ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
ساڵانێكە یەكێتیی ئەوروپا بە گشتی و بەریتانیاش كە ئێستا لەو یەكێتییەدا نەماوە، لە خەمی كەمكردنەوەی دەرهاویشتەی كاربۆن و پیسبوونی ژینگەدان و بۆ ئەو مەبەستەش پلانیان هەیە بۆ پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی وزەی كاربۆنی، كە هۆكاری سەرەكییە بۆ پیسبوونی ژینگە، یەكێك لە جۆرەكانی وزەی نوێبووەوە كارەبایە، هەر بۆیە لەم ساڵانەی دواییدا گرنگییەكی زۆر دەدرێت بە بەرهەمهێنانی كارەبا و كۆكردنەوە و هەڵگرتنی ئەم وزەیە لە پاتریدا، لەبەر ئەوە هەوڵەكان بەو ئاراستەیەن تا ساڵی 2050 ئەو ئامرازانەی گواستنەوە كە وزەی كاربۆنی وەك بەنزین و جۆرەكانی غاز بەكار دەهێنن بە تەواوی كەم بكرێنەوە، یان نەمێنن و ئەو ئامراز و ئۆتۆمبێلانە جێگەیان بگرنەوە كە بە كارەبا كار دەكەن.
كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێل گیریان خواردووە لە نێوان بڕی بەرهەم و ساغكردنەوەی بەرهەم و یاساكانی حكومەتدا، كە هەر كۆمپانیایەك لەو بڕەی بۆی دیاریكراوە، كەمتر بفرۆشێت، بڕی 15 هەزار پاوەن غەرامە دەكرێت.
كۆمپانیاكان غەرامە دەكرێن
بەڵام سیستمی ئابووریی جیهان بە كاپیتاڵ و سۆشیال دیموكراتیشەوە، ئەوەندە ئاڵۆزە، كە هیچ هەوڵێكی لەو جۆرە بێ ئاڵۆزیی و ململانێی بازاڕ تێناپەڕێت، بۆ نموونە كۆمپانیاكانی دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی لە بەریتانیا لە ساڵی 2024دا گیریان خواردووە لە نێوان بڕی بەرهەم و ساغكردنەوەی بەرهەم و یاساكانی حكومەتدا، كە هەر كۆمپانیایەك لەو بڕەی بۆی دیاریكراوە، كەمتر بفرۆشێت، بڕی 15 هەزار پاوەن غەرامە دەكرێت.
یاساكان هاندەرن بۆ فرۆشی زیاتر، بەڵام دۆخی بازاڕ یارمەتیدەر نییە، لەبەر ئەوە كۆمەڵەی بەرهەمهێنەران و بازرگانانی ئۆتۆمبێل كە بە كورتكراوەی (SMMT) ناسراوە، نووسراوێكی پێشكەش بە حكومەتی بەریتانیا كرد و تیایدا هۆشداری دەدات، كە فرۆشی كۆمپانیاكان ئامانجی ساڵانەی دەستنیشانكراو ناپێكێت، هەرچەندە كۆمپانیاكان ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان داوە بۆ گەیشتن بەو ئاستە و لە كۆی بەرهەمەكانیشیاندا بە بڕی دوو ملیار پاوەن داشكاندنیان كردووە، كە دەكاتە 2.6 ملیار دۆلاری ئەمریكی.
كەمبوونەوەی فرۆش
ئەم هۆشدارییە، تەنیا بۆ ئەوە نییە كە حكومەت بەزەیی بە كۆمپانیاكاندا بێتەوە، بەڵكو زیاتر بۆ ئەوەیە كە وەبیر حكومەتی بهێنێتەوە، كە دابەزینی ئاستی فرۆش كار دەكاتە سەر تێكڕای گەشەی ئابووریی ساڵانە، ئەوەتا پۆل دالیس پسپۆڕ لە كۆمپانیای (كاپیتاڵ ئیكۆنۆمیك)ی تایبەت بە توێژینەوەی ئابووری دەڵێ: ئەم ساڵ، كە پڕفرۆشترین ساڵی ئۆتۆمبێلی كارەبایی بووە، لە نیوەی دووەمی ساڵەكەوە فرۆش بە رێژەی %10 كەمییكردووە و ئەگەر بەو شێوەیەش بەردەوام بێت، گەشەی ئابووری بە رێژەی %0.2 كەم دەكات، هەڵبەت پێگەی وزە-ش كە بارەگاكەی لە واشنتۆنە ئەم بۆچوونەی پشتڕاست كردۆتەوە.
بەریتانیا وادەكە پێش دەخات
ئەم هەواڵە لە كاتێكدایە كە حكومەتی بەریتانیا بە رێبەرایەتی پارتی كرێكاران هەوڵ دەدات پرۆسەی گۆڕینی ئامرازەكانی هاتوچۆ لە ئامرازی سووتەمەنی كاربۆنییەوە بۆ ئامرازی كارەبایی خێراتر بكات، پلانی پێشتر وابووە، كە تا ساڵی 2050 ئامرازی هاتوچۆ بە سووتەمەنی كاربۆن بگاتە سفر و ئامرازەكانی دیكە جێگەیان بگرێتەوە، بۆ هاندانی كۆمپانیاكانیش بەرەو ئەو ئامانجە، حكومەتی بەریتانیا بە نیازە وادەی قەدەغەكردنی ئۆتۆمبێلی بەنزین و دیزڵ لە 2035وە بگۆڕێت بۆ 2030.
بەڵام ئەم ئامانجە لەگەڵ كێشەی فرۆشی بەرهەمە كارەباییەكان رووبەڕوو دەبێتەوە، چونكە بەرامبەر بە بەرهەمهێن، بەكاربەر هەیە و یەكەم كێشەی بەكاربەریش لە بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی كارەباییدا، مەسەلەی مسۆگەركردنی وێستگەكانی چارجكردنەوەی ئۆتۆمبێلە، كە تا ئێستا لە ئاستی پێویستدا نییە و ئەو بابەتەش بەكاربەری نیگەران كردووە، لە سیستمی كڕین و فرۆشیشدا هەر جۆرە نێگەرانییەك دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی خواست و سەرەنجام ئەگەری پاشەكشەی ئابووری لێدەكەوێتەوە.
سەرچاوە: پرۆجێكت سەندیكەیت