سولی بەبێ‌ پلاستیك

کەمپەینەکە بە پاڵپشتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت دەستیپێکرد

10:24 - 2024-11-11
ژینگە
61 جار خوێندراوەتەوە
گەنجان خۆبەخشانە بەشداری لە کەمپەینەكەدا دەکەن

راپۆرتی/ ئالان محەمەد جەزا

کەمپەینی «سولی بە بێ‌ پلاستیك»  لە 2 ی ئەم مانگەدا  بە پاڵپشتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە سپۆنسەری هەریەك لە كۆمپایاكانی ئای كیو، لاڤارج، ماڵی داهێنان و كەناڵی كوردسات وەك میدیا دەستیپێکرد.
پروشە ئاوات خاوەنی سولی سایكڵ و سەرپەرشتیاری کەمپەینەکە بە لاپەڕەی ژینگەی راگەیاند: ئەم کەمپەینە بە پاككردنەوەی سلێمانی لە پلاستیك دەستیپێکردووە و ئێمە وەك (سولی سایکڵ) کە پرۆجێكتێكی ژینگەییە و ماوەی دوو ساڵە خەریكی كاركردنین، لە رێگەی ئامێرەكانی كۆكردنەوەی پلاستیك كە پێیان دەوترێ‌ ئامێری (Reverse vending machine) هەفتانە (100 بۆ 150) كیلۆ پلاستیك ریسایكڵین دەكەین، ئامێرەكانمان کاتێک پلاستیك كۆدەكەنەوە لە بەرامبەردا داشكاندن دەکەین بۆ بەكارهێنەر لەناو سلێمانی و هەولێر ئەمەش رێگەیەکی باشە بۆئەوەی خەڵكی دەستبكەن بە كۆكردنەوەی پلاستیك و جیاكردنەوەی لە خۆڵ و خاشاكی دیکە و دووبارە ناردنەوەیان بۆ ریسایكڵین.
 پروشە دەڵێت: دەستمانکردووە بەم کەمپەینە بەناوی «سولی بەبێ‌ پلاستیك» كە لە چوار رۆژی مانگی 11 لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، رۆژی یەكەمی کەمپەینەكەمان لە (2/11) دا بوو، رۆژی دووەمیشی (9/11) ە بوو، سێیەم رۆژی کەمپەینەكەشمان (14/11) یە كە یادی سلێمانیشە، لەدوای ئەوەشەوە (23/11) چوارەم رۆژی کەمپەینەكەمانە، هەر رۆژە و شوێنێكی گشتی ناو سلێمانی پاك دەكەینەوە.

بەردەوامبوونی کەمپەینەكە
پروشە ئاوات باسی لەوەش کرد ئەوان بە بەردەوامی، پێش و دوای ئەم کەمپەینە، لە هەوڵی كۆكردنەوە و ریسایكڵینكردنی پلاستیكدان و دەڵێت: ساڵی رابردوو لەڕێگەی ئامێرەكانمانەوە شەش هەزار كیلۆ پلاستیكمان ریسایکڵین كردووە.
هاوکات کەمپەینەكە بە تەواوەتی خۆبەخشانەیە و گەنجەكان دێن لەگەڵماندا ئەو شوێنەی دیاری دەكەین لە پلاستیك پاكیدەكەینەوە، ئینجا ئامێرەکانمان بە ئاسانترین رێگە پلاستیكەكان كۆدەكەنەوە، پاشان دەگاتە دەستی كۆمپانیاكانی ریساكڵین بۆ ریساكڵین كردنەوەیان، هەروەها جیاوازی ئامێرەکانی ئێمە  لەوەدایە پلاستیکەکان کۆدەکاتەوە، لەکاتێکدا جاران كەسانێک دەچوون لە خۆڵ و خاشاكەكاندا پلاستیكیان جیا دەكردەوە، بەوەش تووشی چەندان نەخۆشی و رووداو دەبوون. بەڵام خۆشبەختانە ئێستا بە جوانترین شێوە پلاستیكەكانیان بۆ جیادەكرێتەوە و لەڕێگەی ئامێرەكانمانەوە دەبرێن بۆ كارگەكانی ریسایکڵین.
دواجار پروشە لە پرسیاری ئەوەی پلاستیكەكان دوای ریساكڵین كردن چییان لێدەكرێت وتی: هەریەكەیان بەشێوازی جیاواز ریسایكڵین دەكرێنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا شتی جیاوازیان لێ دروست دەكرێت‌، كارگەی سلێمانی جۆرێكی تایبەت لە خوری لێدروست دەكات و كارگەكەی هەولێریش جارێكی دیکە بتڵی پلاستیكی لێ دروست دەكات، هەر یەكە لە كۆمپانیاكان بەشێوازی جیاواز کار دەكەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان