عیراق لێكۆڵینەوە لە نرخی كارەبا دەكات
زیاد عەلی فازیل وەزیری كارەبای عیراق بڕیاری پێكهێنانی لیژنەیەكی دا، بۆ لێكۆڵینەوە لە سكاڵای ئەو هاووڵاتییانەی پارێزگای بەسرە، كە پارەی زۆری كارەبایان بۆ هاتۆتەوە.
وەزارەتی كارەبای عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد، حكومەت بە رێژەی %75 پشتیوانیی لە نرخی كارەبا دەكات بۆ هاووڵاتییان، لەبەر ئەوە بەرزبوونەوەی نرخی كارەبا لەسەر هاووڵاتییان نائاساییە و وەزارەت 72 سەعاتی داناوە بۆ لیژنەكە تا لە بابەتەكە بكۆڵێتەوە.
ئیقتیساد نیوز
ئەڵمانییەكان داوای زیادكردنی خەرجیی سەربازی دەكەن
بە پێی راپرسییەك كە دامەزراوەی كۆربەر كردوویەتی، %73ی خەڵكی ئەڵمانیا لەو باوەڕەدان، كە پێویستە وڵاتەكەیان خەرجییەكانی بواری ئەمنی و سەربازی لە ئەوروپا زیاد بكات.
هەر لەو راپرسییەدا دەركەوتووە، %58ی خەڵكی ئەڵمانیا نایانەوێت وڵاتەكەیان رۆڵی سەركردە بگێڕێت لەسەر ئاستی ئەوروپا، چونكە خۆی خاوەنی ئابوورییەكی بەهێزە، بەڵام ئەگەر ببێتە سەركردەی ئەوروپاییەكان، بارگرانییەكی زۆری ئابووری دەكەوێتە سەر شانی و لەوانەیە لە رووی ئابوورییەوە خراپ بەسەریدا بشكێتەوە.
سكای نیوز
بەهۆی مانگرتنەوە بەندەری مۆنتریاڵ داخرا
كرێكارانی هەردوو بەندەری مۆنتریاڵ و ڤانكۆڤەری كەنەدا مانیانگرت و بەهۆی مانگرتنەكەشەوە بەندەری مۆنتریاڵ داخرا.
بەرپرسێكی حكومیی پەیوەندیدار بە بواری هاتوچۆوە رایگەیاند: زۆر خایاندنی مانگرتنەكان و داخستنی بەندەرەكان دەرەنجامی زۆر خراپی دەبێت بۆ ئابووریی وڵاتەكە.
سەندیكای كرێكارانی ئەو وڵاتە رێگەی نەدا هەزار و 200 كرێكار بچنە سەر كارەكانیان، لەبەر ئەوەی داواكارییەكانیان بۆ باشتركردنی مووچە و بژێوییان تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە.
سكای نیوز