دوێنێ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، بە بانگهێشتی رەسمی و بۆ بەشداریی لە كۆنگرەی ساڵانەی نێودەوڵەتی بۆ خێزان، گەیشتە قەتەر.
چالاكییەكانی كۆنگرەی ساڵانەی نێودەوڵەتی بۆ خێزان، رۆژانی 30 و 31ی تشرینی یەكەم دەستپێدەكات و ژمارەیەك لە خانمانی یەكەم و هاوسەری سەركردەكانی چەندین وڵات بەشداردەبن. كۆنگرەكە لە چەند تەوەرێكدا دۆخی خێزان و ئاڵنگارییەكانی ئایندە تاوتوێ دەكات، چارەسەر و پێشنیار دەداتە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكان و خاوەن بڕیارەكان بۆ پشتیوانیی کردن لە خێزان و رۆڵبینینی لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و جیهانی، لەگەڵ پتەوكردنی هوشیاریی نێودەوڵەتی و رۆڵی یەكلاكەرەوەی لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەشەپێدانی بەردەوام.