براوەی خەڵاتی نۆبڵی 1975
ئۆجینیۆ مۆنتالی ساڵی 1896 لە شاری جەنەوەی وڵاتی ئیتالیا لە خێزانێکی سەرمایەدار و خاوەن پیشە لە دایک بووە، لە ساڵی 1981دا کۆچی دوایی کردووە.
تا قۆناغی ناوەندیی خوێندووە و دواتر خوی داوەتە فێربوونی گۆرانیی وتن، لەسەر دەستی ئارنیستۆ سیفۆری.
لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا بۆتە ئەفسەری پیادە، دوای جەنگ کاتێ سیفۆریی کۆچی دوایی کرد، رووی کردە نووسینی شیعر و هەوڵیدا میوزیک و هونەری شێوەکاریی تێکەڵی یەکتر بکات .
هەروەها هەوڵیدا لە ئەفراندنەکانیدا سات و زەمانی خۆی تێ بگات و لەپاڵ بەهرەی شیعر نووسینیشدا رەخنەگرێکی کارامە و بەسەلیقە بوو. ساڵی 1928 لە فلۆڕەنسا گیرسایەوە و بوو بە بەڕێوەبەری کتێبخانە گشتییەکەی.
دواتر لەبەرئەوەی سەر بە پارتی دەسەڵاتدار نەبوو، لە وەزیفەکەی دوور خرایەوە و کەنارگیر کرا.
لە ساڵی 1925دا یەکەمین کۆمەڵە شیعری بڵاوکردەوە کە هەر زوو وەکو بەرهەمی کلاسیکیاتی وڵاتی ئیتاڵیا ناسرا.
لە ساڵی 1975دا بەشایستەی خەڵاتی نۆبڵ زانرا و هەر لەو ساڵەشدا پێی بەخشرا، لە پای ئەو هونەرە هەستیارەی بۆ نووسینی شیعر و ئەو بەها پیرۆزە مرۆڤ دۆستانەیەی لە دووتوێی بەرهەمەکانیدا هەڵی گرتووە.
شاعیری ئیتالی ئۆجینیۆ مۆنتالی
ساتێک لە خۆشیی
مایەی دڵخۆشییە، کاتێ ئەو شەماڵەی
بەسەر باخچەکەدا هەڵیکردووە،
خۆشنوودیی بۆ ژیان دەگەڕێنێتەوە.
لەوکاتەدا کە ژێر ئاو یان سەر ئاو دەکەویت
وەکو تۆپەڵێکی لەیەکچوو
لەراستیدا هیچ باخچەیەک لەو ناوە بوونی نابێت،
جگە لە دەفرێک بۆ کەرەستە پیرۆزەکان.
ئەو تەپە تەپەیەی، کە گوێبیستی دەبیت
مەرج نییە فڕین بێت،
بەڵکو جۆرێکە لەنادادیی لە رەحمی ئەبەدییەتدا.
تۆ دەبینی، ئەو راستەهێڵە دابڕاوە لە زەویی
چۆن خۆی کردووە بە بۆتەقە؟
لەدوای ئەم دیوارە تەنکەوە تووڕەبوون هەیە،
ئەگەر پێیەک بچیتە پێشەوە، بەری دەکەویت
یان بەرت دەکەوێت.
ئەو مۆتەکە فریاد رەسە،
ئا لەوێوە ئیدی چیرۆک گەلێک یان رووداوەکان
بە دیار دەکەون.
ئەوشتگەلەی گەمەی دواڕۆژ تەفروتوونایان دەکات.
بەدوای پەلێکی شکاودا بگەڕێ
کەبمان بەستێتەوە بەبنەچەوە،
لەوێوە ئیدی دەست پێ بکەرەوە و هەڵبێ ...
بڕۆ نزام لای خودا بۆکردووی
ئێستا ئازارت کەمتر و
ژەنگ هەڵهاتنت، کەمتر بەسوێیە.
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین
سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها وترجمها د. شهاب غانم، مارس 2009
تێبینی:
ساتیر: گوزارشتە لە ئەهریمەن لەلای یۆنانییەکان.
فۆن: جنۆکەی گوندەکانە لەلای یۆنانییەکان