ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
گۆڕانكارییەكانی ئەم دواییانەی كەش و هەوا زیانی ئابووریی گەورەی بە زۆر وڵاتی جیهان گەیاندووە، لە پێش هەموویانەوە ئەمریكا، كە تەنیا بە دوو گەردەلول زیانی دەیان ملیار دۆلاری پێگەیشتووە، ئەگەر كۆی گشتیی زیانە ئابوورییەكانیش لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا ئەژمار بكرێت، ئەوا لە چەندین تریلیۆن دۆلار تێدەپەڕێت.
لە ماوەی رابردوودا دوو گەردەلولی بەهێز لە ئەمریكایان داوە، یەكێكیان گەردەلولی (هێلین)ە، كە 51.5 ملیار دۆلار زیانی بە ئەمریكا گەیاندووە و ئەوی دیكەش گەردەلولی (میڵتۆن)ە، كە 81.5 ملیار دۆلار زیانی بەو وڵاتە گەیاندووە، ئەوە تەنیا زیانی دوو گەردەلولە، بەڵام بە شێوەیەكی گشتیش لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا كەش و هەوای خراپ نزیكەی دوو تریلیۆن دۆلار زیانی بە ئەمریكا گەیاندووە.
ئەمریكا بە پلەی یەكەم دێت
بە پێی خەمڵاندنی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی، تێكڕای زیانەكانی كەش و هەوای خراپ لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2014وە تا 2023 گەیشتۆتە دوو تریلیۆن دۆلار، واتە زیانەكان بە قەد زیانەكانی قەیرانە ئابوورییەكەی 2008 بووە.
لیژنەی كەش و هەوای نێودەوڵەتیش راپۆرتێكی ئامادە كردووە لەبارەی چوار هەزار رووداوی پەیوەست بە كەش و هەوای نالەبارەوە و بە گوێرەی ئەو راپۆرتە، 1.6 ملیار كەس لە سەرتاسەری جیهاندا زیانی داراییان پێگەیشتووە، زیانەكانیش ساڵ لە دوای ساڵ زیاد دەبن و لە ساڵی 1980وە تا 2019 بەرزبوونەوەی ئاستی زیانەكان گەیشتۆتە %83، لە ساڵی 2022 و 2023شدا زیانە ئابوورییەكان گەیشتە 451 ملیار دۆلار، واتە تەنیا لەو دوو ساڵەدا بە رێژەی %19 زیادیكردووە.
لە ئاستی زیانە ئابوورییەكاندا ئەمریكا بە پلەی یەكەم دێت و دوای ئەویش چین بە پلەی دووەم و هیندستان و ژاپۆن بە پلەی سێیەم و چوارەم دێن، دوای ئەوانیش ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئوسترالیا، فەرەنسا و بەرازیل زیانی گەورەی ئابوورییان پێگەیشتووە.
سەرچاوە: سكای نیوز