بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی بارەگای ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی کرد و لەلایەن هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنەکەوە پێشوازیلێکرا.
لە دیدارەکەدا دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و قۆناغی پاش هەڵبژاردن گفتوگۆیان لەبارەوەکرا، جەخت لە هاوکاری و هەماهەنگیی سەرجەم ئۆرگان و دامەزراوەکانی یەکێتی کرایەوە تاوەکو هەموان پێکەوە کار بۆ سەرخستنی بەرنامە نیشتمانییەکەی یەکێتی و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک بکەن.
لە درێژەی دیدارەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی رۆڵی هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی کرد بۆ سەرخستنی یەکێتی و ئاماژەی بەوەکرد، بە پێزانینەوە لە رۆڵی سەرکردە و تێکۆشەرانی یەکێتی دەڕوانین و هەوڵ و خەباتیان لەپێناوی کوردستاندا بەرز دەنرخێنین. ئێمەش بەشوێنپێی ئەو تێکۆشەرانەشدا هەنگاو دەنێین کە لەسەر رێبازی سەرۆک مام جەلال خزمەتی گەل و وڵاتیان کردووە.
سەرۆک بافڵ هەموو پشتیوانی و هاوکارییەکی بۆ سەرخستنی ئەرکەکانی هەڤاڵ شێخ جەعفەر و ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەهەمان رۆحییەتی کوردانە و یەکێتییانەوە درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەبین، ئامانجمان بەدیهێنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر و هەرێمێکی بەهێزترە، بۆ ئەمەش بە ستراتیژێکی نوێوە هەنگاو دەنێین و ئەو بەڵێنەی بە خوێنی شەهیدان و خەڵکی کوردستانمان داوە، دەیبەینەسەر.
لە بەرامبەردا هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سوپاسی رۆڵی گرنگی سەرۆکی یەکێتی کرد کە پەرۆشانە لە خەمی باشترکردنی ژیانی هاونیشتمانییان و راستکردنەوەی رێرەوی چەوتی حوکمڕانیدایە.