سازدانی: نەرمین عوسمان محەمەد
لە رۆژانی27 ،26، 25 ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، دووهەمین دیداری فیلمی کوردیی لە شاری بێرمینگهام بەڕێوەچوو کە تێیدا لەسەر شاشەی سینەۆڵدی بەریتانی، کۆمەڵێك فیلمی کوردیی کورت و درێژ نمایش کران. سەبارەت بەم چالاکییە (ئەدەب و هونەری رۆژنامەی کوردستانی نوێ) ئەم دیدارەی لەگەڵ خاتوو لازۆ ئازاد، سەرپەرشتیاری هونەریی و کاروبارەکانی ستەیجی دیدارەکەدا سازکرد، سەرەتا لێمان پرسیی:
-بیرۆکەی ئەم دیدارە لە کوێوە سەری هەڵداوە؟
* لەسەرەتاوە بیرۆکەی نمایشکردنی فیلمی کوردی لە سەر یەکێک لە شاشەکان لە بەریتانیا، بیرۆکەی کاک دارۆ عەزیز بوو و دواتریش کۆمەڵێک هاوڕێ لەگەڵ کاک دارۆ دەستیان کرد بە کارکردن و منیش وەکو سەرپەرشتیاری هونەریی دیدارەکە و بەرپرسی کار و باری ستەیج دەستم بە کارکرد.
-گرنگیی ئەم دیدارە بۆ سینەمای کوردیی چیە؟
* گرنگیی ئەم دیدارە لەوەدایە دەبێتە پردی پەیوەندیی لە نێوان ئەکتەران و دەرهێنەران و فلیمسازانی کورد، لەگەڵ ئەکتەران و هونەرمەندانی بەریتانی و هاوکات بەر بینەری بەریتانی دەکەون، ئەوە بێجگە لەوەی کە کۆمیونیتییەکی فراوانی کورد لە بەریتانیا و شاری بێرمینگهام و دەوروبەری هەن و دەبنە بینەری ئەو فیلمە کوردییانەی لە کوردستاندا لەگەڵ بڵاوبوونەوەیدا نمایش دەکرێن بەڵام ئەمان دەرفەتیان نابێت بیبینن، ئێمە ئەو هەلەیان بۆ دەڕەخسێنین.
-ئامانجەکانی ئەم دیدارە چین؟
* دیداری فیلمی کوردیی چەند ئامانجێکی هەیە، یەکێک لەو ئامانجانە ئەوەیە بینەری کورد لە دەرەوەی کوردستان بەتایبەتی لە بەریتانیا و بەدیاری کراوی لە شاری بێرمینگهام و دەوروبەری، دەرفەتی بینینی فیلمی کوردییان هەبێت، هەروەها ئامانجێکی دیکە ئەوەیە بینەری ئینگلیز بتوانن ببنە بەشێک لەو میوانانە و بتوانن فیلمی کوردیی ببینن هەروەها پردێکی پەیوەندیش دروست ببێت لە نێوان ئەکتەر و هونەرمەندە بەریتانییەکاندا.
-پەیوەندیی بەرێزتان وەکو ژنە شاعیرێک بەم دیدارەوە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتیەکەت چۆن بوو؟
* من وەکو خۆم زیاتر وەکو نووسەر و شاعیر ناسراوم، بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونەی هەمە لە بواری بەڕێوەبردنی پڕۆژە و کاری هونەریی و کاری رێکخراوەیشدا، ساڵی پار کاک دارۆ پەیوەندیی لەگەڵ کردم و داوای لێکردم ببمە ئەندامێکی بۆردەکە و ئەزموونی خۆم بەکاربهێنم بۆ سەرخستن و پشتگیریی کردن لەم دیدارە.
-خەڵاتی دیدارەکە بە چ فیلمێک بەخشرا؟
* لە خولی پێشوو و ئەم خولەیشدا هیچ خەڵاتێک بە هیچ فیلمێک پێشکەش نەکراوە، لەبەرئەوەی ئەمەی ئێمە دیدارە نەک فێستیڤاڵ، بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بکرێتە فێستیڤاڵ، تەنها لە مەراسیمی رۆژی یەکەمدا سپۆنسەرەکان دیاریی بۆردی دیدارەکەیان وەرگرت و هونەرمەند (شەماڵی عەبەڕەش) خەڵاتی دیدارەکەی وەرگرت کە خەڵاتێکی ساڵانەی دیدارەکەیە و دەبەخشرێت بە هونەرمەندێک لە بواری سینەمادا کاری کردبێت، هیچ خەڵاتێکمان بۆ فیلمەکان نەبووە.