(پانتۆمایمی هەمەچەشنە)

01:31 - 2024-10-31
ئەدەب و هونەر
33 جار خوێندراوەتەوە

شیعری: بریان پاتن
لە ئینگلیزییەوە: شێرزاد حەسەن




«ولیەم» چەندین سترانی ئەڤینی نووسی
لە نێو قاوەخانەكان‌ و هۆڵەكانی سەمادا،
لەنێو ئاهەنگەكانی سەر كەنارەكان
بەرلەوەی خەڵكیی وەئاگابێن.
هەرچییەكی كە باڵندەكان دەیانخوێند..
ئەم دەیكردن بە ستران‌ و هۆزان
ئەو لەنێو دارستانەكاندا ماڵی خۆی چێكرد،
بە چیلكەیەك‌ و مەرەكەبی قارچكەكان
لەسەر گەڵاكانی دەنووسی
لەسەر توێكڵی بڕاو لە قەدی درەختەكان
ئەو سترانبێژە ئەوینداری تۆ بوو.. هی منیش
دڵداری ئەو شۆخە و.. هی ئەو پیاوە عاشقەش
ئەوە «ولیەم» بوو.. كۆی عاشقەكانی بێدار کردەوە
سترانەكانی.. هۆنراوەكانی 
چەندە مەزن ‌و درەوشاوە  و جیاواز بوون
ئەو سترانانەی بوون بە رووبار..!
* * *
وەلێ هەرچۆنێك زوو لە خەو هەڵسابێ
لەو دوو جێگایەی وا لە تەنیشتییەوە
هیچ كەسێك نییە و.. چۆڵ‌ و خاڵین
هیچ خانمێكی شەرمنیش بە رێی
سپێدەی «ئەو»دا.. غارنادا
جێی پاژنە وردیلەكانی زستانیش..
هیچ كاتێ بەفری نەرم قووڵ دروست ناکات..!
* * *
كە بەیانی لە خەو هەڵدەستی
من هۆنراوەیەكت پێشكەش دەكەم،
هۆنراوەیەكی پڕ لە ئاشتی و دڵنەوایی
كە هەرگیز غەمگینت نەكا
كە قەت وەڕس‌ و نیگەرانت نەكات،
زۆر بە سادەیی.. تەنها هۆنراوەیەكە بۆ تۆ
كە بەیانی لە خەو هەڵدەستی..!
* * *
لەژێر سەرینەكەتدا دەیدۆزیتەوە
یان لە  دۆڵابەكەت کە دەیكەیتەوە: وا لەوێدا
چەندە بە سەرسامییەوە چاو دەتروكێنی
هاوار دەكەی: «چۆن ئاواهی هەڵدەلەرزێ
وای لە رووتی ئەو شیعرەی دەمترسێنێ
وای لە تام و بۆنی و جوانی تازەیی..!»
* * *
بۆ قاوەڵتی بەیانی ئەو شیعرەمان دەبێ
لەسەر مێزەكەمان: ئەڤین-ەكە دادەگیرسێنێ
لە جێگەیەك كە داگیرکراوە بە سەرسامیی
ئەوساش ماچێكی كراوەش دەبەخشینە جیهان
ئەو كاتەی بەیانییە و لە خەو هەڵدەستین..!
* * *
ئەو شیعرەش پێشكەشی کێ دەكەین؟
بەو خاوەن ماڵە غەمگینەی وا لە ناو بالكۆنەكەدا وەستاوە،
بەو کەسانەی كە لە پشت پەنجەرەكانەوە خەون دەبینن،
بەو دەستەی بێ نیازێكی دیار بۆ سڵاو بەرز دەبێتەوە،
پێشكەشی دەكەین  بە خۆت و بە خۆم
چ شتێكی زۆر بەرچاو و سەرسوڕهێنەرە.
ئاخر.. خۆ هیچ کەسێک نەهاتووە.. نەماوە
بە دەست و دیارییەوە سەراسیمەمان بکات.
پێشكەشی دەكەین بە سەرجەم توخمی ئینسان
كە لە ناو من‌ و تۆدا دەژی ‌و رێدەكات
ئەوكاتەی بەیانییە و لە خەو هەڵدەستین!

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان