رۆڵی كاریگەری ئەمڕۆی یەكێتی لە عیراق و كوردستان گەواهی گۆڕانكارییە جیا جیاكانی ناو یەكێتین

08:26 - 2022-07-08
کوردستان
1034 جار خوێندراوەتەوە

كوردستانی نوێ
ئەگەر بە چاوێكی كراوە و واقیعیانەوە، دوور لە بەرژەوەندی شەخسی لە دیمەنی گشتی ئێستای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕوانین، زۆر بە جوانی دەرك بەو راستییە حاشاهەڵنەگرە دەكەین، كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماوەی ساڵ و نیوی ساڵی رابردوودا، گەلێك گۆڕانكاری گەورەی كردووە و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی داینەمۆی ئەم گۆڕانكارییە جیا جیایانە بووە. دیارە گۆڕانكارییەكانی ناو یەكێتی تەنیا لە یەك بواردا نەبووە و ئەم گۆڕانكارییانەش لە یەك خاڵدا نەوەستاون و بەردەوامن. گرنگترین گۆڕانكاری ناو یەكێتی گێڕانەوەی پرەنسپی حزبایەتی و گێڕانەوەی هەیبەتە بۆ بارەگا و دام و دەزگا رەسمییەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان.  
ئەوەی كە پێش هەموو شتێك لەبەرچاوی یار و نەیارە ئەوەیە كە چیتر یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی تەكەتول و ئەم باڵ و ئەو باڵ نییە.  بەڵكو حزبی بڕیاری بە كۆمەڵە و یەكێتی ئێستا خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و بڕیارەكانیشی بە پێی پرەنسیپە نەگۆڕەكانی خۆیەتی و ناكەوێتە ژێر كاریگەریی هیچ لایەنێكی ترەوە. ئەمەش هەم بە هەوڵ و هیمەتی سەركردایەتی ئێستای یەكێتی و هەم بە سوود وەرگرتن لە ئەزموونی تێكۆشەرە دێرینەكانی یەكێتی هاتۆتەدی كە لە ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەكانی یەكێتی و دەرەوەی ئەو ئەنجومەنەشن. هەروەها بەپێی رێنماییەكانی سەركردایەتی و لە چوارچێوەی كاری بە كۆمەڵدا گۆڕانكاریی لە مەڵبەندەكاندا بەردەوامە ئەمەش لەپێناوی ئەوەی كە هەڵئاوسان نەهێڵرێت و مەڵبەندەكان چالاكانەتر كاروباری خۆیان بكەن و ببنە پردی پەیوەندی نێوان خەڵك و حزب و خەڵك و حكومەت. 
لایەنێكی گرنگی دیكەی گۆڕانكارییەكان ئەو گۆڕانكارییانەیە كە لەناو هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا كراوە. ئەمەش بە شێوەی رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە ژێر ناونیشانی یەكخستن و رێكخستنەوە، نوێكردنەوە و پەروەردەی نیشتمانیدا، لە رێگەی مەشق و راهێنانی بەردەوامەوە، بەو ئاراستەیەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ببێتە هێزێكی نیشتمانیی و پارێزگاریی لە دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستان بكات، هێزی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت نەك هێزی  شەخسی ئەم مەسئوول و ئەو فەرماندە.
لایەنێكی تری گۆڕانكارییەكان ئەو گۆڕانكارییە بەرچاوەیە كە لە دەزگای زانیاریدا كراوە و ئێستا دەزگای زانیاری بۆتەوە بەو دەزگایەی رۆڵی ئەسڵی خۆی دەبینێت و بەشێوەی پڕۆفیشناڵ سەرقاڵی كاروباری خۆیەتی كە بریتییە لە پاراستنی ئەمنییەتی یەكێتی و حكومەت و خەڵكی كوردستان نەك چاودێریكردنی سەركردە و كادرەكانی یەكێتی كە بە ترس و لەرزەوەی هەڵسوكەوت بكەن.
 لایەنێكی تری گۆڕانكارییەكان نزیكبوونەوەیە لە گروپ و كۆمەڵە ئابووریی و بازرگانی و خاوەن پیشەكان بۆ ئەوەی بە ئازادانە كاروباری خۆیان بەڕێوەبەرن و كەس دەست نەخاتە كاروباریانەوە. ئەمەش هەم بۆتە هۆی گەشەكردنی بازاڕ و جووڵەی بازرگانی و ئابووری و هەم بەشێكە لە رێكخستنەوەی پەیوەندیی لەگەڵ خەڵك بەگشتی و باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك.
لایەنێكی تری گۆڕانكارییەكان دروستكردنی پەیوەندییەكی پتەوە لەگەڵ خوێندكاراندا، كە بەهۆی خراپی ژینگەی خوێندن و نەبوونی دەرماڵەوە خۆپیشاندانیان كرد. سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بە پشوودرێژییەوە چەندان سەعات لەگەڵیان دانیشت و گوێی لە داواكارییە رەواكانیان گرت. پاشان هەر لەسەر بڕیاری سەرۆك بافڵ بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی بەشە ناوخۆییەكان دابینكرا و هەر لە رێگەی تیمی یەكێتییەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەرماڵەی خۆێندكاران دابین كرا. 
لایەنێكی تری گۆڕانكارییەكان بریتییە لە كاراكردنی تیمی یەكێتی لە حكومەت و پشتیوانی لە تیمەكەی یەكێتی لەناو حكومەتدا، هەروەها پشتیوانی یەكێتی لە كۆی بەرنامەی حكومەت بە گوێرەی پابەندبوون بەو بەرنامەی چاكسازییەی لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا راگەیەندراوە و دابینكردنی هاوسەنگیی لە خزمەتگوزارییدا، بەو شێوەیەی كە حكومەت حكومەتی هەموان و هەموو ناوچەكان بێت.
لایەنێكی تری گۆڕانكارییەكان بریتییە لە گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی یەكێتی لە بەغدا و بەهێزكردنی پێگەی یەكێتی لە بەغدا. ئێستا ماڵی مام دووبارە بۆتەوە بە مەرجەعی عیراقییەكان و لە داهاتووی عیراقدا رۆڵی گرنگی دەبێت. سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بە سووربوونەوە لەسەر پرەنسیپەكانی یەكێتی باوەڕی یەكێتی بە سازان و شەراكەتی راستەقینە بە پێی دەستوور بۆ لایەنە عیراقییەكان دووپات دەكاتەوە.

# پەرلەمانی كوردستان #یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان