عەلی كەریم
فێرگەی لاماسیا ی یانەی بارسیلۆنا ماوەیەك بەر لە ئێستا هەموو جیهانی سەرسام كرد كاتێك نەوەی مێسی و چاڤی و ئینێستا و بۆسكێتس و پیكییە و پۆیۆڵ و ڤاڵدێز و چەند ئەستێریەكی تری پێگەیاند، ئەم نەوەیە كۆنترۆڵی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەوروپا و جیهانیشیان كرد.
بەڵام كاتێك تەمەنی ئەم ئەستێرانە بەرەوە هەڵكشان رۆیشت و ساڵ لە دوای ساڵ و بەتایبەتی ئەم ساڵانەی دوایی وزەو توانایان بەروە ئاوابوون دەچوو، ئیتر یانەی بارسیلۆناش ئاستی وەك ئەو سەردەمەی ئەو نەوەیە نەما، چەند وەرزی رابردوو بینیمان چۆن لە بردنەوەی نازناوە گرنگەكان بێبەش بوو، هەرچەندە ویسترا بە ئەستێرەیەكی وەك چاڤی باری گلاویان راست بكەنەوە، بەڵام بەوەش بارسا نەبووەوە بە بارساكەی جاران.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردووی بێ ئەنجام، یانەكە كارێكی باشی كرد كاتێك هانسی فلیكی ئەڵمانی كردە جێگرەوەی چاڤی، بە سوود وەرگرتن لە لاماسیا و ئەزموونی چەند یاریزانێكی دێرین، وەك لیڤاندۆڤسكی و رافینیا و كۆندی، هانسی فلیك بە گیانێكی نوێ و وزەیەكی نوێ و توانایەكی نوێوی بەتیپەکە بەخشیوە.
بارسای ئەمساڵ و هانسی فلیك، ئێستا مەترسییەكی زۆر گەورە و جدیین بۆسەر سەرجەم یانەكانی لالیگا و تەنانەت چامپیۆنس لیگیش، نەوەیەكی وەك كۆبارسی و لامین یامال و گاڤی و پیدری و كاسادۆ و فۆرس و باڵدی و مارك بیرنال و پاو ڤیكتۆر، زەنگێكی زۆر مەترسیدارە بۆسەر سەرجەم یانەكان بە تایبەتیش بەسەركردایەتی راهێنەرێكی ئەڵمانی بە توانای وەك هانسی فلیك.
راستە دوو یاریی بە ئۆساسۆنا و ریاڵ سۆسیداد دۆڕاندووە، بەڵام بارسای ئەمساڵ جیاوازە لە بارساکەی پارو پێرار، جگە لەوەش جگە لەم پۆلە یاریزانەی ئێستا، نەوەیەكی تریش ئامادەیە تێكەڵاوی ئەوە نەوەیە ببن و پێكەوە سەردەمە زێڕینەكەی جاران دەتوانن دووبارە بكەنەوە، لەنێو ئەو نەوەیەدا كە ئێستا وەك یەدەك ئامادەن ببنە یاریزانی نوێی بارسیلۆنا ئەم ناوانە هەن كە ناكرێت فەرامۆش بكرێن، لەوانە ئەندیر ئەسترالاگا: گۆڵپارێزە، تەمەنی بیست ساڵە، فلیك بڕوای تەواوی پێیەتی، ممادو مباكی: رەگەزنامەی سەنیگالی هەیە، یاریزانی هێڵی بەرگرییە، زۆر بە تواناو خێرایە لە تۆپ دەركردن، توانای جەستەیی بەهێزی هەیە، سیرجی دومێنگیز: فلیك زۆرسەرسامە بە تواناكانی ئەم بەرگریكارە لاوە، لەچەندین راهێنانی یانەكەدا بەشداریی پێكردووە و دڵنیایە لەوەی دەبێتە یاریزانێكی بە توانا، پاو بریم: تەمەنی 18 ساڵە، یاریزانی هێڵی ناوەندە، پاسەكانی زۆر ورد و بە دیقەتن، توانای بۆ یاری دروستكردنی یاریی سەرسوڕهێنەرە، جولی فێریناندێز: تەمەنی 16ساڵە، كۆپییەكی بچووككراوەی چاڤی هێرناندێزە، دانی رۆدریگێز: تەمەنی19 ساڵە یاریزانێكی بە توانا و زیرەكی هێڵی ناوەندی هێرشبەرە، وچەپلەریشە و جەستەیەكی بەهێزی هەیە.