ئا: ئەرسەلان حەسەن
سانت ئێگزوپێری لە ساڵی 1943 شازادە بچکۆلەی بڵاوکردەوە کە بۆ زیاتر لە300 زمان وەرگێڕدرا و زیاتر لە200 ملیۆنی لێ فرۆشرا، بەڵام لەخۆتان پرسیووە باسی چی دەکات و چ نهێنییەک لەودیو دێڕەکانیدا شاراوەیە؟
بێگومان (شازادە بچکۆلە) لەناو هەموو کتێبە فەرەنسییەکانی سەدەی رابردوودا، یەکێکە لە خۆشەویستتریین کتێبەکانی دنیا، بەڵام خاڵی جێگای سەرنج لە چیرۆکەکەدا، مانا شاراوەکانە لەکتێبەکەدا (ئامانج، نیاز و ریشەکانی)، تەنانەت 75 ساڵ دوای نووسینیشی بۆ زۆر کەس روون نییە!.
بەچاوگێڕان بەیەکەم رەخنە دوای بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا، تێدەگەین شازادە بچکۆلە پێشوازییەکی گەرم و نموونەیی لێنەکرا. گەرچی خوێنەرانی شۆک و سەرسام کرد، بەڵام لەرەخنەگرانی تەنیا پی. ئێڵ. تراڤێرس، لە رەهەندی ماناو گرنگییەکەی تێگەیشتبوو. بەتێپەڕینی کات رای خوێنەران گۆڕا، بەرهەمێکی کلاسیک، بەرهەمێکی کلاسیکە. ئەنجامەکە گۆڕا بەڵام بابەتەکە نەخێر، واتا هێشتا کتێبەکە و ناوەڕۆکی سەرەکیی لەخەرمانەیەک ئاڵۆزیدایە!.
هەموومان ئاشنای ئەم چیرۆکەین: «فڕۆکەوانێک لەبیابانێکدا دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام هێشتا چانسی ژیانی هەیە. ئەم فڕۆکەوانە داماوە، لەپڕ گەنجێکی سەیر دەبینێت، نەدەتوانین بڵێین پیاوێکی بەتەمەن و نەکوڕێکی گەنج، بەدرێژایی چیرۆکەکە دەردەکەوێت گەنجەکە لە هەسارەیەکی دوور دەژی و ئەو و تەنیا گوڵێکی سووری لێیە. نامۆیەک کە خۆشەویستیی بێئەندازەی بۆ گوڵە سوورەکە دەکاتە بیانوی سەرەکیی گەشتەکەی. دەرئەنجامی گەشتەکە تا ئاشنابوون بەفڕۆکەوانەکە، دیدارێکە لەگەڵ رێوییەکی ژیر و فریشتەی مەرگ و مارێک»
ساڵانێکی خایاند و خوێنەرێکی زۆر کتێبەکەیان خوێندەوە تا تێبگەن ئەم کتێبە گێڕانەوەی چیرۆکی شەڕە، نەک تەمسیلی شەڕ بەڵکو ئەفسانەیەک لە شەڕ. دەتوانین لەناو هەستە سەرەکییە پەنهانەکانی دێڕی کتێبەکەدا، ئاماژە بەگرفتاریی، گۆشەگیریی، ترس و نادڵنیابوون بکەین، هەڵبەتە ئەم هەستە ناخۆشانە، بەهۆی عیشق و قسەکردن کەم دەبنەوە.
شازادە بچکۆلە چیرۆکی شەڕە و پەیوەندیی بەشکانی فەرەنسییەکانەوە هەیە، ئەزموونی داگیرکارییە. هەستی شەرم و شێواوی پاش کاولکارییە، ئەگزوپێری والێدەکات ئایدیالی دەرهەستەیی بخاتە بەرامبەر عەشقی تایبەتییەوە و ئەفسانەیەک بخوڵقێنێ، دەکرێت بەهاوئاهەنگییەکی ناخودئاگای ئەزموونی دوای شەڕی دیکەی شاعیران و نووسەران بزانی.
بەهۆی بایۆگرافیاکەی (Stacy Schiff)، ئاگامان لەبارودۆخ و چۆن نووسینی شازادە بچکۆلە دەبێت، دەزانین ئەگزوپێری لە ئەوروپاوە بۆ مەنفایەکی نەخوازراو و ناخۆش لەئەمریکای باکوور هەڵاتووە و ئەم فەرەنسییە زۆرترین ئەفسانەی لە مانهاتن و لۆنگ ئایلەند نووسیوە.
جێگای سەرنجە بزانین ژینگەی بیابانیی کتێبەکە، ئیلهامی گرتووە لە ئەگزوپێری فڕۆکەوان لە ساڵی 1935دا، لەوسەردەمەدا کە نزیکەی هەفتەیەک لەبیابانی سعوودیە گرفتاربوو. رەنگدانەوەی بیرەوەرییەکانیەتی لە تەنیایی بێکۆتایی، وەهمەکان، ترس لە مردنی بەوەخت و جوانی بیابان لەکتێبەکەدا دەبینین!
چیرۆکی خۆشەویستیی شازادەی بچکۆلە بۆ گوڵە سوورەکەش بەرەنجامی پەیوەندیی رۆمانسیی و تۆفاناوی هاوسەرەکەی (Consuelo)یە. بەهۆی (Schiff) دەزانین کاتێک ئەگزوپێری لە ساڵی1935 فڕۆکەکەی کەوتەخوارە و لەبیاباندا ونبوو، ترسی لەدەستدانی ئەستێرەکەی بەسەریدا زاڵبوو. بیابان و گوڵەبەڕۆژە(ژیانی وەک فڕۆکەوانیی و عاشقێکی بێزار) ئیلهامبەخشی ژیانی بوون، بەڵام شەڕ هێڵێکی لە نێوان ئەم دوو ئەزموونەدا کێشاوە و ئەم دوو ژیانە لێک جیادەکاتەوە. گەشتی شازادەی بچکۆلە دەربەدەریییە، لەم گەشتەدا فێردەبێت بەرپرسیاربێت لەگوڵەکەی، تێدەگات دەبێت وەک خۆی بیبینێت بە هەموو ناسکییەکەیەوە. تێدەگات نابێت لەبەر ناسکیی ئەم گوڵە درێغیی لەخۆشەویستەکەی بکات.
وێنەی سەرەتای کتێبەکە پەیوەندیی بەقووتدانی فیلێکەوەیە لەلایەن مارێکەوە! بەڕای گێڕەرەوە، بەتەمەنەکان وەک رووداوێکی ئاسایی و گشتی لێی دەڕوانن، بەڵام ئەو شوێنەیە ئەگزوپێری هاودەنگی سوریالیستە هاندەرەکانی دەبێت.
دەکرێت لەتابلۆکانی رێنی ماگرێتدا، خاڵی جێگا سەرنج ببینی، بۆ نموونە لێکچوونی دوو دڵی ئاسایی کڵاوەکانی چینی مام ناوەندی کۆمەڵگە لەوانەیە وەک ئاماژەیەک هەر کاتێک کڵاوێکی لبادی گەرگەری ببینێت، مارێکی بوئای لەناودابێت. دەکرێت هەر کڵاوێک بوئایەک لەسەر سەر نیشانبدات کە (دروشمێکی جوانە، بۆ پێشانگایەکی سوریالیی).
سەرچاوە: vinesh.ir