ره‌وه‌ز جه‌بار
چیرۆك یه‌كێكه له ژانره ئه‌ده‌بییه گرنگه‌كان، جیاواز له ژانره‌كانی دیكه، هه‌موو كه‌س توانای نووسینی نییه، شتێك نییه په‌یوه‌ست بێت به به‌هره‌وه، له دنیای چیرۆكدا كه پتر هاوشێوه‌ی ئه‌ندازیارییه و هیچ شتێك بێ حساب دانانرێ، ته‌نانه‌ت وه‌ختێ له چیرۆكێكدا باس له ده‌رگایه‌ك، یان گڵۆپێك، یاخود بزمارێك... ده‌بێ وه‌زیفه‌ی هه‌بێ، بێ هۆ هیچ شتێك له چیرۆكدا باس ناكرێ. كڵێشه‌یه‌كه ده‌بێ حساب بۆ هه‌موو شتێك بكه‌یت، له مه‌ودایه‌كی كورتدا ده‌بێ به‌یه‌ك جار كار له‌سه‌ر شوێن، كات، رووداو، كاره‌كته‌ر، فه‌زا، زمان و ته‌كنیك... ئه‌مه‌ش شاره‌زایی ده‌وێت، وه‌نه‌بێ چیرۆكنووس له خۆیه‌وه ملی پێوه بنێ و رسته ریز بكات. له ساتی یه‌كه‌می له دایكبوونی ئه‌م ژانره‌وه باپیره گه‌وره‌ی چیرۆكنووسان وه‌ختێ ئه‌م هونه‌ره‌یان بنیات ناوه له خۆیانه‌وه نه‌هاتوون رسته ریز بكه‌ن، هونه‌رێكی پڕ له چێژه، هاوكات ورده‌كار و هه‌ستیاره، نووسه‌ری ئه‌م بواره ده‌بێ شاره‌زای هونه‌ره‌كه بێت و ئه‌وسا ده‌ست به نووسینی بكات. ئه‌مه‌ش به خوێندنه‌وه‌ی به‌رهه‌می نووسه‌رانی رابردوو و هاوكات شیكاری و لێكۆڵینه‌وه‌ی ره‌خنه‌گره‌كانی ئه‌و بواره ده‌توانێ له‌م هونه‌ره گرنگه‌دا سه‌ركه‌وتووبێ، نه‌ك وه‌كو هه‌ندێك نووسه‌ری لای خۆمان ده‌ستیان بۆ چیرۆك بردووه و بێباكانه ده‌ینووسن و له خۆیانه‌وه رسته ریز ده‌كه‌ن. له‌شكرێكیش له نووسه‌ر په‌یدابووه به بێ ئه‌وه‌ی شاره‌زایی له‌و هونه‌ره‌دا بێت قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات، رانان بۆ چیرۆك ده‌كات. هه‌ر ئه‌وه‌یه خۆی ناوی ناوه رانان ده‌نا جوینه‌وه‌ی چیرۆكه‌كه‌یه و په‌ی به فه‌زا و ته‌كنیك و رووداو و كاره‌كته‌ر نابات. بۆ قسه كردن له‌سه‌ر ئه‌م هونه‌ره ده‌بێ ئه‌و كه‌سه‌ی خۆی كردووه به ره‌خنه‌گر شاره‌زایی باشی هه‌بێ له هونه‌ره‌كه‌دا و شیكاری چیرۆكه‌كان بكات نه‌ك رووداوی چیرۆك یان رۆمانه‌كه كورت بكاته‌وه و بیجوێته‌وه. به‌داخه‌وه سه‌دا هه‌شتا و بگره زیاتریش ئه‌و بابه‌تانه‌ی به ناوی خوێندنه‌وه‌ی رۆمان و چیرۆكه‌وه ده‌كرێت جوینه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌یه.
هۆكاری سه‌ره‌كیش ئه‌وه‌یه ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له‌سه‌ر ئه‌م ژانره قسان ده‌كه‌ن خوێنه‌ری جدی ئه‌و بواره نین، به‌دوای ئه‌و سه‌رچاوه باشانه‌دا ناگه‌ڕێن كه شیكاری چیرۆك و رۆمانه‌كان ده‌كه‌ن.
یه‌كێك له سه‌رچاوانه‌ی ئێستا له‌به‌رده‌ستی خوێنه‌راندایه، ئه‌م كتێبه‌یه. چیرۆك چییه؟ ئه‌م به‌رهه‌مه بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت چیرۆك بنووسن، بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت ببن به‌ره‌خنه‌گری چیرۆك زۆر گرنگه، ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگه له‌سه‌ر هونه‌ری چیرۆكنووسین. هه‌موو ئه‌و بابه‌تانه‌ش خه‌ڵكانێك نووسیویانه شاره‌زا و مه‌علانن به بواره‌كه و له خۆیانه‌وه پێیدا ناكێشن. به وشیارییه‌وه باسی هونه‌ره‌كه ده‌كه‌ن و قسه له‌سه‌ر رووداو و فه‌زا و كاره‌كته‌ر و شوێن و كات ده‌كه‌ن. ناوه‌ڕۆكی كتێبه‌كه له كۆمه‌ڵێك بابه‌ت پێك هاتووه، یه‌كێك له‌و نووسه‌رانه عه‌زیز حه‌كیمییه كه كه‌سێكی زۆر شاره‌زایه له بواری چیرۆكنووسیندا. ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌موو خه‌ڵكی شاره‌زان و زیره‌كانه قسه له‌سه‌ر چیرۆك ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی چیرۆك چییه؟ چۆن ده‌ستی پێكردووه؟ به چ قۆناغێكدا تێپه‌ڕیوه؟ كتێبه‌كه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی گه‌لێك پرسیاره كه خوێندكارانی بواری چیرۆك ده‌توانن سوودی باشی لێببینن. كتێبه‌كه باس له شێوازی نووسه‌ران ده‌كات، بۆ نموونه باس له چیرۆكی پۆلیسی لای ئه‌دگار ئالان پۆ ده‌كات. یان باسی چاخی زێڕینی چیرۆك كه چیخۆف پاشای ئه‌و عه‌یامه‌ی چیرۆك بووه. پاش چیخۆفیش چیرۆك له شوێنی خۆیدا نه‌چه‌قی و پێشڕه‌وی كرد و چووه قۆناغی دیكه‌وه.
ئه‌م كتێبه له كۆمه‌ڵێك بابه‌ت پێكدێ كه چه‌ند نووسه‌رێك نووسیویانه و نووسه‌ر و وه‌رگێڕ محه‌مه‌د كه‌ریم وه‌ریگێڕاوه بۆ كوردی، ناوبراو خۆی هه‌م چیرۆك و رۆمان ده‌نووسێ و هه‌م وه‌رگێڕه، به‌ده‌ر له‌م به‌رهه‌مه كتێبێیكیشی له‌سه‌ر رۆمان وه‌رگێڕاوه، جگه له‌مانه‌ش چه‌ند رۆمانێكی وه‌رگێڕاوه و دوو رۆمانیشی نووسیوه. دواین رۆمانی دێ‌و به‌همه‌ن بوو. له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای سه‌رده‌مه و ئێستا له كتێبفرۆشییه‌كاندا هه‌یه.