ئێرهان سونار
له توركییه‌وه: فه‌رهاد چۆمانی
له رۆمانه‌كانی ئیشگورۆدا مرۆڤه‌كان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و به‌خۆشی و به‌وپه‌ڕی كراوه‌ییه‌وه ناخی خۆیان بۆ یه‌كدی هه‌ڵده‌ڕێژن. ئه‌گه‌ر بڵێم كازو ئیشگورۆ له رۆمانه‌كانیدا به‌شێكی زۆری ژیانی كاره‌كته‌ره‌كانی بۆ یادگه و به‌یادهێنانه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌كان ته‌رخانكردووه، له‌وه‌یه هه‌ڵه‌م نه‌گوتبێت. به‌بێ په‌نابردنه به‌ر گوتاری باڵاده‌ست و ره‌سمی گێڕانه‌وه مێژووییه گه‌وره‌كان (ته‌نیا پاشماوه‌ی رۆژێك تاڕادده‌یه‌ك له‌و دۆخه ریزپه‌ڕ ده‌بێت) كاره‌كته‌ری رۆمانه‌كانی به ته‌واوی روونی و بێ متمانه‌ییه‌وه بێسره‌وت «بیره‌وه‌ریی»ه كانیان باس ده‌كه‌ن. هه‌ر به‌وه‌وه ناوه‌ستێت هێواش هێواش ته‌واوی ده‌قه‌كه؛ به‌ڵكو هه‌ندێكجار كاره‌كته‌ره‌كان هه‌ستێكی وایان هه‌یه خۆشیان نه ویستیان هه‌یه و نه توانای ئه‌وه‌یان هه‌یه به‌ر به‌م یادهاتنه‌وه‌یه بیره بگرن. به‌ڵام رایه‌ڵی ئه‌ده‌بییانه‌ی نووسه‌ر پشتیان پێده‌به‌ستێت، به پێچه‌وانه‌ی پروسته‌وه، واده‌رده‌كه‌وێت یاده‌وه‌ری له په‌یوه‌ندی و ره‌وتدا له‌گه‌ڵ توخمه ناوه‌كییه‌كانی دیكه‌ی رۆمان به‌شێوه‌ی «پێكهاته‌یی دێته به‌رچاو. رسته‌كان زۆر درێژنابنه‌وه«تووشی سه‌ره‌گێژه‌ت ناكه‌ن» له به‌راوردكاری و هێنانه‌وه یاددا، هه‌موو شتێك دانه دانه ده‌گێڕێته‌وه و له كۆتایی رۆمانه‌كه‌شدا بۆ به‌رگرتن له شه‌پۆلی یاده‌وه‌رییه‌كان لۆژیكێكی ئه‌ده‌بی باڵا دێته‌ناوه‌وه. به ده‌ربڕینێكی تر به‌بێ ئه‌وه‌ی رۆمان متمانه‌ی دڵنیایی بداته كاره‌كته‌ره‌كان و به‌رده‌وام دووچاری بیرهێنانه‌وه ده‌بن، خوێنه‌ریش به‌رده‌وام ئه‌و په‌یوه‌ستبوونانه گرێده‌داته‌وه و هه‌موو كاریگه‌رییه‌ك ئه‌وانه‌ی تایبه‌تن به هۆش، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگاته جۆرێك له ده‌ره - حه‌قیقه‌ت و نالۆژیكی، له‌سه‌ر ره‌وتێكی رێك‌وپێك و هاوئاهه‌نگ ده‌مێننه‌وه.
ئه‌و به‌هایانه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕ داڕوخاون
توخمه‌كانی «دیكه«ی رۆمان كه ئیشگورۆ به‌وردی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردوون له خولگه‌یه‌كی وه‌هادا ده‌خولێنه‌وه. به‌و پێیه‌ی كاره‌كته‌ره‌كان هێنده‌ی خۆیان جێگه بۆ جیهانی ده‌ره‌وه و په‌یوه‌ندییه‌كانیان و ژیانی راسته‌قینه‌یان و مێژوو بكه‌نه‌وه و زۆربه‌ی جاریش بۆ كه‌سانی دیكه، بۆیه ناچار ده‌بین كه‌سی گرنگ هه‌ندێك په‌یوه‌ندی هه‌بێ. له كتێبی «هونه‌رمه‌ند له جیهانێكی گۆڕاودا» كه رووداوه‌كانی له ژاپۆن رووده‌ده‌ن و رۆمانێكه بۆ نه‌وجه‌وانان، ماسووجی ئۆنۆی نیگاركێش، كه كاركته‌ری سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه‌یه له دوای شه‌ڕ له نێو ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی له نه‌ریت و «نیشتمانپه‌روه‌ریی» دابڕاوه هه‌ر ته‌نیا گومان له به‌هاكانی نێو كۆمه‌ڵگه و پێگه و رێزی خۆی ناكات، به‌ڵكو له په‌یوه‌ندی خێزانی و دۆستایه‌تیشدا، كه كه‌وتۆته نێو ته‌مێكه‌وه دڕدۆنگ ده‌بێت و ناتوانێت به هیچ بڕیار و ده‌ره‌نجامێك بگات. ئاخۆ ئه‌و به‌هایانه‌ی سه‌رده‌می شه‌ڕ داڕوخاون، ئاخۆ ئیتر ئه‌و به‌هایانه به‌هه‌ڵه داده‌نرێن، یاخود سه‌رتاپا رابردووه‌كه‌ی ئۆنۆ هه‌مووی هه‌ر شكست و هه‌ڵه بووه؟ تا ئه‌و راده‌یه‌ی ئۆنو هێشتا له نێو به‌هاكانی نه‌ریته خێزانییه‌كانی ژاپۆنیدا ماوه‌ته‌وه. هاوكات گۆڕانی كۆمه‌ڵگه به‌ڕاده‌ی ئه‌وه‌ی زیان به‌پێگه و پایه‌ی جارانی بگه‌یه‌نێت ده‌بێته مایه‌ی گه‌نگه‌شه. نیگاركێش چه‌نده به په‌رۆشه‌وه هه‌وڵی ئه‌وه بدات ئه‌و ئه‌زموونی ژیانه بكاته نموونه‌ی ئایدیالێكی نه‌گۆڕ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و ئه‌زموونه چیتر ئه‌زموونێكی نه‌گۆڕ نییه.
ئه‌گه‌ر كه‌مێكی تر ده‌وروخولی چه‌مكی یاده‌وه‌ری بده‌ین، زۆر شتی په‌یوه‌ست به یاده‌وه‌ری له رۆمانه‌كانی ئیشگورۆدا ده‌رده‌كه‌ون و ونده‌بن، كه یه‌كێكیش له‌وانه هه‌ستی قووڵبوونه‌وه و نۆستالژیه، یاخود راست بڵێین ئه‌وه‌یه هه‌ستی خه‌مۆكی له مرۆڤدا زیندوو ده‌كه‌نه‌وه. له پاشماوه‌ی رۆژێكدا خزمه‌تكار ستیڤنس كه یه‌كه‌م پشووی ماوه‌درێژی كاره‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت، به ته‌واوی ورده‌كارییه‌كانییه‌وه ژیانی خۆی دێته‌وه‌بیر كه لای خاوه‌نماڵه ئینگلیزه‌كه‌یه‌وه ده‌ڕوات و ده‌چێته لای ئه‌مریكاییه‌ك و ژیان و كۆشكی شاهانه‌ی. دووباره هه‌موو ئه‌و سرته و قسه دیپلۆماسیانه‌ی كه كۆبوونه‌وه دیپلۆماسییه‌كانی ماڵه‌كه‌دا گوێی لێبوون و تایبه‌تمه‌ندی كه‌سایه‌تی هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی دێته‌وه‌بیر. به‌جۆرێك له جۆره‌كان ئاشنای تایبه‌تمه‌ندی كه‌سایه‌تی هاوكاره‌كه‌ی خاتوو كێنتۆن و لۆرد دارینگتنی خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ی ده‌بین. «یاده‌وه‌ری» ستیڤنز ده‌مانباته‌وه سه‌ر هه‌موو ئه‌و هه‌ستانه‌ی له‌و هه‌ڵچوون و داچوونه هه‌سته‌كییانه‌دا مرۆڤ دایانده‌گرێت، وه‌ك عه‌شق، هه‌ستی مرۆڤانه، به‌زه‌یی، پێویستی... ئه‌و به‌یادهاتنه‌وه‌یه له پاڵ كاره‌كه‌یدا وه‌ك «كاری هۆشه‌كی» ستیڤنز ده‌رده‌كه‌وێت. به‌جۆرێك به‌یادهاتنه‌وه خۆی و ژیان و چاره‌نووسیشی ئاڕاسته ده‌كات. ئه‌ویش هه‌ر سه‌باره‌ت به‌و دوو كه‌سه نا كه له ژیانی ده‌رچوون، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و به‌شانه‌ی ژیانی وێرانكه‌ری سیاسی، تێگه‌یشتنه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، رێكه‌وتنی كار، نهێنییه دیپلۆماسییه‌كان و ئه‌و دنیایه‌ی خۆی هێشتا پێیه‌وه «په‌یوه‌ست»ه، به یه‌كانگیریی و ته‌واوه‌تی هه‌مووی دێته‌وه به‌رچاوی. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ست نابێته‌وه به‌وه‌ی داخۆ ستیڤنز ژیانێكی جوان و باش ژیاوه یاخود نا، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی كردووه و به‌ریكه‌وتووه، ده‌ژێته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی به روونی له‌وه تێبگات كه « له‌ده‌ستیداون «
ده‌شێ خه‌مۆكی ژیانی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌تێری و به‌پێی خواستی خۆیان نه‌ژیاون، له هه‌ندێك رۆمانه‌كانی تری ئیشگورۆدا به‌دی بكه‌ین. كاتێك كریستۆفه‌ر بانكس هه‌م له خه‌یاڵه‌كانیدا و له ژیانی كاردا به‌دوای دایك و باوكی‌دا ده‌گه‌ڕێت، كه له منداڵییه‌وه ونی كردوون، هه‌روه‌ها له رۆمانی هه‌رگیز به‌جێم مه‌هێڵه یه‌كێك له‌و منداڵانه‌ی به‌شێوه‌ی دانانه‌وه دروستبوون و به مه‌به‌ستی ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ژیانیشیان بكه‌وێت ببنه رزگاركه‌ر و به‌خشه‌ر بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی دیكه كه پێویستیان پێیه‌تی. ژیانی ئه‌وانیش هه‌ر له ده‌وری یاده‌وه‌رییه‌كی بێ مانادا له قاڵب دراوه. له‌و رۆمانانه‌دا ئیشگورۆ ئه‌گه‌رچی میكانیزمی یاده‌وه‌ری و به‌یادهاتنه‌وه جێ جێ تووشی وه‌ستان ده‌بێت (یاخود به‌ڕای من ئه‌وانه ئه‌و به‌شانه‌ن كه خاڵی لاوازی رۆمانه‌كانی ئه‌ون)، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له كۆتاییدا دوای په‌رتكردن و كۆكردنه‌وه‌ی دواجار هه‌ر ده‌گاته‌وه ئه‌و خاڵه: یاده‌وه‌ری. له‌لایه‌كی دیكه‌وه له بێدڵنه‌واییان ئه‌و مۆسیقاژه‌نه‌ی بۆ ئه‌وه سه‌ردانی شاره‌كانی ئه‌وروپا ده‌كات تاوه‌كو كۆنسێرت پێشكه‌ش بكات، تاكه شت كه دێته‌وه بیری ئه‌و كه‌سانه‌ی چاوی پێیان كه‌وتووه پێیان گوتووه: ئه‌و كه‌سه هیچ شتێكی له رابردووی خۆی بیرنه‌ماوه، وه‌ك ئاماژه‌یه‌كی دژوازیانه بۆ رۆمانه‌كانی دیكه ئه‌مجاره به روونی مێشكی خۆی به رووی هاتنه‌وه یادی هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌دا ده‌كاته‌وه. نیشانی‌دا به‌ژیانێكی بێ یاده‌وه‌ری له ته‌واوی سه‌رلێشێواوی و بێماناییه‌كانی ژیان ده‌ربچێت.
به ئیلهام وه‌رگرتنه‌وه له گابرێل گارسیا ماركیز
له رۆمانه‌كانی ئشگورۆدا مرۆڤه‌كان به‌یه‌ك ده‌گه‌ن و به‌خۆشی و به‌وپه‌ڕی كراوه‌ییه‌وه ناخی خۆیان بۆ یه‌كدی هه‌ڵده‌ڕێژن. له رۆمانه‌كانیدا ئه‌و ورده‌كاری و سه‌رنجه ورده‌ی خراوه‌ته سه‌ر ژیان و بوونه‌وه‌ره‌كانی تر ئه‌وه ورده‌كارییه كه كاره‌كته‌ر و ئه‌زموونه‌كانی نێویان به خه‌یاڵیش وه‌ك خۆكردنه قوربانییه‌ك یادیان ده‌كرێته‌وه. ته‌نانه‌ت له دۆخ و شوێنی وه‌هادا كه هیچ یاده‌وه‌رییه‌كی لێوه نایه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كاریگه‌رییه‌كی «دیموكراسییانه« ده‌نوێنن و به‌درێژایی رۆمانه‌كانی ده‌دره‌وشێنه‌وه له په‌یوه‌ندیدا ده‌مێننه‌وه. به ئیلهام وه‌رگرتنه‌وه له گابرێل گارسیا ماركیز له ژیاندا ئه‌وه بنچینه‌ییه به‌یادهاتنه‌وه و گێڕانه‌وه‌یه، ده‌كرێ له رۆمانه‌كانی كازو ئیشگورۆشدا ره‌چاوی بنه‌ڕه‌ت و بنچینه‌یه‌كی وه‌ها بكه‌ین، كه تاڕادده‌یه‌ك له رۆمانێكییه‌وه بۆ رۆمانێكی تر ئه‌مه ناگۆڕێت و دووباره ده‌بێته‌وه.
سه‌رچاوه: https://oggito.com/