لە گۆشەنیگای مێژوو و ئێستاوە

کرستیانەکانی کۆیە، تایبەتمەندیی و پێکەوەژیانیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەو شارەدا

12:15 - 2024-11-17
دووتوێ
46 جار خوێندراوەتەوە
#28/8/1999 - سەرۆک مام جەلال و ستافی بنکەی تەندروستیی گوندی هەرمۆتە لە رێوڕەسمی کردنەوەی بنکەکە دوا

ئامادەکردنی: 
سەهەند کۆیی

پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستاندا لەمێژە رەگی داکوتاوە، ئەگەر سیاسەت و ئۆینبازیی چەند سەدەی رابردووی داگیرکەرانی
کوردستان لێگەڕابان، ئەوا بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانەوە دەبووە نموونەی باڵای پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا

 

ئەم دۆسێیە بۆچی؟
سیاسەت و بزاوتی سیاسیی ئایینی و بەرژەوەندییە ئابوورییەکان لە جیهانی پڕ لە کێشمەکێشی نەتەوەیی و ئایینیدا، زۆر کایەی ژیانییان لە ناوەڕۆکە مرۆڤایەتییەکان و پێکەوەژیانی گەلان داماڵیووە، هەربۆیە زۆر جەنگ و بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری برایەتیی گەلان و پێکەوەژیانیان لە سەرتاسەری جیهانی ئەمڕۆدا خستووەتە بەردەم هەڕەشەوە و ئەو تەوژمە بەرژەوەندیخوازییە وایکردووە خەڵکێکی زۆر کوێرانە رەدووی ئەو تەوژمە نوێیە بکەون و مێژوو و سەربوردە درەوشاوەکانی هاوشاری بوون و پێکەوەژیان و کەلتورە هاوبەشەکانی خەڵکی ناوچە تێکەڵاو و فرە کەلتور و فرە پێکهاتەکان فەرامۆش بکەن.
پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی لە کوردستاندا لەمێژە رەگی داکوتاوە، ئەگەر سیاسەت و ئۆینبازیی چەند سەدەی رابردووی داگیرکەرانی کوردستان لێبگەڕابان، ئەوا کوردستان بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانەوە دەبووە نموونەی باڵای پێکەوەژیان، بۆ ئەوەش بەڵگەی ئەو شوێنانە شایەتی حاڵن کە لە هەندێک ناوچەدا کەلتور و داب و نەریتەکان هێندە تێکەڵاوبوون رەنگە تەنها بە ناو و بۆنە نەتەوەیی و سرووتە ئایینییەکاندا کرستیانێک لە کوردێکی موسڵمان ، یان تورکمانێک لە کوردێک جیابکرێتەوە.
دۆسێی ئەمجارە کە لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووس سەهەند کۆیی-ەوە ئامادەکراوە، خستنەڕووی دیوێکی ئەو تێکەڵاویی و پێکەوەژیانەیەی کوردی موسڵمان و کرستیانە بەرەگەز سریانەکانی گوندی هەرمۆتەی سنووری شاری کۆیەیە کە بە درێژایی مێژووی کۆن و هاوچەرخی ئەو شارە هەم کورد و سریانەکان وەکو نەتەوە و هەم وەکو موسڵمان و کرستیان لەو سنوورەدا هاوبەشی خۆشی و ناخۆشی و جەژن و بۆنەکانی یەکتری بوون. لەبەر گرنگیی رەگوڕیشەی ئەو پێکەوەژیانە پڕلە ئاشتی و ئاسودەییەی ئەو دوو پێکهاتەیە، وەک کوردستانی نوێ بەگرنگمان زانی ئەم دۆسێ تایبەتە بۆ ئەو بابەتە پڕبایەخە تەرخان بکەین.
دۆسێ 

 

بەوپییەی شاری كۆیە دەكەوێتە ‌نێوان هە‌رسێ پارێزگای هە‌ولێر و كەركوك و سلێمانییەوە، لەڕووی كارگێڕییەوە سەربە هە‌ولێرە.
لەبارەی ناوی ئەو شارەوە چەند بیروڕایەک هەیە کە زۆربەیان نزیكن لە یەکترییەوە، هەندێک دەڵێن دەشێت ناوەكەی له ‌كۆبوونەوە هاتبێت، هەندێکیش دەڵێن (كۆه) کە بەزمانی فارسی بەواتەی شاخ دێت، بەوپێیەی به ‌زنجیرە شاخێک دەورە دراوە.
سەبارەت بە (كۆی سنجەق)یش تاهیر ئەحمەد حەوێزی دەڵێت: هە‌ر شوێنێك چوار بلۆك سەربازی لێ بوایە، پێیان دەوت (سنجەق)، كۆیەش كۆی ئەو سنجەقانەیە.
 هەندێکیش پێیانوایە بەرله ‌پەیدابوونی ئاینی ئیسلام ناوی كۆهپار بووە‌ کە وشەیەكی (زەردەشت) ییە، لەكاتی هاتنی عەرەبە موسڵمانەكانیشدا هە‌ر ئەو ناوەی هە‌بووە.
بەو پێیەش کە باسەکەی ئێمە پەیوەستە بە کرستیانەکانەوە و ئەوانیش بەگشتی لە گوندی هەرمۆتەدا کۆبوونەتەوە، ئەگەرچی هەرمۆتە له ‌بنەچەدا (ئەرمۆتە) یە، بەڵام بەهۆی جیاوازیی زمانەوانییەوە گۆڕانی بەسەرداهاتووە و له كوردیدا بووە بە(هە‌رمۆتە)، وەك له ‌ناوەكانی (هە‌سپ) كه ‌دەگۆڕێت بۆ(ئەسپ) یان(ئاوارە) دەبێت بە (هاوارە).
 لەو رووەشەوە لێكدانەوەی زۆر كراوە بۆ ناوی هە‌رمۆتە، بەڵام ئەو رایەیان بەلای زۆرینەوە پەسەندە كه ‌له (ارض الموت)ەوە هاتووە، دواتر بووە بە (ارموته‌) ئینجا له ‌زمانی كوردیدا بووە به ‌هە‌رمۆتە.

كورته ‌باسێك لەبارەی هە‌رمۆتەوە
هە‌رمۆتە گوندێكی دێرینی کرستیانەکانە ‌و دەكەوێتە باشووری كۆیەوە، له ‌كۆندا نزیكەی سێ کیلۆمەتر لێیەوە دووربووە، بەڵام ئێستا بەهۆی فراوانبوونی شارەکەوە تەواو لێك نزیك بوونەتەوە و تەنها چەمێك سنوورەكەیان جیادەكاتەوە. هە‌ر لە کۆنەوە دانیشتووانی هە‌رمۆتە به ‌كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریك بوو ن، باخێکی زۆری  زەیتونی لێیە، ئەو ئاوەش کە بۆ كشتوكاڵ پشتی پێبەستراوە، له ‌خۆرئاوای گوندەکەوە هە‌ڵدەقوڵێت بەیەکگرتنیان لەگەڵ چەند کانیاوێکی دیکەدا جۆگاوێکی گەورە پێكدەهێنن.
 لەناو هە‌رمۆتەشدا كارێزێك هە‌یە لەشێوەی تونێڵێكدا كه ‌ئاوی  هە‌شت نۆ بیر دەچێتەوە ناوییەوە و جاران ناعورێكی ئاوی لەسەر ‌بووە كە ئێستا بەكار ناهێنرێت، بەڵام بیرەكە هەر ماوە، بەهاران و هاوینان لەنێو رەزی هە‌رمۆتەدا چەند بنەوانێك هە‌ڵدەبەسترێت بۆ ئاودانی باخی زەیتونەکان تائێستاش پاشماوەی دوو ئاش ماونەتەوە كه ‌تا چلەکانی سەدەی رابردووش ‌كاریان کردووە، بەڵام دواتر لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا هەموویان وشکیان کردووە، بۆیە ئێستا دانیشتوانی هە‌رمۆتە كەمتر کاری ‌ئاژەڵداری و كشتوكاڵ دەکەن. هەر بەو هۆیەشەوە دیاردەی كۆچكردن له ‌هە‌رمۆتەوە بۆ شوێنەكانی تری كوردستان و عیراق دەستیپێکردووە و ئێستا ژمارەیەكی زۆر لەو کرستیانانەی هە‌رمۆتە نیشتەجێی هە‌ولێر و سلێمانی و موسڵ و بەغدا و كەركوكن، لەدوای راپەڕینیشەوە بەشێک لە گەنجەکانی هە‌رمۆتە روویان لە هە‌ندەران کردووە. 
لەوبارەیەشەوە ئەمیر حەننا دەڵێت: (له ‌تەمەنی گەنجیدا، كەسێكی بەتەمەنی هە‌رمۆتە كه ‌ناوی یەڵدا پەترۆس بوو پێی وتووم: «‌لەساڵی 1831 بەهۆی نەخۆشیی تاعوونەوە، زیاتر له ‌نیوەی دانیشتوانی هە‌رمۆتە مردوون، كاتێکیش ساڵی 1913 سەرژمێریی دانیشتوانی گوندی هە‌رمۆتە كراوە، نووسراوە گوندی هە‌رمۆتە 100كەسن و یەك كڵێسا و یەك قەشەیان هە‌یە». بەپێی ئەم ژمارەیە بێت، پێدەچێت له ‌ساڵی 1913دا گوندی هە‌رمۆتە بیست بۆ بیست و پێنج ماڵی کریستیانی لێبووبێت.
رۆژی 17/10/2012 بە شێوەیەکی مەیدانی سەرژمێریی دانیشتوانی هە‌رمۆتەم كرد (99) ماڵی کرستیان و (27) ماڵی موسڵمانی لێبوو، ژمارەی کرستیانەکان(437) كەس بوون.‌

بنەماڵەكانی هە‌رمۆته
کرستیانەكانی هە‌رمۆتە بەگشتی له ‌شەش بنەماڵە پێكهاتوون کە بریتین لە بنەماڵەکانی (پەترۆس شەمعون، تۆما نیسان، ئسولە، عەوداڵە(عەبداڵی)، كەریمه ‌زەرد و مام سبە). 
پێنج بنەماڵەیان به ‌بنەچە خەڵكی هە‌رمۆتەن، تەنها بنەماڵەی (كەریمه ‌زەرد) نەبێ كه ‌لەلای هیران و نازەنین و شەقڵاوەوە لەدوای ساڵانی(1900) كەریم ناوێك كە بە (كەریمە زەرد) ناسراوە بۆ كار و كاسبی هاتۆتە گوندی هە‌رمۆتە و هە‌ر لەوێش ژنی هێناوە و نەوەی لێكەوتوتەوە.

کرستیانەكانی كۆیە
بەدرێژایی مێژوو، لە کۆیەدا ئیسلام و کرستیان و جوو  پێکەوە ژیاون، جووە‌كان لەدوایی ساڵانی (1948)ەوە بەرەو ئیسرائیل کۆچیان پێکرا، بەڵام کرستیانەكان بەدرێژایی مێژوو لەوێ ژیاون و بەشداریی خۆشی و ناخۆشییەكانی رۆژگاریان لەگەڵ خوشک و برا موسڵمانەکانیاندا كردووە. 
ژمارەی شەهیدە کرستیانەكانی كۆیه ‌- هە‌رمۆتە له ‌ساڵی 1958 تا 12/12/2007 ، (22) شەهیدە. لەناو كۆیەدا هە‌ر لەكۆنەوە گەڕەكێك هەبووە بەناوی گەڕەكی دیانان، ئەم گەڕەكەش ژمارەیەكی زۆر ماڵە کرستیان تێیدا ژیاون‌.
لەو رووەوە (فهەیمە سەلمان) کە یەكێكە له خانمە ‌کرستیانەكانی كۆیە دەڵێت: (لەبیرم دێت له ‌گەڕەكی دیانان زیاتر لە 40 ماڵه ‌کرستیان دەژیان، دواتر بوون به 37 ماڵ، بەڵام ئێستا تەنها سێ ماڵە کرستیان  لەو گەڕەکەدا ماون. وتیشی: بێگومان بەشێكی ئەو ماڵانە، لە گەڕەكەكانی تری كۆیەدا خانوویان دروستكردووە، لەبەرئەوەی گەڕەكی دیانان، بەرتەسكە و هە‌موو ماڵێك ناتوانێت گەراجی ئۆتۆمبێلی هە‌بێت و خانووەكانیش زۆر كۆنن، بەشێكیش له ‌کرستیانەكانی ئەو گەڕەكە روویان كردۆتە هە‌ولێر و لە عەنكاوە گیرساونەتەوە.

لە کۆیەدا ئیسلام و کرستیان   پێکەوە ژیاون و بەشداریی خۆشی و ناخۆشییەكانی یەکترییان کردووە، تەنانەت کریستیانەکانی کۆیە و هەرمۆتە  22 شەهیدیشیان لە پێناوی کوردستاندا ‌بەخشیوە

ئەو ماڵانەی لە گەڕەکی دیانان ماونەتەوە
ئەو ماڵە کرستیانانەی تا 2013 له ‌گەڕەكی دیانان مابوونەوە، بریتی بوون لە(یوسف ئێلیا یوسف، یەعقوب ئیبراهیم میخا، گۆرگیس یوسف)، ئێستاش کرستیانەكانی كۆیە جگە لەو سێ ماڵەی گەڕەكی (دیانان) و کرستیانەكانی (هە‌رمۆتە)، بەم شێوەیە بڵاوبوونەتەوە، له ‌گەڕەكی جەمعیە (15) ماڵ و لە گەڕەكی هە‌یبەت ‌سوڵتان (10‌) ماڵ و  (36) ماڵی تریش له ‌شوقەكانی نزیك زانكۆ نیشتەجێن، واتە به ‌هە‌مووی (57) خێزانی کرستیان لەناو شاری كۆیەدا‌ ماونەتەوە.
 ژمارەی کرستیانەكان له ‌سنوری شاری كۆیە تا ساڵی (2004) كەم بوو، بەڵام  دوای رووخانی رژێمی بەعس، بەهۆی هەڕەشەی تیرۆریستانەوە ژمارەیەكی زۆر له ‌کرستیانەكانی بەغدا كه ‌بەڕەچەڵەك خەڵكی كۆیە بوون، گەڕانەوە شارەكە و تا 1/4/2013 ژمارەی کرستیانەكانی لەو شارە بوو بە‌(266) كەس. 
کرستیانەكانی كۆیە لەپاڵ چەند پیشەیەکی دیکەدا، هەر لەكۆنەوە سەرقاڵی موو رستن بوون، ئەو پیشەیەش مێژوویەكی دێرینی هە‌یە لە کۆیە و زیاتر پیشەی کرستیانەكان بووە، جگەلەوەش له ‌گەڕەكی دیانان گۆڕەپانێك هە‌بووە ئەویش یەكێك بووە لەو شوێنانەی ئەم پیشەیەی تێدا دەکرا و تا ساڵی (2000)یش له ‌كۆیە مابوو بەهۆی گۆڕانی دۆخی گوزەرانەوە زۆربەیان دەستیاندایە پیشەی دیکە، 

دیمەنی زەماوەندێکی کۆنی رەشبەڵەکی کرستیانەکانی هەرمۆتە

ئەو کەسانەی پیشەیان موو رستن بوو 
(نیاز یوسف، زیاد یوسف، ئاراس ئیبراهیم، عیماد گورگیس، شاخەوان سەباح، ساكار جەمال)، بەڵام ئیتر لەوە بەدوا ئەم پیشەیە بەتەواوەتی لەناوچوو و دەزگا و كەلوپەلەكانی پیشەكەشیان نەماو كردیانە دیاریی مۆزەخانەكانی كوردستان.

پەیوەندیی کۆیە و هەرمۆتە
کرستیانەكانی كۆیە لەدێر زەمانەوە لەگەڵ گوندی هە‌رمۆتەدا پەیوەندییەكی پتەویان هە‌بووە و ژن و ژنخوازییەكی زۆریان لەنێواندا هە‌بووە، بەشێكیش له ‌کرستیانەكانی كۆیە له ‌گوندی هە‌رمۆتەوە چوونەتە شار و لەوێ ژیاون، مردووەكانیشیان هەر له ‌گۆڕستانی هە‌رمۆتە ناشتووە.
شوێنەوار و كڵیساكان
1 - شوێنەواری مەڕبێنە قەدیشە:
مەڕبێنە قەدیشە یەكێكە له ‌شوێنەوارە دێرینەكانی كوردستان، هە‌ر لەدێر زەمانەوە کرستیانەكانی كۆیە و هە‌رمۆتە و شوێنەكانی تری كوردستان و عیراق روویان تێكردووە، لەنێو موسڵمانەكانیشدا بەناوی (شێخ محەمەد) یان(شێخ محەمەدی دێرێ) ناوبراوە.
2 - دێرە گچكەڵە:
دێرە گچكەڵە دەكەوێتە ناو زەوییەكی فراوانی باكووری خۆرئاوای هە‌رمۆتە و چەند هە‌نگاوێك لە هە‌رمۆتەوە دوورە، شوێنەوار و بناغەی چەند كڵیسایەكی لێماوە، بۆیەش هە‌ر له ‌كۆنەوە به ‌دێرە گچكەڵە ناوی دەركردووە، چونكە دێر و كڵیسای لێبووە، پێكهاتەی زەوییەكەی به ‌زۆری خڕه ‌بەردوو كوچەك و كەڵەكە، واپێدەچێت لەكۆندا هە‌مووی خانوو بووبێت و بە تێپەڕبوونی کات دارو دیوارەكان بەسەریەكدا رمابن؛ بەڵام ئەوەی بەئاشكرا دیاربێت، شوێنەواری بناغەی دوو كڵیسایە كه ‌بە قسڵ و گەچ دروستكراون، یەكێكیان شێوەی چاڵێكی وەرگرتووە و تەپیووە بەناو یەكدا و تائێستاش لەناو خەڵكدا ناوی ئەم دوو كڵێسایە پشتاوپشت ماوەتەوە بەناوی (مار میخائیل) و (مار یۆسب). 
شوێنەوارەکەشیان تائێستا كنە و پشكنینیان بۆ نەكراوە. ‌ساڵی 1994 گۆزە‌یەك دراو دۆزراوەتەوە، کە ‌دەركەوت ئەو دراوانە مێژووەكەیان هی سەردەمی حوكمڕانیی ساسانییەكانە.
-3 مەڕبێنە قەدیشەی دارەبەنێ
ئەمە نزیكەی یەك كیلۆمەتر لە دێرە گچكەڵە دوورە و دەكەوێتە باكوری خۆرئاوای هە‌رمۆتەوە. بەوەش ناوەكەی له ‌(مەربێنە قەدیشە) جیادەبێتەوە كە ئەمەیان بە (مەڕبێنە قەدیشەی دارەبەنێ) ناوی دەركردووە، هە‌ر لەكۆنەوە کرستیانیەكانی هە‌رمۆتە سەردانیان كردووە، هە‌رچەندە بینای نییە، تەنها چەند گۆڕێکە لەگەڵ درەختێكی زەیتون و دوو درەختی توو، بەڵام خەڵكەکە دەچن دوعا و نوێژی لەسەر دەكەن و مۆمی لەسەر دادەگیرسێنن.
4 - مەڕشموونی (مارت شمونی):
ئەمەیان دەكەوێتە باكووری خۆرهە‌ڵاتی هە‌رمۆتەوە، بەتەنشتییەوە گۆڕستانی لێیە به ‌گۆڕستانی مەڕشمونی ناسراوە، ئەمەشیان خەڵك سەردانی دەكەن و مۆمی لەسەر دادەگیرسێنن و شوێنەكەش هە‌مووی جێگەی گۆڕی كۆنە.
5 - کڵێسای مەریەمەی پاكیزە لە هەرمۆتە:
ئەم كڵیسایە لە ساڵی (1868) لە گوندی هە‌رمۆتە دروستكراوە، درێژییەكەی (18.50) مەترە و پانییەكەشی (7.40) مەترە و بەرزیی دیوارەكانیشی لە دیوی ژوورەوە (3.98) مەترە و پانی دیواری كڵیساكە (1.10)مەترە و بچووكترین پایەی(47) سانتیمەترە، پانترین پایەشی (145) سانتیمەترە.
 ئەم كڵێسایە له ‌كاتی خۆیدا بە بەرد و گەچ دروستكراوە، سەربانەکەشی بەگومەز هاتۆتەوە، حەوشەکەشی گۆڕستان بووە، بەڵام لەساڵی(1979) دا لەسەر دەستی قەشە(مەتێ كۆسە رەبان) نۆژەنكراوەتەوە و گومەزەكەی سەری تێكدراوە و چیمەنتۆ كراوە. 
گۆڕەكانیش چیمەنتۆ كراون و كێلە قەبرەكان شوێنەواریان نەماوە و لابراون. 
لەساڵی (2009)دا دیسان نۆژەنكراوەتەوە و لە رووی دیزاینیشەوە ناوەوەی بیناكە هە‌ندێک دەستكاری كراوە.
6 - كڵیسای مار یوسف 
كڵێسای مار یوسف، دەكەوێتە ناوەڕاستی گەڕەكی دیانان له ‌شاری كۆیە، ئەم كڵێسایە سەرەتا به ‌قوڕ  دروستكرابوو، بەڵام (پێش ساڵانی (1913) بەردیان كێشابووە بۆئەوەی كڵیسای پێ دروستبكەن، دەڵێن حكومەتی عوسمانی كە ویستی بناغەی خوێندنگە‌ دروستبكات، بەردی کڵێساكەشیان بردووە، بۆیە دروستكردنی كڵێساکە بۆ ماوەیەك دواكەوتووە.

 

خوێندنگە و فەرمانگەكانی هە‌رمۆتە
-1 باخچەی ساوایانی هە‌رمۆتە:
باخچەی ساوایانی هە‌رمۆتە له ‌ساڵی(2003) دامەزراوە، یەكەم بەڕێوەبەری ناوی (پەروین ئەورهها مەتێ) بوو، تا ساڵی (2010) بەردەوام بوو، لەدوای ئەو ساڵەوە (پەرژین مربێن حەنا) بووەتە بەڕێوەبەری ئەم باخچەیە، سەرەتا لەگەڵ خوێندنگەی سەرەتاییدا بوو، بەیانیان تایبەت بوو بە باخچەی ساوایان، پاش نیوەڕوانیش خوێندنگەی سەرەتایی بوو، دواتر خوێندنگەکە گواسترایەوە بۆ خوێندنگەی ناوەندی كە دواتر بوو بە بنەڕەتی واتە له پۆلی ‌یەكەمی سەرەتاییەوە هەتا پۆلی نۆ دەگرێتەوە و ئێستا بینای باخچەکە سەربەخۆیە، سەرەتاش تەنها منداڵانی كوردانی ئاوارەی رۆژهە‌ڵات و گوندی هە‌رمۆتەیان وەرگرتبوو، دواتر منداڵانی گەڕەكەكانی تری كۆیەشی بۆ هات، یەكەم خولی دەرچوونیان له ‌ساڵی ( 2003 )بوو.
2 - خوێندنگەی هە‌رمۆتەی سەرەتایی و ناوەندی (بنەڕەتی):
له ‌ساڵی 1947 له هە‌رمۆتە خوێندنگە كراوەتەوە و یەكەم مامۆستاش (قاقوز بنیامین)ی خەڵكی ناحیەی عەنكاوە بووە. سەرەتا خوێندنگەکە بینای بۆ دروست نەكراوە، بەڵكو لە ژوورێكی کڵێسادا دانراوە و دەست به ‌خوێندن كراوە، كۆی خوێندکارەکانی (35) کەس بوون، زۆربەیان تەمەنیان گەورەبووە و تا (14 – 15) ساڵیشیان تێدابووە، تەنیا دوو خوێندکاری كچ چوونەتە خوێندنگەکە ئەوانیش (تریزیا عودیش و فەریدە گورگیس) بوون.
خوێندنگەکە یەك بەردەستی هە‌بووە ئەویش شەهید حەننا یوسف بووە، مامۆستا قاقوز بەتەنها خۆی وانەی وتووەتەوە و بەڕێوەبەریش بووە تا پۆلی چوارەم، دواتر مامۆستایەكی دیکە هاتووە بەناوی مامۆستا (جەبار كەریم) بۆ پۆلی شەشەم کە ژمارەی خوێندکارەکانی حەوت کەس بووە، سیانیان بۆ خوێندنگەی ئولا (كویسنجق الاولی) و چوارەكەی تریش چوون بۆ خوێندنگە‌ی (زانست)، بەڵام ئەو سەردەمە ئەو دوو خوێندنگە‌یە هە‌بوون له ‌كۆیە، ئەوكات هاتوچۆ بەپێ دەكرا، (رۆژێ دوو دەوام بووە دوو خوێندکاری ئیسلامی تێدابووە ئەوانیش (ئیبراهیم ئەحمەد و قادر عەبدوڵڵا) بوون.
 ساڵ بەساڵ کڵێسا ژووری بۆ دروستدەكرد، تا ساڵی 1972 خوێندنگە‌یەكی بچووكیان بۆ دروستكرد و له ‌ساڵی 1978دا مامۆستا (شەفیق سابیر) کە سەرپەرشیار بووە، سەردانی خوێندنگە‌کەی كردووە‌ و کێشەکەی تاڕادەیەک چارەسەر کردووە و خوێندنگەی ناوەندیی بۆ کردوونەتەوە.
 مامۆستا ئەمیر حەنا لەو بارەیەوە دەڵێت: بۆ كردنەوەی خوێندنگە‌ی سەرەتایی لە ساڵی  1947  (كەریم ئیسحاق قەساب) کە موختاری هە‌رمۆتە بوو، هە‌وڵێكی زۆری بۆدا، ئەگەر ئەو نەبوایە، ئێمە نە خوێندەوار دەردەچووین.
4 - بنكەی تەندروستیی شەهید سەلیم حەنا:
ئەم بنكەیە له ‌ساڵی (1996) لە هەرمۆتە دامەزرا، سەرەتا بینای نەبوو، بۆ ماوەی (4) ساڵ لە ژوورێكی بچووكدا بوو، دواتر له ‌ساڵی (1999)، بینایەكی بۆ دروستكراو پێداویستییەکانی بۆ دابینكرا، ئەم بنكەیە لەلایەن سەرۆک مام جەلال -ەوە لە (28/8/1999) دا كرایەوە، بۆ یەكەمجاریش بوو سەرۆک مام جەلال سەردانی گوندی هە‌رمۆتە بكات، لەگەڵ چەند بەڕێزێكی تردا هاتنە هۆڵی هە‌رمۆتە و بۆ ماوەی زیاتر له ‌نیو سەعات باسی پێكەوەژیانی کرستیان و موسڵمانانی گوندەکە و تێکەڵاوییانی كرد لەگەڵ خەڵکی کۆیە. 
یەكەم لێپرسراوی ئە‌و بنكەیە ئەكرەم فەتاح حەمەدەمین مستەفا بوو كە تا ساڵی 2013ش هە‌ر بەردەوام بوو.
-4 سەنتەری لاوانی هە‌رمۆتە:
سەنتەرەکە لە 31/5/2006 مۆڵەتی یاسایی پێدراوە،   ئەم سەنتەرە لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا، كۆمەڵێک چالاكیی جوانی پێشکەش کردووە، هە‌رله ‌كردنەوەی خولی كۆمپیوتەر، موزیک، وێنەكێشان، دروستكردنی تیپی وەرزشی، كردنەوەی پیشانگە و گرنگیدان بە بۆنەكان و یادكردنەوەیان، رۆژانەش گەنجێكی زۆر سەردانی دەكەن.

تێکەڵاویی موسڵمان و کرستیانەکان بە جۆرێکە کە لەڕووی ئایینییەوە (مەربێنە قەدیشە) ‌لەنێو موسڵمانانی کۆیەدا بە (شێخ محەمەد) ناسراوە و کرستیانەكانی كۆیە و هە‌رمۆتە جلوبەرگێكی تایبەتی خۆیان نییە بەڵکو  ژن و پیاویان هەمان پۆشاکی کوردی دەپۆشن

 

کڵێسا کۆنەکەی مریەم مریەم ئەلعەزرا لە هەرمۆتە

 

بەسەرهاتە مێژووییەکان
كۆیە ئەو شارە خنجیلانەی بەدرێژایی مێژوو شوێنی پێكەوەژیانی ئایینەكان بووە، لەمێژە جو‌و، کرستیان و موسڵمانی تیاژیاوە، دیارە نیو سەدە زیاترە جولەكەكان كۆچی بەزۆرەملێیان پێكرا بۆ فەلەستین، بەڵام کرستیانیەكان لەم شارە ماونەتەوە و بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ خەڵكانی سەربه ‌ئایینەكانی تردا هاوخەم هاوكاری یەكتربوون، له ‌سەرجەم شۆڕشەكانی كورددا کرستیانەكانی كۆیە و هە‌رمۆتە بەشداربوون و شەهیدیان بەخشیووە.
لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە، کرستیانەكان لەگەڵ خوشك و برا موسڵمانەكانیاندا زۆر تەبا بوون، ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەی لەنێوان موسڵمانان و کرستیانەكاندا هە‌یە، لەسەر بنەمای رێز و خۆشەویستی و تەبایی بووە. 

لەڕووی ئایینیەوە: كۆیە هەر لە زووەوە مەڵبەندی رۆشنبیری بووە، چەندین مەلای رۆشنبیر لەم شارەدا هەڵکەوتوون کە رۆڵی بەرچاویان هە‌بووە له راگرتنی تەبایی و خۆشەویستی، لەسەرووی هە‌مووشیانەوە جەنابی مەلای گەورە بووە. 
(مەربێنە قەدیشە)ش كه ‌لەنێو موسڵمانانی ئەوێدا بە (شێخ محەمەد) ناسراوە، هە‌ردوولا سەردانی دەكەن و باوەڕیان پێیەتی، ئەمەش بەڵگەی تێكەڵاویی كەلتوورەكەیانە.
 لەڕووی داب و نەریت و جلوبەرگیشەوە، کرستیانەكانی كۆیە و هە‌رمۆتە جلو بەرگێكی تایبەتی خۆیان نییە، بەڵكو پیاوەكانیان رانك و چۆغەیان لەبەركردووە و ژنەكانیشیان جلی كوردیی ژنانەیان پۆشیوە.
لەرووی زمانەوە: به ‌زمانی سریانی دەدوێن، بەڵام زمانی كوردیشیان زۆر باشە و هەست بەوە ناکرێت کە ئەوان زمانێکی دیکە لەناو خۆیاندا بەکاردەهێنن.
لەڕووی داب و نەریتەوە: کرستیانەكانی كۆیە و هە‌رمۆتە ئاوێتەن بە كەلتوری كوردەواری و كاریگەریی دەوروبەر بەسەریانەوە‌یە، هە‌ر لەڕێوڕەسمی ژن خواستن و سێ رۆژانە و  پرسە و چلە و...هتد، هاوبەشن. 
لەڕووی هونەرییەوە: چەندین كەسایەتیی هونەری لەو شارەدا هە‌ڵكەوتوون و گۆرانیان بە کوردیی پاراو چڕیووە لەوانە: مەڕبێن، پوتێ، سێوه، باکووری و...هتد.‌

 

سەردانێکی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی بۆ گوندی بۆگد

ئەدەبیات و فۆلكلۆری گوندی هە‌رمۆتە
هە‌رمۆتە لەكۆندا زۆر فۆلكۆرزان و مەقام زان و چیرۆكخوانی تێدا بووە، كە به ‌زمانی كوردی و سریانی وتوویانە، لەبارەی حیكایەتەوە (ئێلیا فەرە‌نسی) حیكایەتی زۆر زانیووە، شەوانی زستان خزم و كەسەکانی چوونەتە ماڵیان به ئەڵقە بۆی گێڕاونەتەوە، حیكایەتی وا دوورودرێژ كە بە دوو سێ شەو تەواوبووە، جگە لەویش، گۆرگیس ئێلیا، ئیبراهیم سلێمان مەتی، تۆما یوسف تۆما، لۆسیا فەرەنسی ئێلیا، ئەمانەش حیكایەتی فۆلكلۆرییان زانیوە، بەڵام تۆمار نەكران و هە‌مووشیان كۆچی دواییان كردووە، ئەگەرچی هەندێک لەو حیكایەتانە بۆ نەوەكانیان بەجێماون‌.
سەبارەت بە پەندی پێشینانیش له ‌گوندی هە‌رمۆتە، زۆر پەندی سریانی هەن كە له ‌زمانی كوردیدا نییە، شیعر و گۆرانیی سریانیش هەیە، بەڵام گۆرانیی سریانی لەهە‌رمۆتە زۆر كەمە، له ‌چەند بڕگەیەك نەبێت، زۆر له ‌بەستە كوردییەكان كاتێک كە کرستیانەكانی گوندی هە‌رمۆتە دەیڵێن، له ‌چەند وێستگەیەكیدا بڕگە بڕگەی سریانی دەبیستین، بەڵام سەبارەت بە گۆرانیی فۆلكلۆری كوردی ئەوا  (ئێلیا فەرەنسی) گۆرانیی فۆلكلۆری كوردی زۆر زانیووە، بەشێكی ئەم گۆرانییانە پارێزراون، (سەخەریا عیسا كەریم) شارەزاییەكی زۆری هە‌یە لە فۆلكلۆری كوردی و ژمارەیەكی یەكجار زۆر گۆرانی دروێنە و ساوار كوتان دەزانێت کە بەشێكیان هێشتا پارێزراون، بێگومان حەنیلە خڕە و سێوە و باكووری و مەڕبێن، ئەمانیش خزمەتێكی گەورە و بەرچاوی گۆرانی و موزیكی كوردییان كردووە كە بەجودا لەوانیش دواوین.
سەبارەت به ‌شانۆش، ئەوا ساڵانە لەنێو کڵێساکەدا چەندین نمایشی ئاینی هە‌یە. سەبارەت به ‌نواندن و شانۆگەرییش، ئەوا لەنێو ئایینی کرستیاندا كۆمەڵێک نواندن هەن‌ كە ‌ساڵانە لەنێو کڵێسادا نمایش دەكرێن، بە‌ڵام دیارترینیان، نواندنی (گەیاسە) یە.
هە‌ر لە ‌ساڵانی كۆتایی هە‌شتاكانەوە لە ‌بۆنەكاندا شانۆگەری بە ‌شێوە سەرەتاییەكەی پێشكەش كراوە، واتە تەنها ماكیاژ و نمایش بووە و ئایتمەكانی تری شانۆ بەشداریی تێدا نە‌كردووە.
پەیوەندیی کرستیانەكانی هە‌رمۆتە موسڵمانەكان
لە ‌شۆڕشی ئەیلول و شۆڕشی نوێشدا، چەندین كەس لە کرستیانەكانی كۆیە و هە‌رمۆتە بوون به ‌پێشمەرگە و ژمارەیەكیشیان شەهیدبوون. 

مامۆستا هێمن بۆگدی و قەشە دنحە تۆماس قەشەی کۆیە

لەڕووی كۆمەڵایەتییەوە
کرستیانەكان لەگەڵ موسڵمانەكاندا زۆر تەبابوون، ئەو پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەی لەنێوانیاندا هە‌یە، لە‌سەر بنە‌مای رێز و خۆشەویستی بووە.
لەم بارە‌یە‌وە‌ مستەفای كوڕی مەلای گەورەی كۆیە دەڵێت: «باوكم زۆر رێزی لە کرستیانەكان و جووە‌كانیش دەگرت، كاتێك كە‌ دەهاتنەلای لەسەرەوەی مەجلیسەوە دایدە‌نان، كە ‌دەشڕۆیشتن، ‌تا بەر دەرگا بە‌ڕێی دەكردن، سە‌ردە‌مێكیش هە‌ندێک كەس كه ‌مانای ئایین نازانن، هێرش دە‌كە‌نە سەر ماڵی فەرەجە جوو، باوكم خێرا پێڕاگەیشت و وەڵامی بۆ كاكە ‌زیاد و مەلا حە‌وێز نارد، تا بەرگرییان لێبكەن. بۆیە هەرخۆی باوكم بەرگریی لێدە‌كردن و رێزیشی لێ دەنان و بە‌چاوی رێزەوە تەماشای دەكردن و دەیوت: هیچ جیاوازیی نییە، ئەوانەش‌ هە‌موویان پەیڕەویی ئایینی ئاسمانی دەکەن و پەیا‌مبەری خۆیان هە‌یە و خودا دەناسن، زۆریش لەگەڵ قەشە دادەنیشتن و لەهە‌موو بۆنە و چەژنەكانیشدا دەهاتنە لامان و بەسەریان دەكردینەوە».
 كاتی خۆی مەلای گەورە دەچێتە لای(لاین) كە لێپرسراوێکی ئینگلیز بووە، تە‌ماشا دەكات بازرگانێكی كۆیی لەوێیە، رۆژێك پیاوێكی کرستیان سە‌ردانی باوكم دەكات، باوكیشم زۆر رێزی لێ دەگرێت و لە‌سە‌رەوەی مەجلیسەکە دایدەنێت، كابرای بازرگان دێتە لای مەلای گەورە و پێی ئەستەم دەبێت له ‌خوارەوە دابنیشێت و پیاوە کرستیانە‌كە‌ش لە‌سە‌رەوە بێت، دەچێت لە ‌شوێنی كەسە کرستیانەكە دادە‌نیشێت و پیاوە کرستیانە‌كەش رە‌وانەی لای خوارەوە دەكات، مەلای گەورە‌ زۆر تووڕە دە‌بێت و بازرگانەكە دەردەكات و پێی دەڵێت: «هە‌تا دوێنێ وە‌ك حە‌قیڕان راوەستابووی لەلای(لاین)، ئەدی ئەویش وەكو وان کرستیان نەبوو؟ كە‌چی چاوەڕوانت دەكرد بیبینی و دەست بەسینگەوە بگری و كڕنووشی بۆ ببەی، ئە‌دی بۆچی پێت زوڵمە ئەو برا کرستیانە‌ لە ‌سەرە‌وە ‌دابنیشێت؟ بۆیە دە‌ریدەكات و پێی دە‌ڵێت جارێكی تر روو نەكەیتە ماڵەكەم.
هەر لەوبارەیەوە خوالێخۆشبوو د. عیزەددین مستەفا رەسوڵ دە‌ڵێت: «جارێكیان مام جەلال وتی: جێی داخە کرستیان لە ‌كوردستاندا كەم دەبێتەوە، بوونی کرستیانەکان له ‌كوردستاندا دیمەنی ئەو برایە‌تییە‌یە‌ كە ‌لێرە هە‌یە‌ کە رەنگە له ‌شوێنەكانی تر بەو جۆرە نەبێت».
لە‌ڕووی هونەرییەوە:
چەندین كە‌سایەتیی هونەری لەم شارەدا‌ هە‌ڵكەوتوون و گۆرانییان چڕیووە لەوانە: مەڕبێن، هە‌روەها(پوتێ) كه ‌مامی سێوە بووە، سێوەی هونەرمەند كه ‌مەقامە خۆشەكانی بە ‌ناوەڕۆكێكی جوان و هە‌ستەكانی دەربڕیوە‌ و ئاوێتە بوون بە كەلتوری ئیسلامی وەک (جومعەیە لەگەڵ فەقێیان دەخوێنین)، (حەسرەتی ئیسرافیل) و (كێوی توڕ) و...هتد و چەندین زاراوەی تری ئیسلامی، کە توانیویە‌تی سوود لە ‌ئاوازەكانی کڵێساش وەربگرێت و ئاوێتەی بكات به ‌مە‌قامەكانی.(سێوە) شەماسی کڵێسا بووە، پەیوەست بووە‌ به ‌کڵێسا و کرستیانی، كەچی لە دیوەخاناندا لەگەڵ (مەلا ئەسعەد) پێكەوە دانیشتوون و گۆرانی و مەقامیان وتووە و زۆر رێزی یەكتریشیان گرتووە و زۆر تەبابوون.

