شارەزوور، وەرزی دروێنەی مەرەزەیە

10:33 - 2024-11-11
ڕاپۆرت
108 جار خوێندراوەتەوە
دروێنەی مەرەزە لە دەشتی شارەزوور

راپۆرتی/ محەمەد عەبدولڕەحمان

لە گوندی کانی کەوەی چوخ لە دەشتی شارەزوور وەرزی دروێنەكردنی  مەرەزە (چەڵتوك) دەستیپێكردووە، بەهۆی کەمیی بارانەوە  جووتیاران ئەمساڵ کەمتر لە ساڵانی رابردوو چەڵتوكیان چاندووە.
لە دەشتی شارەزوور لە  مانگی شەش دەست بە چاندنی مەرەزە دەكرێت هاوشێوەی گەنم دەوەشێنرێت و دواتر لە مانگی 10 دا دروێنە دەكرێت.
ئەدیب ئەحمەد جووتیار بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بە گشتیی دوو جۆر چەڵتوکمان هەیە ئەوانیش گەرمە و ساردە، هەردوو جۆرەکەی لە دەشتی شارەزوور دەچێنرێن، بەڵام ئاو و هەواکەی زیاتر گونجاوە بۆ چاندنی جۆری سارد، هەروەها بازاڕی باشترە و دەنکی برنجەكەی چاك و قەڵەوە.
وتیشی: چەڵتوک ئاوی زۆری دەوێت و لەبەر کەم ئاویی لە دەشتی شارەزوور ئەمساڵ جووتیاران کەمتر چەڵتوكیان چاندووە.

 

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور بۆ  کوردستانی نوێ   :
ساڵانە لە گوندەکانی شارەزوور مەرەزە دەکرێت، بۆ ئەمساڵیش لە گوندەکانی کانی کەوەی چوخ  و حاسڵ مەرەزە کراوە و زیاتر لە 40 دۆنم زەوی داچێنراوە

 

تایبەتمەندیی خاکی مەرەزە
پێویستە خاكی مەرەزە خاكێكی تەخت و شێداربێت، ئاو لەبنی بێت بە بەردەوامیی ئەوکات بەرهەمی باش و جوانی دەبێت، هەروەها لە دوای مانگێك  لە چاندنی، ئاوی لەسەر لادەدرێت بۆ فەوتانی قەوزەی ناو مەرەزە (چەڵتوكەكە).
ئەدیب ئەحمەد جووتیار دەڵێت: پاش پێگەیشتن بە دەست دروێنە دەکرێت و لە خەرمان رایدەخەین بۆئەوەی وشكبێتەوە دواتر دەیكوتین پاشان شەن دەكرێت و ئامادەیە بۆ بردنەوەی بۆ ماڵەوە.
 فەرەیدون حەسەن بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لە گوندەکانی شارەزوور ساڵانە مەرەزە دەکرێت، بۆ ئەمساڵیش بە رێژەیەکی کەم لە گوندەکانی کانی کەوەی چوخ  و گوندی حاسڵ کراوە و زیاتر لە 40 دۆنم زەوی داچێنراوە.
وتیشی: بەهۆی کەمیی ئاوی  پێویست، ساڵانە ژمارەیەکی کەم جووتیار دەتوانن لە دەشتی شارەزوور مەرەزە بکەن، ئەمەش وادەکات بەرهەمی چەڵتوکی دەشتی شارەزوور کەم بێت و نەتوانێت پێداویستیی ناوخۆ پڕ بکاتەوە.

 مەهدی سدیق دوکاندارە لە شارەزوور بەرهەمە کوردەوارییەکان و لە ناویدا برنجی کوردیش دەفرۆشێت، وتی: برنجی کوردی لە سەرەتای کەوتنە بازاڕ، یاخود بۆنە و جەژنەکاندا رێژەیەکی زۆری لێ دەفرۆشرێت، لەوکاتانەدا رۆژی حەوت کیلۆ دەفرۆشین و کاتە ئاساییەکانیش کەمتر.

وتیشی: نرخی یەک کیلۆ لە نێوان سێ بۆ شەش هەزار دیناردایە و بەپێی جۆری برنجەکە نرخەکەی دەگۆڕێت، جیاوازییەکەی ئەوەیە لەگەڵ برنجی دیکە تام و چێژی خۆشترە، بەڵام هاووڵاتیان کەمتر دەتوانن بیکڕن لەبەر گرانی نرخەکەی، بەراورد بە برنجی دیکە و هاوردە.
مەهدی دەڵێت:  ئەو شوێنانەی وەک ئاکرێ،  پێنجوێن ، بانی خێڵان  ئاوەکەی ساردە  برنجەکەی جوانتر دەردەچێت و تام و بۆنی خۆشترە، نرخیشی گرانترە وەک لە برنجی شوێنەکانی دیکە و خواستێکی زۆریشی لەسەرە لەلایەن هاووڵاتیانەوە.
برنجی كوردی تام و بۆنێكی خۆشی هەیە، زۆرێك لە هاووڵاتیان ناتوانن بە دەستی بهێنن بە بۆنەی كەمیی رێژەكەی و گرانی نرخەكەی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان