وەزیری پلاندانان: سەرژمێری کاریگەری لەسەر بەشەبودجە دەبێت

07:36 - 2024-11-14
کوردستان
121 جار خوێندراوەتەوە

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر لەبارەی سەرژمێریی گشتییەوە رایگەیاند، بەشی زۆری داواکارییەکانی کورد لەبارەی سەرژمێرییەوە جێبەجێکراون، لەگەڵ ئەوەشدا داوایکرد سەرژمێری بە سیاسی نەکرێت و گوتى، "مێژوویەکی تاڵمان لەگەڵ سەرژمێریدا هەیە و هیوادارین جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە".

دارا رەشید ئاماژەى بەوەکرد، تۆمارى سەرژمێریی ساڵی 1957 کراوەتە بنەما بۆ سەرژمێرى لە ناوچە دابڕێنراوەکان و دواتریش بە سەرژمێریى 2024 بەراورد دەکرێت، ئەوەشى بە دەستکەوت بۆ کورد و پێکهاتەکانى دیکە ناوبرد چونکە بەگوتەى ئەو "مافى سەرجەم پێکهاتەکان پارێزراوە".

دارا رەشید گوتیشى، "بڕیاردراوە ئەنجامی کۆتایى سەرژمێری لە ناوچەکانی ماددەی 140 رانەگەیەندرێت تاوەکو بە زانیارییەکانى تۆمارى 1957 بەراورد نەکرێن".

وەزیرى پلاندانان دەشڵێت، "ئەنجامەکانی سەرژمێری لە داهاتوودا کاریگەریی لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەبێت".

#بودجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان