حەیدەر خەلیل
کاتێک سەردانی (مەدینەی سەدر)ی بەغدا دەکەیت، بە تایبەتی کەرتی 14، دەبێت بچیتە (قاوەخانەی مسلم) و گوێت لە قسەکردنی خەڵکەکەی بێت کاتێک بە زمانی کوردی دەدوێن، بێگومان کە لە دەنگی زاری تاوڵە و تێکدانی پیاڵەچایەکان بەرزترە، یان کاتێک قاقا پێدەکەنن لە کاتی مردنی(دوو شەش)دا.
بەهۆی سیاسەتی رژێمی شۆڤێنی بەعسی دژ بە کورد، بەشێکی زۆری کوردەکان لە شار و ناوچە و گوندەکانی خۆیانەوە بەرەو خۆرئاوا یان باشووری عیراق راگوێزران و ئاوارە بوون، ئەوکاتە هەندێکیان توانییان هەڵبێن و رووبکەنە دەرەوەی عیراق، هەندێکی تریان نەیانتوانی ئەوە بکەن، بۆیە ناچاربوون ملکەچی سەربازەکان بن و بڕۆن بۆ ئەو ناوچانەی کە لەلایەن رژێمەوە بۆیان دیاری کرابوو.
سەرەڕای ئەو گرفتە زۆرانەی کە کورد لە سەرەتای هاتنی بۆ (مەدینەی سەدر) رووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ عەرەبەکاندا بە ئاشتی و برایەتی ژیان و ژن و ژنخوازی لە نێوانیاندا کراوە و تێکەڵاوبوونەکان زیاتر و قووڵتر بوونەتەوە
گەڕەکە کوردنشینەکانی بەغدا
ئەم راگواستنە کاریگەریی لەسەر ناوچە جیاجیاکان هەبوو، بەو پێیەی بوونە هۆی دامەزراندنی گەڕەکی کوردیی لە شار و ناوچە تازەکانیان کە ناوی دانیشتوانە راگوێزراوەکانی لێنرا، بۆیە لە زۆربەی پارێزگاکانی عیراقدا، گەڕەکێک یان ناوچەیەک هەیە کە پێی دەوترێت گەڕەکی کوردەکان یان (حي الاكراد)، وەک ئەنبار، سەماوە، زیقار، بەسرە و بەغدا.
لە بەغدا کورد بەشێوەیەکی سەرەکی بەسەر چوار گەڕەکدا دابەشبوون، بێگومان لەگەڵ بوونیان لە ناوچە جیاجیاکانی بەغدا، بەڵام زیاتر لە(مدینة الصدر، الكفاح، شارع فلسطین و حي الجمیلة) چڕ بوونەتەوە. لە (مەدینەی سەدر) گەڕەکێکی گەورە هەیە بە ناوی (گەڕەکی کوردەکان – حي الاكراد) کە زۆربەی دانیشتوانەکەی کوردن و خەڵکی شارەکانی خانەقین، مەندەلی، بەدرە، جەسانن و هەندێکیشیان خەڵکی کەرکوکن.
دابەشکردنی کارگێڕیی (مەدینەی سەدر) لە کۆمەڵێک کەرت پێکدێت کە ژمارەیان لە 1 تا 79 یە، دوای رووخانی رژێمی بەعسیش دوو کەرت دروستکران کە ئەوانیش سفر و 80 ن.
گەڕەکی کوردەکان لە چوارگۆشەی 55 تا ئۆرزدی درێژدەبێتەوە، سێکتەرەکانی 10، 13، 18، 56، 57، 58 لەخۆ دەگرێت. ئەم کەرتانە گرانترینن لە رووی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرەوە، لەبەرئەوەی پاکترینن و کەمترین کێشەی کۆمەڵایەتی و خێڵەکیشیان هەیە.
فراوانبوونی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، کورد بەهۆی زمانەکەیانەوە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، بەو پێیەی زۆربەیان زمانی عەرەبی شارەزا نەبوون، بۆیە بەبێ گوێدانە ئەو ناوچانەی لێی ئاوارەبوون، پەیوەندییەکانی نێوانیان بە پتەوی مایەوە بە تایبەتی لە رێگەی ژن و ژنخوازی لەگەڵ خێڵەکانی تر و باقی ئەو ناوچانەی کە لێی ئاوارەبوون، گەشەیان کرد، بۆیە بازنەیەکی بەهێزیان لە نێوان خۆیاندا پێکهێنا.
بە تێپەڕبوونی کات و هاتنی نەوەیەکی نوێ، زمانی کوردی دەستی بە پاشەکشە کرد، تەنها لەناو بەساڵاچواندا نەبێت کە زۆرجار سەردانی هەندێک قاوەخانەی گەڕەکی کوردەکانی (مەدینەی سەدر) دەکەن و لە نێوان خۆیاندا بە کوردی قسە دەکەن.
وردە وردە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەستیان کرد بە فراوانبوون و چوارچێوەی کۆمەڵگەی کوردییان بڕی، هەروەها هۆکارێک هەبوو بۆ گۆشەگیریی رژێمی بەعس بۆ سەر خێڵە کوردەکان، بەو پێیەی حەوت خێڵ هەبوون کە لەلایەن رژێمی پێشووەوە بە (X) نیشانە کرابوون، بۆیە ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو خێڵانە ناچاربوون لەگەڵ خێڵە عەرەبەکاندا تێکەڵاوبن بۆئەوەی ژیان و پارە و بازرگانی خۆیان بپارێزن.
پاراستنی دابونەریت
هەروەها بەهۆی ژینگەی جوگرافی و قوتابخانە عەرەبییەکان و دابونەریتەوە، کوردەکان تا توانییان دابونەریتی خۆیان پاراست، بەڵام زۆرێکیان نەیانتوانی، بەداخەوە، لەبەر زۆر هۆکار، گرنگترینیان بریتییە لە تێکەڵبوونی تەواو لەگەڵ عەرەبەکان، بەڵام هەندێکیان مانەوە، بۆ نموونە: کاتێک مرۆڤێک گیانی لە دەستدا و یەکەم جەژن لە دوای مردنییەوە تێپەڕبوو، کورد بۆ دڵنەوایی کردن، سەردانی بنەماڵەی مردووەکە دەکەن، لە خەم و پەژارەدا پشتیوانی بۆ دەردەبڕن، سەرەڕای ئەوە.
لە راستیدا کوردەکان بە شارستانێتی و رێزگرتن و جێبەجێکردنی یاساکان و کارکردن بە رۆحی نەتەوەیی ناسراون، بەڵام لەم دواییانەدا رۆحی ناسیۆنالیستی دەستی بە پاشەکشە کردووە و ئاڕاستەی خێڵ و خێڵەکی لەو ناوچانەدا سەریهەڵداوە. بە گشتی سەرەڕای ئەو گرفتە زۆرانەی کە کورد لە سەرەتای هاتنی بۆ (مەدینەی سەدر) رووبەڕووی بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ عەرەبەکاندا بە ئاشتی و برایەتی ژیان و ژن و ژنخوازی لە نێوانیاندا کراوە و تێکەڵاوبوونەکان زیاتر و قووڵتر بوونەتەوە. لەسەر ئاستی رۆشنبیری، زۆرێک لە رۆشنبیرانی کورد لە گەڕەکی کوردەکان لە (مەدینەی سەدر) دەرکەوتن، لەوانە نووسەر و رۆژنامەنووس و رۆشنبیری دیار.
کوردەکانی بەغدا لە چییان کەمە؟
سەبارەت بەوەی کە ئایا کورد لە(مەدینەی سەدر) و بەغدا بە گشتیی لە چی کەمە، بێگومان لە دەرفەتی فێربوونی زمانی دایکیان کەمە، ئەمەش سەرەڕای ئەو کرانەوە گەورەیەی روویداوە لەگەڵ نەمانی ترس لە دەسەڵات، ئاسانکاریی ئامڕازەکانی پەروەردە و فێربوون و تێکەڵبوون لەگەڵ کورد لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت کە هەرێم بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی و بازرگانی بۆ خەڵکی بەغدا و ناوچەکانی تری عیراق.
لەسەر ئاستی سیاسی، کوردە فەیلییەکان نوێنەرایەتی سیاسی راستەقینەیان لە پەرلەماندا نییە و هۆکارەکەشی بۆ زاڵبوونی لایەنی عەشائیری و دابەشبوونیانە بەسەر لایەنە سیاسییەکاندا کە تائێستا هیچیان پێشکەش بە کورد نەکردووە لە بەغدا، بە تایبەتی وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانیان لەلایەن رژێمی پێشووەوە.
وەرگێڕانی: لەشکر حەمە ساڵح
سەرچاوە: سایتی المسری