هەفتەی رابردوو خەڵاتی باڵۆن دۆری ئەمساڵی گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ – 2024 درا و رۆدری ئیسپانی بوو بە براوەی خەڵاتەكە و پێش هەردوو یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید ڤینیسیۆس جونیۆر و بیلینگهام كەوت.
لەدەستنیشانكردنی باشترین یاریزاندا رۆدری تەمەن 28 ساڵ و یاریزانی هێڵی ناوەندی یانەی مان سیتی و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، زۆرینەی دەنگەكانی 100 رۆژنامەنووسی جیهانی لە سەرجەم كیشوەرەكاندا وەرگرت، پێگەی وەرزشیی (Winwin) بڵاویكرۆدتەوە كە پێوەرەكانی رۆژنامە نووسان بۆ دیارییكردنی باشترین یاریزانی جیهانی سێ پێوەر بووە، یەكەمیان ئەدای تاكە كەسی، دووەمیان ئەدای تیپ و دەستكەوتەكانی یاریزانان لەگەڵ یانەو هەڵبژاردەی وڵاتەكانیان، سێیەمیشیان رەفتار و هەڵس و كەوتی یاریزانەكەیە لە یارییەكاندا، كە ئەمە واتاكەی ئەوەیە تا چەند پابەندیی یاریی خاوێنە.
بۆ پێوەری یەكەم كە ئەدای تاكە كەسییە، ئەوە هیچ گومانێكی تیادا نییە كە ڤینیسیۆس باڵا دەستترە، جێگە دەستی بە 35 بەشدارییكردن لە گۆڵكردندا دیارە لە كۆی 39 یارییدا و ئەمەش وایكرد كە ریاڵ نازناوی لالیگا و چامپیۆنس لیگیش بەدەستبهێنێت.
هەرچی رۆدرییە لە پێوەری دووەمدا لە ڤینیسیۆس باڵا دەستترە، لە ئەدای بەكۆمەڵی تیپدا لە ڤینیسیۆس باڵا دەستترە، سێ پاڵەوانێتیی لەگەڵ مان سیتی یەكەم بووە؛ (پاڵەوانی پریمەر لیگ، جامی سوپەری ئەوروپا، مۆندیالی یانەكان). هەرئەوە نا بەڵكو رۆدری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیاش جامی یۆرۆی 2024 -یشی بەرز كردۆتەوە، بەڵام ڤینیسیۆس لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە كوپا ئەمریكادا هەرلە دەوری دووەمەوە كراوەتە دەرەوە، بۆیە لەم پێوەرەدا رۆدری باڵا دەستتر بووە لە ڤینیسیۆس.
پاش ئەوەی هەردوو یاریزان هەریەكەیان لە پێوەرێكدا براوەبوون و 1-1 یەكسان دەبن، شارەزایان و رۆژنامە نووسان پێوەری سێیەم دەكەن بە خاڵی یەكلا كەرەوە، ئەوەیش یاریی خاوێنە، ئەم پێوەرەش بە هیچ شێوەیەك بەلای ڤینیسیۆسدا نەشكایەوە و بەپێچەوانەوە بە لای رۆدریدا شكایەوە و خاڵەكانی زیاد كرد، ئەمەش بەهۆی ئەوەی رۆدری لە یاریگادا ئارام و لەسەرخۆ بووە و كۆنترۆڵی خۆی لەدەست نەداوە، بەڵام بەپێچەوانەوە ڤینیسۆس لە یاریگادا شەڕەنگێز بووە و مایەی كێشە دروستكردن بووە لە یاریگادا بەتایبەتی لەگەڵ ریاڵ مەدرید و کێشەی زۆری لەگەڵ یاریزانان و تەنانەت هاندەرانیشدا دروست کردووە.