«شێرزاد حەسەن»
لێرە.. پیاوانی ئێرە... هەرهەموویان
چ عاشق بن و چ شەهوەتباز،
گەر بۆ تەنها شەوێکیش بێ
دەخزێنە نێو باوەشی خانمۆڵەکان... چ سۆزانی و چ پاکیزە،
ئەوە دیسانەوە منم بوومەتە مەسخەرەی مەجلیسی هەمووان.
من دەڵێم: ئاخر منی شەیدا بە ژنێکی رۆح زەعفەران
کە خەم چاوانی کز کردووە
عیشق هەردوو سەرکوڵمی شەمزاندووە
تەواوێ داگیری کردووم،
کەچی ئەوان.. پیاوانی خێڵی خوڵق بەران و تەگە
بە پیاوێکی بێهەوەس و بێزەوق و بێدەمارم دەزانن.
من چی لەو خێڵی سەگەل و مەیموونە بکەم؟
ئای گیانی من..
لە نامەی ئایندەی خۆتدا جارێکی تر دڵنیام بکەرەوە
کە من لە ئاوێنەی رۆحی تۆدا نەبێ،
لە هیچ ئاوێنەیەکی دیکەدا خۆم نابینم.
تەنها سەرپەنجەی تۆیە کە بە سەری پەنجەم دەکەوێ
جوانترین ئاواز لەو تەختی رۆحەم هەڵدەسێ.
ئەوە تەنها نیگا شەرمن و پڕسۆزەکەی تۆیە
سەراسیمەم دەکات و سەر و سەوادم ناهێڵێ.
ئەوە تەنها ماچێکی لێوە لەرزیوەکانی تۆیە
کە دەمباتەوە بەهەشتی دۆڕاو و باوەشی تۆ
منی دۆڕاو لەم دۆزەخە دەردێنی و رەهام دەکەیت
من چی لەو ژنانەی ئێرە بکەم؟
کامەیان رۆحی هەلاهەلام دەبینێ کە غار دەدا،
بەسەر ئەم زوقم و بەفرەدا، بە پێی پەتی؟
لە حەژمەتان... حەژمەتی دووریی تۆ
من چەندە غەریب و نائاشنام بەو بۆن و بەرامە ئەوان.
گەرچی بە شلیک و شەهد و شیر، شێلراون
وەلێ من چی بکەم.. نازدار حەیرانی من
کە لە پێدەشتی سووتاوی لەشی تۆدا
ئەمن.. خۆڵەمێشی ئەو گوڵەگەنمانە دەلێسمەوە
کە بێجگە لە خۆم.. هیچ کەسێکی دیکە تامی ناکات.
بمبوورە ئازیز.. ئیدی من لەمڕۆکەوە.. دزەنیگایەک
سووکە ئاوڕێک لەو مامزە ژنانەی ئێرە،
بەوپەڕی بێزەوقی و بێ نەزاکەتی دەزانم.
ئیدی ئەوە منم... دوا پیاوی شەیدا و کێوی و دنیا نەدیدە.
وەلێ.. یاغنیش و گەلحۆ.. لە دیدی مەحشەری قونچکە پیاوان
توو گیانی خۆت.. لە نامەی ئەم جارەتدا دڵنیام بکەرەوە
کە منی دێوانە و پەتیارە، یەکێکم لە توخمی ئینسان..!
فنلاند/ هێلسنکی