پێنج جامانە بەسەرەکەی گوندی هەرمۆتە

  جەژنەكانی کرستیان و یادكرنەوەیان لە نێو کرستیانەكانی هە‌رمۆتەدا
هە‌ڵبەتە جەژنی سەری ساڵ و جەژنی هە‌ڵسانەوە، ئەم دوو جەژنە لە جەژنە سەرەكییەكانن، بەڵام جگە لەم جەژنانە، چەندین جەژن و یادكردنەوەی تر هە‌ن كە تایبەتن بە کڵێسا و هە‌ندێكیان کڵێساكانی هە‌موو جیهان یادیان دەكەنەوە، هە‌ندێكیشیان تەنها کڵێساكانی عیراقدا دەیکەن.
 ئەم جەژن و یادكردنەوانە لە هە‌رمۆتە سیمای خۆیان هە‌یە، جەژنی یادكردنەوە، واتە جەژنێكی سەرەكی نییە، زیاتر بۆ بیر هێنانەوەن، کڵێساش تەقویمی خۆی هە‌یە، وەك چۆن ساڵ بەپێی مانگی كوردی بۆ دوازدە مانگ دابەشكراوە، بەم شێوەیەش لەنێو کڵێسادا هە‌ر مانگە و ناوێكی هە‌یە، ئێمەش یەكە یەكە ئەم بۆنە و جەژنانە دەخەینەڕوو.

1- یادكردنەوەی تەعمیدكردنی عیسا:
ئەم یادكردنەوەیە ساڵانە لە کڵێسا قوداسی بۆ دەكرێ و خەڵكێكی زۆر تێیدا بەشدار دەبن، (25/12) تا (6/1)، واتە ئەم (11) رۆژە كەشوهە‌وای جەژن وەردەگرێت، بەڵام رۆژی (25/12) و (1/1) تەواو گرنگییان پێدەدرێت، رۆژەكانی تر تەنها یادكردنەوەن.

2- باعوتا(باعوپا):
ئەم یادكردنەوەیە، دەكەوێتە مانگی (2) رۆژانی (دووشەممە، سێشەممە، چوارشەممە) لە گوندی هە‌رمۆتە خەڵك بە دوو جۆر بەڕۆژوو دەبن، هە‌یانە ئەم سێ رۆژە هیچ ناخۆن، هە‌موو رۆژێكیش بۆ نوێژكردن دەچنە کڵێسا، هەشیانە هە‌رسێ رۆژەکە بەڕۆژوو دەبن، بەڵام عەسران دوای قوداسی ئایینی دەیشكێنن، خەڵك لەم رۆژانەدا خێر دەكەن و گۆشت یان نان بەسەر ماڵاندا دابەش دەكەن، بۆ عەسرەكانیش خواردن دەبەنە کڵێسا بەتایبەتی یاپراخ، دوای تەواوبوونی قوداس خەڵك لێیدەخۆن.

3- یادكردنەوەی هە‌ینی مردووان:
ئەم یادكردنەوەیە دەكەوێتە كۆتایی مانگی (دوو)، واتە سێ رۆژ بەرلە هاتنی رۆژووی گەورە، ئەم یادكردنەوەیە رێزگرتنە لەو مردووانە و قوداسی ئایینیان بۆ دەكرێت، ئەگەر رۆژەكە خۆشبێت و هە‌تاو بەدەرەوە بێت، ئەوا لە بەیانییەوە خەڵك بەسەر قەبراندا وێڵ دەبن و هە‌ركەسێکیان دەچێتە سەر گۆڕی خزم و كەسی خۆی و دوعا دەكات و نوێژیان بۆ دەكات.

4- جەژنی هە‌ڵسانەوە
دەكەوێتە مانگی (2) كە 50 رۆژ دەخایەنێت و دوای تەوابوونی ئەم 50 رۆژە، جەژنی قیامە دێت، ئەم بەڕۆژووبوونەش بەم شێوەیە دەبێت: كەسی بەڕۆژوو نابێت لە 12 ی شەوەوە تا 12 ی نیوەڕۆ  هیچ شتێك بخوات، لە دوای ئەو 12ی نیوەڕۆیە، رۆژووی دەشكێنێت، چەند مەرجێك هە‌یە بۆ رۆژوو شكاندن، نابێت ئەو شتەی لە خوێن دروست دەبێت، واتە بەروبوومی ئاژەڵی لە گۆشت و ماست و شیر و هێلكە و رۆن و...هتد بخوات، كەسێك یەكێك لەم شتانەی خوارد، رۆژووەكەی دەشكێت، بەڵام لە دوای 12ی شەوەوە گۆشت یان هە‌ر شتێكی تری خوارد ئەوا رۆژووەكەی ئەو رۆژەی قبووڵ دەبێت، بەڵام هی سبەینێی دەشكێت.

5- یادكردنەوەی (ماریوسف ) دەستگیرانی (مەریەمەی پاكیزە):
دەكەوێتە مانگی (3)، یەك مانگی بۆ دانراوە، واتە ئەو مانگە جا چ لە رۆژانی یەكشەممە یا رۆژانی تردا بێت، كاتێك كە قوداس دەكرێت ناوی دەهێنرێت، وەك تەقویمی کڵێسا بە مانگی ماریوسف ناسراوە، لە نێو تەقویمی مانگی كوردیدا مانگی (3) بە مانگی نەورۆز ناسراوە. یەكشەممەی (عۆشانا)ش دەكەوێتە مانگی چوارەوە.
6 - پێنجشەممەی تێپەڕین (عبور) (پسحە):
دەكەوێتە مانگی چوارەوە لەو رۆژەدا رۆنە پیرۆزەکانی کڵێسا نوێ دەكرێنەوە، رۆنی تر دەهێنرێت و تەقدیس دەكرێن، لەوانە رۆنی (تەعمید، میرۆن و نەخۆشان)، رۆنی میرۆن كاتێک منداڵ تەعمید دەكرێت، هە‌ندێک رۆنی لەنێوچاوانی دەدرێت، رۆنی نەخۆشان بۆئەوەیە كاتێک كەسێك لەسەرەمەرگدا بێت، لە هە‌رمۆتە وا عادەتە قەشە سەردانی دەكات و دوعای بۆ دەكات و هە‌ندێك رۆن لە ناوچاوانی دەدات، ئەمە تەنها بۆ ئەو نەخۆشانەی كە لەسەرەمەرگدان، لەكاتی تەعمیدكردنی منداڵاندا قەشە كەمێك لەم رۆنە لە ناوچاوانی منداڵە تەعمیدكراوەكە دەسوێت. لە رۆژی گۆڕینی ئەم رۆنانەدا لە کڵێسا، قوداسێكی بۆ دەكرێت.

