ده‌ستبه‌كارنەبوونی بەرپرسانی ئیداریی، هۆکاری کێشەکانی قەزاکەیە

کەمیی خزمەتگوزاری، گرفتە سەرەکییەکەی شنگال

11:07 - 2024-11-13
ڕاپۆرت
202 جار خوێندراوەتەوە
پرسی ئاسایش و سەقامگیریی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەڤەری شنگال زۆر گرنگە

راپۆرتی / عه‌لی شنگالی


قەزای شنگال لە ساڵی 2014 لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکراو بووە هۆی ئاوارەبوونی دانیشتوانەکەی و وێرانبوونی ژێرخانی قەزاکە، لەگەڵ ئەوەی پاش ئازادکردنی بەشێکی زۆر لە خێزانەکان روویان لە شنگال کردەوە، بەڵام نیگەرانن لەوەی وەک پێویست خزمەتگوزاری لە شارەکەدا نەکراوە و ئاوەدان نەکراوەتەوە.

ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ   کوردستانی نوێ  :
ئاراستەیەک هەیە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە بۆ پاڵپشتیکردنی خەڵکی شنگال و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان، ئێمەش بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پاڵپشتین

کەموکوڕییەکانی شنگال
خالید قاسم ئاواره‌یه‌كی ده‌ڤه‌ری شنگالە به‌ كوردستانی نوێی راگه‌یاند، دوای ئەو هەموو کارەساتە و وێرانبوونی ناوچه‌كه‌یان خەڵکی شنگال شایانی قەرەبووکردنەوە و دابینکردنی بودجەیەکی تایبه‌ت و شایستەیە‌ بۆ خزمەتکردنی قەزاکە و ئاوەدانکردنەوەی، هه‌روه‌ها دامەزراندنی ئیدارەیەکی بێلایەن و سەربەخۆ کە خزمەتی هاووڵاتیان بکات بەبێ جیاوازی مافێکی سەرەکی دانیشتوانەکەیەتی، ئیدارەی شنگال نابێت لە پارێزگای دهۆک دابنیشێت و دوور بێت لە هاووڵاتیان.
وتیشی، ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای موسڵ جدی نییە لە پرسی شنگالدا و بێدەنگە لە بەرامبەر كێشه‌كانی قەزاکەدا، پێویسته‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا ئەو بڕیاره‌ی بۆ دانانی قائیمقام و مودیر ناحیه‌كانی قەزای شنگال داویەتی وەک خۆی جێبەجێ بکات و رێگری لە دەستبەکاربوونیان نەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، دیارە بودجەی قەزای شنگال دەچێتە گیرفانی بەشێک لە بەرپرسانەوە ئەگەرنا قەزاکە ئاوا بێ خزمەتگوزاری نەدەبوو، پێویستە لەسەر ئیدارەی خۆجێیی پارێزگای نەینەوا رۆڵی ئیداری خۆی به‌ جدی لەسەر پرسی شنگال بگێڕێت و راستەوخۆ مامەڵە له‌گه‌ڵ خەڵکی قەزاکەدا بکات نەک کەسانی دیکە.

نەبوونی ئیدارەیەکی رەسمی
مه‌هداوی ئێزدی هاووڵاتییه‌كی دانیشتوی شنگالە، دەڵێت: ده‌ڤه‌ره‌كه‌مان بۆته‌ خاڵی ناكۆك لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا، ئەوە وایکردووە بە زیانی دانیشتوانی قەزاکە بشکێتەوە، لە شنگال دوو ئیداره‌ هه‌یه‌ و تائێستا ئیدارەیەکی رەسمی نییە و کەس نازانێت بۆ خزمەتکردن مامەڵە له‌گه‌ڵ کێدا بکات، پێویستە ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ جدی بێت لەسەر رەوشی قەزاکەمان.

وتیشی: هاووڵاتیانی قەزای شنگال داواکارن لایەنی پەیوەندیدار ئیدارەیەکی چالاك بۆ قەزاکە دابمەزرێنێت و بودجەی ساڵانه‌ بۆ قه‌زای شنگال هاوشێوەی قەزاکانی پارێزگای موسڵ دابنرێت، هەروەها بە وردیی چاودێری خەرجکردنی بکرێت بە شێوەیەک لە خزمەتی هاووڵاتیاندا بێت.

گەڕانەوەی ئاوارەکان

لە ماوەی رابردوودا بە بڕیاری ئیدارەی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای موسڵ قائیمقامی شنگال و به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كان دەستنیشان کراون، بەڵام تائێستا لایه‌نێكی سیاسی رێگریی لە جێبەجێکردنی دەکات.
وسام سالم ئێزدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا لە فراکسیۆنی یەکێتی به‌ كوردستانی نوێی راگەیاند: ئاڕاستەیەک هەیە لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عیراقەوە بۆ پاڵپشتیکردنی خەڵکی شنگال و گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و ئاوەدانکردنەوەی قەزای شنگال بە گشتی، وەک هەنگاوی یەکەم بودجەی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی شنگال تەرخانکراوە. ئێمە وەک ئیدارەی خۆجێی پارێزگای نەینەوا بە تایبەت فراکسیۆنی یەکێتی بە هەموو شێوەیەک هاوکار و پاڵپشتین بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ری شنگال و کار دەکەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خەڵکی قەزای شنگال. 

ئه‌جێندای جیاواز
ده‌ستبه‌كارنەبوونی بەرپرسانی ئیداریی لە قەزای شنگال بووەتە هۆی كه‌ڵە‌كه‌بوونی کێشە و گیرو گرفته‌كانی قەزای شنگال به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی.
وسام سالم ئێزدی دەڵێت: پرسی شنگال تەنها بابەتی بودجە نییە، بەڵکو پرسێکی هەستیاری پەیوەندیدارە بە حکومەتی ناوەندەوە. لە ناوچەکەدا چەندین گروپی چەکدار و ئه‌جێندای جیاواز هەن، ئێستا پرسی ئاسایش و سەقامگیریی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەڤەری شنگال زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی‌ تا ئارامی و سەقامگیریی بە تەواوی لە ناوچەکەدا جێگیر نەبێت، هەر هەنگاوێک بۆ خەڵکی شنگال و ناوچەکەیان بگیرێتەبەر سوودێکی کەمی دەبێت، هه‌روه‌ها داکۆکیکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی شنگال خەمی سەرەکیمانە.
وتیشی: لە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، بەردەوام دەبین لە پەیڕەوکردنی رێبازی سەرۆک مام جەلال و یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ خزمەتکردنی خەڵکی شنگال كه‌ بە درێژایی مێژوو پارێزه‌ری راستەقینەی ئێزدییه‌كان و پرسی شنگال بوون به‌ گشتی.
شنگال یەکێکە لە قەزاکانی پارێزگای نەینەوا، ناوەندەکەی شارۆچکەی شنگالە، لە ناوچە جێناکۆکەکانی کوردنشینە و شوێنی مێژوویی کوردە ئێزدییەکانە، ئابووری قەزاکە بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای کشتوکاڵ دامەزراوە.

#ئێزدییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان