دوێنێ، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پێشوازیی لە ئۆلیگ ڤلادیمیرۆڤیچ لێڤین كونسوڵی روسیا لە هەرێمی كوردستان كرد، كە بەبۆنەی تەواوبوونی ئەركەكەیان لە هەرێم و ماڵئاواییكردن، سەردانی كردبوو.
كونسوڵی روسیا، سوپاسی سەرۆكی پەرلەمانی كرد بۆ هاوئاهەنگی و پەیوەندیی نێوانیان لە ئەركە سیاسی و دیپلۆماسییەكاندا. لە بەرامبەریشدا سەرۆكی پەرلەمان، تەئكیدی لە پەیوەندییەكانی نێوان كوردستان و روسیا لە هەموو ئاستەكاندا، كردەوە.
هەر لە دیدارەكەدا، پرسی وەبەرهێنان و بوونی وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكانی روسیا لە هەرێمی كوردستان و دۆخی بازرگانی، گفتوگۆی لەبارەوە كرا.
لەلایەكی دیكەوە و لەمیانی پێشوازی لە ئەمیر ئاریان بەڕێوەبەری نووسینگەی هاوكاریی هەڵبژاردن لە نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق و ریكاردۆ رۆدریگز بەرپرسی نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەولێر، سەرۆكی پەرلەمان، رایگەیاند: بارودۆخی ئێستای عیراق، پێویستی بەوەیە بە زوویی حكومەتی نوێ پێبكهێنرێت. «سازش لەسەر هەندێك ماف و دەستپێشخەریی بوێرانە بۆ گەیشتن بە رێكەوتن، ئەركێكی نیشتمانییە بۆ دەربازكردنی عیراق لە بارودۆخی چەقبەستووی».
سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و روانگەی حزبەكان لەسەری، سەرۆكی پەرلەمان تەئكیدیكردەوە كە «ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێكەوتن، پەرلەمان لەڕووی یاساییەوە هاوكار و هەماهەنگیان دەبێت».