ئا: هێمن عەبدوڵڵا
پێچەوانەی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، لە هەولێر رێگری لە رۆژنامەنووسان دەكرێت لە پێدانی زانیاری و رووماڵكردنی بەشێك لە چالاكی و گردبوونەوەكان، ئەوەی جێگای نیگەرانی ئەو رۆژنامەنووسانەیە ئەو رێگرییە بۆ هەموو میدیاكاران نییە، بەڵكو ئەوانەی سەر بە دەزگاكانی راگەیاندنی حزبی دەسەڵاتن لە هەولێر زۆر بە ئاسانی دەستیان بە زانیارییەكان دەگات.
ئەگەر كاری رۆژنامەنووسێك بە دڵی دەسەڵاتی شارەكە نەبێت، ئەو رۆژنامەنووسە دەخرێتە ناو لیستێك ئیتر لە پێدانی هەموو زانیارییەك بێ بەشدەكرێت
جیاوازیی لە پێدانی زانیاری
ئەیوب وەرتی، ماوەی چەند ساڵێكە وەك پەیامنێر لەهەولێر و دەوربەری رووماڵی رووداوەكان دەكات و زانیارییەكان بۆ هاووڵاتیان دەگوازێتەوە، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: یەكێك لە گرفتەكانی رۆژنامەنووسان لەسنووری شاری هەولێر، جیاوازییكردنە لە پێدانی زانیاری لەلایەن وەزارەت و دامودەزگا حكومییەكان، هەرئەمەش وایكردووە بەشی زۆری ئەو رۆژنامەنووسانەی لەدەزگایەكانی راگەیاندنی دەرەوەی حزبی دەسەڵات لە هەولێر كار دەكەن، لەكاتی خۆی زانیارییەكان بەدەست ناگات یانیش هەرپێنادرێت.
وتیشی: جگە لەپێنەدانی زانیاری لەكاتی ئامادەكردنی راپۆرتێك یان بەدواداچونێكی رۆژنامەوانی لەسەر رووداوێكی دیارییكراو، كێشەو گرفت بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە دروست دەكرێت، بەتایبەتی لەكاتی گردبوونەوە و ناڕەزاییەكان، زۆرجاریش ئەگەر كاری رۆژنامەنووسێكیان بەدڵی دەسەڵاتی شارەكە نەبێت، ئەو رۆژنامەنووسە دەخرێتە ناو لیستێك ئیتر لەپێدانی هەموو زانیارییەك بێبەشدەكرێت. ئەو رۆژنامەنووسە داوا لە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەنجومەنی وەزیران و سەندیكای رۆژنامەنووسان دەكات ئاستێك بۆ ئەو پێشێلكارییانە دابنێن و چیتر رێگەنەدەن جیاوازی لە نێوان رۆژنامەنووساندا بكرێت، لەكاتێكدا باس لە ئازادیی رۆژنامەگەریی و یەكسانیی نێوان دەزگاكانی راگەیاندن دەكرێت.
سەرباز محەمەد، رۆژنامەنووسێكی دیکەیە باس لەهەمان كێشە دەكات و بۆ كوردستانی نوێ وتی: ئاشكرایە لە شاری هەولێر ئەگەر كارمەندی دەزگایەكی دەرەوەی دەزگاكانی دەسەڵاتی شارەكە بیت، بەچاوێكی دیكە سەیرت دەكەن، لە بچووكترین زانیاری ئاستەنگ و بەربەست بۆ ئەو رۆژنامەنووسانە دروستدەكرێت.
وتیشی: ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە بەشێك لە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و لێپرسراوی فەرمانگەكان لە هەولێر ئامادەن لە رۆژانی هەینی و پشووی رەسمی لە ماڵەكەی خۆیان لێدوان بۆ رۆژنامەنووسی سەر بەكەناڵەكانی حزبی دەسەڵات بدەن، لەكاتێكدا ئامادە نین لەرۆژانی دەوامی ئاسایی، زانیاری بە رۆژنامەنووسانی حزبەكانی تر بدات، جگە لەوەش هەندێك لەو فەرمانگانە خۆیان زانیاری بەو رۆژنامەنووسانە دەدەن كە خۆیان مەبەستیانە و كەناڵەكانی تر بێ بەشدەكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد: جیاوازییكردن لە پێدانی زانیاری بە رۆژنامەنووسان جگە لەوەی پێچەوانەی یاسای ژمارە10ی ساڵی2013ی تایبەت مافی بەدەستهێنانی زانیارییە کە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، هاوكات كاریگەریی خراپی لەسەر گەیاندنی زانیارییەكان بە هاووڵاتیان دەبێت، چونكە كاتێك رۆژنامەنووسێك رێگری لێدەكرێت لە سەرچاوەی یەكەم زانیاری بەدەست بهێنێت، پەنا بۆ سەرچاوەی دووەم دەبات، كە رەنگە كاریگەریی لەسەر ئەو پەیامە هەبێت كە رۆژنامەنووسەكە دەیەوێت بیگەیەنێت.
پەیوەندییە تایبەتییەكان و دەستكەوتنی زانیاری
قارەمان جەوهەر، نزیكەی بیست ساڵە وەك پەیامنێری تەلەفزیۆن كار دەكات و لەگەڵ چەندین كابینەی حكومەت و خولی پەرلەمان بەركەوتەی هەبووە، پێیوتین: بە دڵنیاییەوە جیاوازیی و جیاكاری زۆر دەكرێت لەنێوان دەزگاكانی راگەیاندن، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە، چونكە لەپەرلەمان یاسای تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دەركراوە.
وتیشی:من وەك رۆژنامەنووسێك ئەو گرفتانەم زۆر هەبووە، بەتایبەتی هەندێك وەزارەتی حكومەتی هەرێم لە زۆربەی كابینەكان ئامادەنین هاوكاری بەشێك لە دەزگاكانی راگەیاندن بكەن، لەپێدانی زانیاری و زۆر بە دەگمەن وەڵامی پەیوەندییەكان دەدەنەوە، لە نێویشیان وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و دارایی و خودی فەرمانگەی میدیاو زانیاری ئەنجومەنی وەزیران.
باسی لەوەشكرد: زۆربەی ئەو زانیارییانەی لە رێگای فەرمانگە حكومییەكان بەدەستمان دەگات لە رێگای پەیوەندییە تایبەتییەكانی خۆمان بووە، ئەوەیش دوای چەندین هەوڵ و ماندووبوون، زۆرجاریش بۆ گەیشتن بە زانیارییەك چەندین رۆژ چاوەڕوان دەكەین، ئەمەش لەكاتێكدا دەزگاكانی سەر بە حزبی دەسەڵات لە هەولێر زۆر بە ئاسانی دەتوانن بگەن بە شوێنە هەستیارەكان و رووماڵی خۆیان بكەن.