7-سولاقە:( بەرزبوونەوە) شەڕە ئاو:
جەژنی گەورە دەكەوێتە مانگی چوارەوە، چل رۆژ دوای جەژنی گەورە، جەژنی سولاقە دێت، جەژنی بەرزبوونەوە، كاتێک عیسا هە‌ڵسایەوە، چل رۆژ لەنێو خەڵكدا ژیا و دواتر بەرزبووەوە بۆ ئاسمان، خەڵك ئاویان رشت، چونكە ئاو خێر و بەرەكەتە، لەنێو كوردەواریی موسڵمانیشدا ئەم نەریتە هێشتا ماوەتەوە.
-8 جەژنی سەلیب(ئاگری پاییز):
ئەم چەژنە دەكەوێتە(13/9) كاتێک خۆی مەلیكە (هێلین) ویستی ئەوە ئاشکرا بکات كە ئەوسێ خاچەی عیسا و دوو كەسەكەی تریان پێ لە خاج درا، تا بزانێت كامیان هی عیسایە.

سەرژمێریی گشتی (التعداد Census) بریتییە لە پرۆسەیەكی گشتی بۆ كۆكردنەوە و ئامادەكردن و هەڵسەنگاندن و شیكردنەوەی داتا دیمۆگرافی و ئابووریی و كۆمەڵایەتییەكان لە دەوڵەتێكدا یان لە بەشێك (هەرێمێك)ی ئەو دەوڵەتەدا


یەكەمینەكانی گوندی هە‌رمۆتە
لێرەدا هە‌موو ئەو شتانە دەخەینەڕوو كە بۆ یەكەمجار پەیدابوون جا چ تەكنۆلۆجیا و پێشكەوتنی ئامێرەكان بێت، یاخود كەسێك بۆ یەكەمجار بە پلەیەك گەیشتبێت. 
یاریی كۆسانێ یەكێكە لەو یارییە فۆلكلۆرییانەی گوندی هە‌رمۆتە، مێژوویەكی كۆنی هە‌یە و لە تەواوی جیهاندا ئەم یارییە ناكرێت، تەنها لە هەرمۆتەدا نەبێت.
لەساڵی (1956) بۆ یەكەمجار لەلایەن (حەنا كەریم ئیسحاق) رادیۆ هێنراوەتە گوندی هە‌رمۆتە، كە ئەوكات رادیۆی بە گۆلكیان پێدەگوت، رادیۆكە دوو پارچە بوو پارچە گەورەكە رادیۆ بوو، پارچە بچووكەكە پاتری رادیۆكە بوو. لەساڵی (1965) مەربێن حەنا كەریم یەكەم كەس بوو تراكتۆری كڕیووە. یەكەم بیرە ئاو كە بەسەتڵ و گوریس ئاویان لێ دەردەهێنا، لەساڵی 1960 لەلایەن (عەمان حەنا سلێمان) لێدراوە.
(ئەمیر حەننا سلێمان) یەكەم مودەریس بووە لە بواری جوگرافیا لە1967. 
یەكەم ماتۆڕسكیل لە ساڵی (1970) لەلایەن (سڵێوە عیسا كەریم) هێنراوەتە هە‌رمۆتە.
لەساڵی 1975دا بۆ یەكەم جار دەڕڕاسە هێنراوەتە هە‌رمۆتە و گەنم و جۆی دووریوەتەوە.  
ساڵی 1970 یەكەم سەلاجە لەلایەن (گەوریل یوسف پەترۆس) هێنراوەتە ئەو گوندە. 
ساڵی 1976 (عەمان حەننا سلێمان یەكەم تەلەفزیۆنی رەش و سپی بردووەتە گوندەکە.
هەرلە ساڵی 1976 (شەمعون گورگیس نیسان) یەكەم ئاشی كارەبایی هێناوەتە هە‌رمۆتە کە ئاشێكی بچووك بووە و ساواریان پێ هاڕیووە و ئاڵفیان پێ دروستدەکرد. ئەم ئاشە لە موسڵ بە 300 دیناری ئەوکاتە كڕدرابوو.
ساڵی 1979 یەكەم ئۆتۆمبێل لەلایەن (لەتیف مەتی موسا) كە جۆری داتسۆن پیكاب بوو، براوەتە هە‌رمۆتە. 
ساڵی 1975 فایز حەننا سلێمانیش یەكەم كەس بووە كە بووە بە ئەندازیار.
ساڵی 1967 (سڵێوە عیسا كەریم) یەكەم كەس بووە كە پایسكیلی كڕیووە. 
ساڵی 1969 لەلایەن (مەربێن عیسا حەننا) بۆ یەكەمجار چایخانە لە هە‌رمۆتە کراوەتەوە. 
لە ساڵی 1972 وەردییە حەننا سلێمان یەكەم كچ بووە كە بووە بە مامۆستا. 
ساڵی 1974 نەسرین یەڵدا پەترۆس، یەكەم كچی ئەو گوندە بووە کە بووە بە پەرستار.
ساڵی 1976 كارەبا گەیەندراوەتە هەرمۆتە.
ساڵی 1980 (عەمان حەننا سلێمان) غەسالەی بردووەتە گوندەکە.  
ساڵی 1985 یەكەم شایی ئەو گوندە بە ڤیدیۆ تۆماركراوە كە زەماوەندی (فەرەج عەزیز پەترۆس) بووە. 
ساڵی 1988 سەمیر لۆقا حەننا یەكەم كەسی ئەو گوندە بووە بڕوانامەی پزیشكیی نەشتەرگەریی بەدەستهێناوە. 
ساڵی 1998 دلێر شەمعون گۆرگیس یەکەم ئامێری سەتەلایتی جۆری ئەنەلۆگی بردووەتە گوندەکەوە. 
ساڵی 1999 لەلایەن (سڵێوە عیسا كەریم) سەتەلایتی دیجیتاڵ بە پۆزشنەری كۆنتڕۆڵ براوەتە هە‌رمۆتەوە. 
ساڵی 2002 چەند مۆبایلێك براونەتە هە‌رمۆتەوە. 
ساڵی 2007 یەكەم بیری ئیرتیوازی لەو گوندە لێدراوە. ساڵی 2012 (هاوژین سڵێوە عیسا، یەكەم كەسی هەرمۆتە بووە كە بڕوانامەی دكتۆرای بەدەست هێناوە لە ئەدەبی كوردیدا.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان