كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی تاوانی پیرۆز

12:50 - 2022-07-07
ئەدەب و هونەر
188 جار خوێندراوەتەوە

كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی"تاوانی پیرۆز" نوێترین به‌رهه‌می "بێهزاد قادری" چیرۆكنووس و رۆژنامه‌وانی شاری مه‌ریوانه‌، له‌لایه‌ن وه‌شانخانه‌ی 49 كتێبه‌وه‌ له‌ ئه‌وروپا چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌. ئه‌م كتێبه‌ سێهه‌مین كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی "بێهزاد قادری"یه‌ و دووهه‌مین به‌رهه‌می ناوبراوه‌ كه‌ له‌ ئه‌وروپا چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. پێشتریش كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی "نێچیری وه‌رزه‌كان" و كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی "شاوه‌تی جنۆكه‌" ئه‌م نووسه‌ره‌ له‌ مه‌ریوان چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ چاپی دووه‌می "شاوه‌تی جنۆكه‌" ئه‌م ساڵ له‌ ئه‌وروپا بڵاوكرایه‌وه‌. 
كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی "تاوانی پیرۆز" له‌ سه‌د لاپه‌ڕه‌ پێكهاتووه‌ و دوازده‌ چیرۆك له‌خۆده‌گرێت كه‌ نووسه‌ر له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا نووسیویه‌تی. چیرۆكه‌كانی كتێبی "تاوانی پیرۆز" چیرۆكی ئه‌و رووداوانه‌یه‌ كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردا هاتوون، هه‌روه‌ها خه‌باتی كورد دژ به‌ داگیركه‌ران و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی كوردانێكی به‌هه‌ڵوێست له‌ چیرۆكه‌كاندا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌. به‌گشتی ده‌توانین بڵێین چیرۆكه‌كانی ریالیستین. كتێبه‌كه‌ به‌ چیرۆكی "خوێنی عه‌جه‌م" ده‌ست پێ ده‌كات. له‌م چیرۆكه‌دا به‌ جوانی هه‌ست به‌ رق و تۆڵه‌ ده‌كه‌ین. به‌ڵام هه‌ستی رق بۆ نه‌ته‌وه‌ بنده‌سته‌كان له‌ روانگه‌ی نووسه‌ره‌وه‌ هه‌ستێكی پیرۆزه‌ كه‌ ده‌توانێت یارمه‌تیده‌ری رزگاری ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ بێت. چیرۆكێكی تری كتێبه‌كه‌ چیرۆكی "تاوانی پیرۆز"ه‌ كه‌ ناوی كتێبه‌كه‌ش هه‌ر له‌م چیرۆكه‌ وه‌رگیراوه‌. چیرۆكی كچێكی كورده‌ كه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی جه‌سته‌ی كز و لاوازییه‌وه‌، خاوه‌ن ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینه‌ و دژی داگیركه‌ران هه‌ڵوێست ده‌گرێت و بۆ گه‌ل و خاكه‌كه‌ی به‌شێوه‌ی خۆی خه‌بات ده‌كات. به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چیرۆكه‌ كچێكتان بۆ وێنا ده‌بێت كه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو كوردستان ده‌یناسن.
"بێده‌نگی" چیرۆكێكی تری ئه‌م به‌رهه‌مه‌یه‌ كه‌ له‌ فۆرمدا له‌ هه‌موو چیرۆكه‌كانی تر جیاوازه‌. ئه‌م چیرۆكه‌ ورده‌ ورده‌ راتده‌كێشێته‌ نێو خۆیه‌وه‌ و له‌ نێو وشه‌ و رسته‌كانی خۆیدا نوقمت ده‌كات. "بێده‌نگی" پڕه‌ له‌ رسته‌ی فه‌لسه‌فی، زانستی و ئه‌ده‌بی و شرۆڤه‌یه‌كی تر له‌ "بێده‌نگی" پێشكه‌ش ده‌كات. له‌م چیرۆكه‌دا نووسه‌ر ده‌گات به‌ پووچی. به‌ڵام له‌و هیچه‌شدا نووسه‌ر شوناسی خۆی لێ ون نابێت. له‌ درێژه‌دا و له‌ چیرۆكه‌كانی دواتریشدا، به‌ شێوازی جۆراوجۆر باس له‌و كاره‌ساتانه‌ كراوه‌ كه‌ به‌سه‌ر كوردا هاتوون و ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی هه‌ستی "رق" به‌رامبه‌ر به‌داگیركه‌ران.

ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان