتوكاڵییەكانەوە، لە بەرژەوەندیی پێكهاتەیەكی دیاریكراودایە، بۆیە دەخوازێت بەو جۆرەی ئێستا بمێنێتەوە و هیچ گۆڕانكارییەك نەكرێت، كە هەر لەبەر ئەوەیە لە هەموو كۆبوونەوەكانی نوێنەراندا دژایەتی پەسەندكردنی پرۆژە یاسای زەوییە داگیركراوەكان دەكەن، وتیشی: دەبوو ئەو كێشەیە بەزوویی یەكلابكرێتەوە، تا كۆتایی بە كێشەی جووتیاران بهێنرێت كە ساڵانە گرفتێكی زۆر لەنێوان جووتیارانی كورد و توركمان و عەرەبی هاوردە، دروست دەبێت.