سەرۆک بافڵ: میدیای یەکێتی دەبێت وەک هەمیشە بەرپرسیار و سەنگینانە پەیامەکانی بگەیەنێت

03:16 - 2024-10-28
کوردستان
771 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەردانی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتی کرد و لە لایەن عیماد ئەحمەد، لێپرسراوی مەکتەب، لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن، نەجمەدین فەقێ عەبدوڵڵا، لێپرسراوی بۆردی هۆشیاری، ئەندامانی مەکتەب و بەشێک لە میدیاکارانی یەکێتی بە گەرمی پێشوازیکرا.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکە عیماد ئەحمەد لە راپۆرتێکدا رۆشنایی خستەسەر بەرنامە و سیاسەتی میدیایی و پیشەیی و بەرپرسیارانەی یەکێتی بۆ ئەم قۆناغە کە بگونجێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکان و خزمەتکردن بە ئامانجە باڵاکانی گەلی کورد هەروەها سوپاسی پشتیوانییەکانی سەرۆک بافڵی کرد بۆ زیاتر سەرخستنی کارەکانیان.
لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ تەواوی میدیاکارانی یەکێتی کە لەم قۆناغی هەستانەوە و رێکخستەوەی هاوسەنگی هێز، سەرکەوتنی یەکێتییەدا رۆڵی گرنگیان گێڕا و پیشەییانە و کوردستانیانە پەیامەکانی خۆتان گەیاند کە جێگای پێزانینی هەموولایەکمانە. وتی، هاتووم لە نزیکەوە پێتان بڵێم دەستان خۆش بەس پێتان ناڵێم پشوو بدەن بەڵکو لەمڕۆوە ئەرکتان دەست پێدەکات بۆ سەرخستنی ئامانجەکانمان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ لەبارەی دواین گۆڕانکارییەکان لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق و ناوچەکە، پرسی دوای هەڵبژاردن و ستراتیژی یەکێتی لەوڕوانەوە هەڵوەستەی کرد و سیاسەتی یەکێتی خستەڕوو و جەختیکردەوە، یەکێتی بە روئیایەکی نیشتمانیی و کوردانە و خزمەتکردنی خەڵکەکەی خۆمان خۆی بۆ ئەم قۆناغی نوێی حکومڕانییە ئامادەکردووە بە شێوەیەک بەرنامەکەمان کە بەڵێنمان دا بە جەماوەری ئازیزی کوردستان بە پشتیوانی خوای گەورە و خەڵکەکەمان و ئێوەی کادرانی یەکێتی بە ئەمانەتەوە جێبەجێیدەکەین هەموو هەنگاوەکانیشمان لە چوارچێوەی بەهێزکردنی قەوارەکەمان و پاراستنی مافەکانمان دەبێت.
لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتی میدیایی یەکێتی بۆ ئەم هەلومەرجە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی نەخشەڕێگای سیاسەتی میدیایی داڕشت و دووپاتی لە پابەندبوون بە راستگۆیی و پیشەیی و وردی کردەوە و رایگەیاند، میدیای یەکێتی دەبێت وەک هەمیشە بەرپرسیار و سەنگینانە پەیامەکانی بگەیەنێت و خۆی بەدوور بگرێت لەو فەوزا میدیاییە کە بە ئەجندایەکی ئاڕاستەکراو کاردەکات بۆ شێواندنی راستییەکان و رۆژنامەنووس لە ئەرکە سەرەکی و پیشەییەکەی دووردەخاتەوە ئەوە کاری ئێمە و راگەیاندنی یەکێتی نابێت بۆیە هەموومان پێکەوە کار بۆ هێنانەدی ئامانج و خواستەکانی خەڵکە خۆشەویستەکەمان دەکەین و داهاتوویەکی گەشتریان بۆ بنیاد دەنێین.

بابەتە پەیوەندیدارەکان